15وتار

بۆچی ھەڵبژاردن گۆڕانكاری دروست ناكات!؟

10/25/2025 10:56:00 PM
د.ئیسماعیل خورماڵی

ئایا دیزاین ڕاستە!؟
ئەگەر ڕاست نیە بۆ پارتی و یەكێتی زۆرینەن؟

مرۆڤ كاتێك داتا و زانیاری لە بەردەست نیە، یاخود توانای تێگەیشتن و شیكاری داتاكانی نیە، ئیتر پرۆسەی ھەڵبژاردن لای دەبێتە شانۆیەك، وایدەبینێت ئەم پرۆسەیە دیزاینكراوە و ھەمیشە پارتەكانی دەسەڵات تێیدا براوەی یەكەمن و لایەنەكانی تریش لە پەراوێزێكدا بۆ دیكۆر و جوانی نمایشەكە بونیان ھەیە. بەڵام كاتێك بە تێڕوانینێكی قووڵ و تێگەیشتنێكی وردەوە لە داتاكانی ھەڵبژاردن و وردەكاریی پرۆسەكە دەڕوانیت و توانای شیكارت ھەیە، تێدەگەین ئەو ئەنجامانە زۆر نزیكن لە واقیعەوە، بەڵام ئێمە نامانەوێت لە واقیعەكە تێبگەین.

ئاشكرایە لە كوردستان حیزبەكانی دەسەڵات ھەموو جۆرە ڕێگایەك بەكاردێنن بۆ ئەوەی ئەندام و لایەنگرانیان ببەنە سەرسندوقی دەنگدان، بە بەخشینەوەی پارە و دامەزراندن و پەیمانی ھەمەچەشنە، ھەروەھا فشار و ترساندن و چاودێری ورد تا كۆتایی پرۆسەكە. كەواتە ئەو دەنگانە ھەموو دەنگەكانی ئەوانە. لە بەرانبەردا بەرەی ناڕازی كە زۆرینەی ڕەھایە ناچنە دەنگدان و تەنھا كەمینەیەك دەنگ دەدەن. بەمەش كەمینەكەی دەسەڵات دەكەنە زۆرینە.
كەواتە ئۆباڵی ئەم وەزعە لە ئەستۆی بەرەی بایكۆت و كەمتەرخەمە.
بڕوانە ئەم داتایانە:
- [ ] لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢١ ژمارەی ئەو كەسانەی كە مافی دەنگدانیان ھەبووە بریتی بوون لە (٣،٢٢٧،٤٥١) دەنگ. 
- [ ] ژمارەی ئەوانەی دەنگیانداوە (١،٦٠١،٦٠٨) دەنگە. بە ڕێژەی ٤٧.٨٧٪‏.
- [ ] ژمارەی دەنگی دروست (١،٣٤٥،٨٥٩) دەنگ بووە. واتە ڕێژەی ٤١.٠٦٪‏.
- [ ] پارتی (٥٧٧،٩٥٣) دەنگی ھێناوە، كە ٤٦،٩٧٪‏ی دەنگی دروستە. بەڵام بۆ كۆی گشتی دەنگدەران دەكاتە ١٧.٩٪‏.
- [ ] یەكێتی (٢٣٦،٦٥٨) دەنگی ھێناوە بەڕێژەی ١٩.٢٣٪‏ دەنگی دروستە. بەڵام بۆ كۆی گشتی دەنگدەران دەكاتە ٧.٣٣٪‏.
ھاوكێشەكە زۆر سادەیە، پارتی و یەكێتی ھەردوكیان پێكەوە (٧٩٤،٦١١) دەنگیان ھێناوە. دەكاتە ڕێژەی ٢٥.٢٣٪‏ ی كۆی دەنگدەران. بەڵام بەھۆی بایكۆتی دەنگدان و كەمتەرخەمیی خەڵكی دەنگدەرەوە ئەو ڕێژەیە بەرز بووەتەوە بۆ ٦٦.٢٪‏.

كەواتە ئەوەی پارتی و یەكێتی لەدەسەڵاتدا ھێشتووەتەوە و شەرعیەتی پێداوە، ئەوانەن كە ھەڵبژاردن بایكۆت دەكەن، نەك ئەوانەی كە دەنگیان پێدەدەن. چونكە ئەوانەن كەمینەن و تەنھا ٢٥٪‏ بەدەست دەھێنن ئەگەر خەڵكی بچن بۆ دەنگدان.

ئێستا تێگەیشتی كە ھەڵبژاردن دیزاین نەكراوە و پارتی و یەكێتی یش زۆرینە نین، بەڵكو ئەوە ھەڵەی دەنگدەرانە كە نایانەوێت گۆڕانكاری بكەن و بانگەشە بۆ بایكۆت دەكەن

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن