بەراورد و شیكارەكە ورد و زانستی نیە...
11/10/2025 12:45:00 PM
د. ئیسماعیل خورماڵی
یەكەم: بەراورد كردنی دەنگدانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ ھەڵەیە. چونكە ٢٠٢٤ تەنھا ھەرێمی كوردستان بوو.
ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ھەموو عێراقە، یەكێتی و پارتی دەنگێكی زۆریان ھەیە لە نەینەواو و كەركوك و دیالە و سەلاحەدین، جگە لە لیوای سەرۆك كۆمار و ئەوانەی لە بەغدادن. ئەو دەنگانەیان بۆ ئیزافە كراوە بۆیە ھێندە زیادیان كردووە.
دووھەم: دەنگدەری تایبەت بەزۆری لەلایەن پارتی و یەكێتی دامەزراون و لە سلكی سەربازین، بۆیە خۆویستانە یان بە فشار و پارە وەك لە ڤیدیۆكاندا دەركەوتن دەنگیان پێدراوە بەو دوو حیزبە.
سێھەم: گۆڕان كە بەشێك بوو لە یەكێتی زیاتر لە ٢٠ ھەزار دەنگدەری تایبەتی ھەبوو، پاشتر دابەش بوون بەسەر نەوەی نوێ و ھاوپەیمانی و ھەڵوێستدا و بەشێكیشی گەڕایەوە بۆ یەكێتی.
چوارەم: یەكگرتوو و كۆمەڵ ھیچ ئەندامێكیان لەو ھێزانەدا نیە، تەنانەت پۆلیس و پاسەوانی بارەگاكانیشیان خراونەتە سەر دەنگدانی گشتی. بۆیە ھەر دەنگێك بۆ ئەوان زۆرە و دەنگی باشیان ھێناوە، بەتاێبەت یەكگرتوو كە دوو ھێندەی ڕابردووە.
پێنجەم: سەبارەت بە كاندیدەكان ناتوانرێت ئەو دەنگانە بكرێتە پێوەر بۆ دەنگدانی گشتی، چونكە دیارە ئاراستە كراون.
ئەو خاڵانەی سەرەوە و زۆر خاڵی تر پێمان دەڵێن كە دەنگدانی تایبەت پێوەر نیە بۆ دەنگدانی گشتی، بەراوردیش بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو دروست نیە. بەتایبەت بۆ ئۆپۆزسیۆن بەگشتی و ئیسلامییەكان بەتایبەتی تر، چونكە دەنگ و ڕێژەی ئیسلامییەكان لە گشتیدا زۆر ھەڵدەكشێت.