11وتار

لە هەرسێ بازنەكەی هەرێمی كوردستان، دەنگ و كورسییەكان چۆن دابەش دەبن؟

11/5/2025 9:33:00 PM
د. ئیسماعیل خورماڵی

تەنها دوو ڕۆژ ماوە بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی 11/11/2025.  پێشبینی جۆراوجۆر دەكرێت بۆ ئەنجامەكان. وەك شارەزایەكی بواری هەلبژاردن لە هەفتەی ڕابردوودا، بە سێ بابەتی جیاواز شیكارییم بۆ بازنەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك كرد. لەسەر بنەمای ئەو شیكارییانە، لێرەدا شیكاریی و پێشبینی خۆم بۆ كورسییەكانی هەرێمی كوردستان دەخەمەڕوو:
پێش باسكردن لە داتاكان و شیكاركردنیان پێویستە ئەوە بخەمەڕوو:
1) ئەم شیكارییانە پاڵپشتە بە داتاكانی شەش هەڵبژاردن، كە لە (15) ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراون، هەروەها سیستمی سانتلیگۆ كە كاریگەری هەیە لەسەر لیستەكان.
2) ڕەچاوی ئەو گۆڕانكاریی و ڕوداو و پێشهاتانەی كردووە كە لەماوەی ڕابردوودا هاتنە ئاراوە.
3) تا ئێستا هەڵمەتەكە بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچێت، ئەگەر شتی نائاسایی بێتە پێشەوە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان دەبێت.
4) لەم ماوەیەدا كاندیدی لیستە جیاوازەكان چوونەتە پاڵ لیستی تر، ئەگەر ئەم حاڵەتە بەردەوام بێت، بەتایبەت بۆ كەسانی دیار و كاریگەر، ئەنجامەكان دەگۆڕێت.
5) ڕێژەی دەنگدان و هەڵمەتی بایكۆت یەكێكی ترە لە خاڵە گرنگەكانی ئەم هەڵبژاردنە. چەندە ڕێژەی دەنگدان زۆر بێت، هێندە پێشبینیەكان دروستتر دەبن، بەتایبەت بۆ كورسی لیستەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی.
6) پێویستە ئەوە بخرێتەڕوو، كە لە پاش یەكێتی و پارتی، تاكە هێزێك كە هەڵمەتی هەڵبژاردنی لەیەكەم ڕۆژی هەڵمەتەكەوە بەیەك ڕیتمی بەهێز و گشتگیر لە سەرتاسەری كوردستاندا بەڕێوە بچێت یەكگرتووە. سەرباری ئەمەش سێ سەرۆك لیستی بەهێز و بە ئەزموونی هەیە كە لە بەغداد بوون، سەرەڕای كۆمەڵە كاندیدێكی تری بەهێز و ناسراو. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت یەكگرتوو موفاجەئە و باسوخواسی ئەم هەڵبژاردنە بێت.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی سەرەوە باس لە هەرسێ بازنەكە پێكەوە دەكەین. بەگشتی لە هەرێمی كوردستان (3,068,384) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، كە (2,844,051) مەدەنین و (224,333) تایبەتن. ئەو ژمارەیە دەنگ دەدەن بۆ یەكلاكردنەوەی (44) كورسی: سلێمانی (18)، هەولێر (15)، دهۆك (11).
هەر بازنەیەك تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە هەر بازنەیەك لیستێك زۆرینەیە. بەپێی ئەو شیكارییانەی كە پێشتر خرانەڕوو، (باش وایە خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ ئەو شیكارییانەی ڕابردوو، تا بزانێت ئەو دابەشكردنە لەسەر چ بنەمایەك كراوە). پێشبینی دەكەم كورسی بازنەكان بەم شێوەیە بن:

سلێمانی:
یەكێتی (7)، نەوەی نوێ (2)، پارتی (2)، یەكگرتوو (2)، كۆمەڵ (1)، هەڵوێست (1).
ئەو سێ كورسیەی كە ماونەتەوە، یەكێتی و پارتیش چانسیان هەیە بۆ بردنی، بەڵام ئەگەری زۆرە زیاتر بۆ لیستەكانی تر بێت.

هەولێر:
پارتی (7)، یەكێتی (3)، نەوەی نوێ (2)، یەكگرتوو (1)، كۆمەڵ (1)، هەڵوێست (1).

دهۆك:
پارتی (8)، یەكگرتوو (2)، كورسیەكیش بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە بۆ ئەگەرەكان.
ئەگەر یەكێتی بتوانێت دەنگەكانی بگەیەنێتە (40) هەزار دەنگ، ئەوا ئەو كورسیە دەبات. ئەگەر یەكگرتووش بتوانێت دەنگەكانی زیاتر سەر بخات، چانسی بردنی ئەو كورسیەی هەیە، وەگەرنا پارتی دەبێتە خاوەنی.

بەگشتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، دەتوانین بڵێین پێشبینی بۆ كورسیەكان بەم جۆرەن:
پارتی: 18 بۆ 19 كورسی.
یەكێتی: 11 بۆ 12 كورسی.
یەكگرتوو: 5 بۆ 7 كورسی.
نەوەی نوێ: 4 بۆ 5 كورسی.
كۆمەڵ: 2 بۆ 3 كورسی.
هەڵوێست: 2 بۆ 3  كورسی.

لە كۆتاییدا:
پێشبینیەكان بەپێی داتا و زانیاریی و ڕووداو و پێشهاتەكانی ڕابردوو، ئەوەمان بۆ ڕوون دەكەنەوە، كە دابەشبوونی ئەو كورسیانە بەو شێوەیە نزیكە لە واقیعەوە و چاوەڕوانكراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەری ئەوە هەیە، كە لەم چەند رۆژە كەمەی كە كەلەبەردەستدایە، ڕوداوگەلێك ڕوو بدەن لە قازانجی هەندێ لیست و زیانی هەندێكی تر. لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە بایكۆتی هەڵبژاردنەكان و كەمی دەنگدەر، زیانی گەورە بە لیستەكانی ئۆپۆزسیۆن دەگەیەنێت و كورسییەكان كەمتر دەبێت، لەبەرانبەردا بە قازانجی پارتی و یەكێتی كۆتایی دێت و كورسیەكانین هەڵدەكشێت و زیاد دەكات.
Write to Sirwan Rashid

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن