11وتار

دابەشكردنی كورسییەكان و سیستمی ڕێژەیی و سانتلیگۆ

10/22/2025 3:53:00 PM
ئیسماعیل حەمە

بڕیارە (11/11/2025) هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت. لەم بارەیەوە قسەوباس و شیكاریی و ڕاپرسی و پێشبینی زۆر دەكرێت. بەداخەوە، بەشێكی زۆریان كاری سەرپێیین، ئەو بەڕێزانە دیارە شارەزای سیستمی هەڵبژاردن و شێوازی دابەشكردنی كورسیەكان نین، بەڵام حەزیان كردووە قسەی لەبارەوە بكەن.

لێرەدا هەوڵ دەدەم زۆر بەكورتی قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەم.

 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەپێی سیستمی ڕێژەیی بوو، كە زۆر سادە و ئاسان بوو. كۆی ژمارەی دەنگی دروست دابەشی ژمارەی كورسی بازنەكە دەكرا، ئەو ژمارەیە دەبوویە بەهای كورسی ئەو بازنەیە. دەنگی هەر لیستێك دابەشی ئەو ژمارەیە دەكرا، بەپێی ژمارەی تەواو كورسی بەردەكەوت. چەند كورسیەك دەمایەوە بەپێی زۆرترین پاشماوە دەدرایە لیستەكان. 

سیستمی دابەشكردنی كورسیەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە، بە پێی سانتلیگۆی هەمواركراو دەبێت. كە سیستمێكی ئاڵۆزە، تا كۆتایی پرۆسەكە نازانرێت چۆن كوسیەكان دابەش دەبن. دەبێت خشتەیەك دروست بكرێت (بڕوانە خشتە هاوپێچ كراوەكان)، ناوی سەرجەم لیستە بەشداربووەكان بنوسرێت. لەبەردەمیدا ژمارەی دەنگی لایەنەكان دەنوسرێت. پاشان دەنگەكانی هەریەكەیان دابەشی ژمارە تاكەكان دەكرێت (1.7، 3، 5، 7، 9، 11، 13، 15، 17، 19، 21، ... هتد). بەڵام لە عێراقدا سانتلیگۆ هەموار كراوە، بۆیە لە بری ژمارە (1) كراوە بە (1،7) بۆ كورسی یەكەم. كە ئەمەش بەزیانی لیستە بچوكەكانە. واتە پێویستە دەنگێكی زۆر زیاتر لەوەی كە پێویستە بۆ كورسی یەكەم بهێنن. پاشتر كورسیەكانی ئەو بازنەیە دابەش دەكرێت بەپێی بەرزترین ژمارەكانی خشتەكە تا كۆتایی دێت.
بەنمونە:

ئەگەر بازنەیەك (10) كورسی بێت، ئەوا (10) گەورەترین ژمارەی دابەشكراوی خشتەكە دەبنە خاوەنی ئەو (10) كورسیە. 

بۆ كورسی یەكەم: ئەگەر لە سیستمی ڕێژەییدا بۆ كورسیەك (20) هەزار دەنگ پێویست بێت، لەم سیستمەدا جارانی (1.7) دەكرێت، واتە (34)هەزار دەنگ پێویستە.

بێگومان بۆ كورسیەكانی تریش بە هەمان شێوە. بەنمونە ئەگەر لیستێك (60) هەزار دەنگی هەبێت لە سیستمی ڕێژەییدا (3) كورسی دەبات. كەچی لە سانتلیگۆ بۆ كورسی دووهەم دابەشی (3) دەكرێت، واتە (20) هەزار دەنگ دەكات و لەوانەیە چانسی كورسی دووهەمی هەبێت. سێهەمیش دابەشی (5) دەكرێت، بەمەش تەنها (12) هەزاری دەمێنێتەوە، كە كورسی سێهەم نابات. كەچی لە ڕێژەییدا (3) كورسی دەبات.

ئەگەرچی لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانكاری بەرچاو بەسەر دەنگی لیستەكاندا دێت، لەبەر ئەو پێشهاتانەی لەم ساڵەدا ڕویدا، بەڵام ئەگەر ژمارەی دەنگی لیستەكانی هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمان كوردستانی بەكار بهێنین بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بەم سیستمە شیكاریی بۆ بكەین ئەوا دەگەینە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە (بڕوانە خشتەكان).

لە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە كورسیەكان بەم شێوەیە دابەش دەبن:

 یەكێتی: 8، نەوەی نوێ: 4، پارتی: 2، یەكگرتوو: 2، كۆمەڵ: 1، هەڵوێست: 1

كورسی كۆتایی (هەژدەهەم) بۆ یەكگرتوو بووە بە (16.845) دەنگ. 

لەكاتێكدا لیستی بەرەی گەل (21.085) دەنگی هەیە كورسی نەبردووە، ئەگەر ژمارەكە (1) بوایە نەك (1.7)، ئەوا كورسی سیازدەهەمی دەبرد. بەڵام بە هەموارەكە پێویستی بە زیاتر لە (28.640) دەنگە بۆ ئەوەی كورسی هەژدەهەم ببات.

كۆمەڵ (40.922) دەنگی هەیە كە نزیك دوو هێندە و نیوی كورسی هەژدەهەمە، كەچی یەك كورسی دەبات. 

ئەگەر ئەم بازنەیە بە سیستمی ڕێژەیی دابەشبكرێت، كورسیەكی یەكێتی ئەچێت بۆ بەرەی گەل.

لە بازنەی هەولێر كورسیەكان بەم شێوەیە دابەش دەبن:

 پارتی: 9، یەكێتی: 3، نەوەی نوێ: 3
كورسی كۆتایی (پازدەهەم) بۆ پارتی بووە بە (20.458) دەنگ. 
لەكاتێكدا لیستی یەكگرتوو (24.178) دەنگی هەیە كورسی نەبردووە، ئەگەر ژمارەكە (1) بوایە نەك (1.7)، ئەوا كورسی یازدەهەمی دەبرد. بەڵام بە هەموارەكە پێویستی بە (34.780) دەنگە بۆ ئەوەی كورسی پازدەهەم ببات.
لیستی یەكێتی و نەوەی نوی پێنج هێندەی كورسی پازدەهەمیان هێناوە، بەڵام تەنها (3) كورسییان بەركەوتووە.
ئەگەر ئەم بازنەیە بە سیستمی ڕێژەیی دابەشبكرێت، كورسیەكان بەم شێوەیە دەبن:
پارتی: 8، یەكێتی: 3، نەوەی نوێ: 2، یەكگرتوو: 1، كۆمەڵ: 1
لە بازنەی دهۆك كورسیەكان بەم شێوەیە دابەش دەبن:
پارتی: 9، نەوەی نوێ: 1، یەكگرتوو: 1
كورسی كۆتایی (یازدەهەم) بۆ پارتی بووە بە (23.656) دەنگ. 
لەكاتێكدا لیستی یەكێتی (28.557) دەنگی هەیە كورسی نەبردووە، ئەگەر ژمارەكە (1) بوایە نەك (1.7)، ئەوا كورسی حەوتەمی دەبرد. بەڵام بە هەموارەكە پێویستی بە (40.220) دەنگە بۆ ئەوەی كورسی پازدەهەم ببات.
ئەگەر ئەم بازنەیە بە سیستمی ڕێژەیی دابەشبكرێت، كورسیەكی پارتی دەچێت بۆ یەكێتی.
بەگشتی لەسەر ئاستی هەرسێ بازنەكە پارتەكان بەسیستمی سانتلیگۆ ئەنامەكانیان بەم شێوەیە:
بازنەی سلێمانی هەڵەبجە:
یەكێتی: 8، نەوەی نوێ: 4، پارتی: 2، یەكگرتوو: 2، كۆمەڵ: 1، هەڵوێست: 1
بازنەی هەولێر:
پارتی: 9، یەكێتی: 3، نەوەی نوێ: 3
بازنەی دهۆك:
پارتی: 9، نەوەی نوێ: 1، یەكگرتوو: 1
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان:
پارتی: 20، یەكێتی: 11، نەوەی نوێ: 8، یەكگرتوو: 3، كۆمەڵ: 1، هەڵوێست: 1.
ئەگەر بەسیستمی ڕێژەیی بوایە ئەنجامەكان بەم شێوەیە دەبوون:
پارتی: 18، یەكێتی: 11، نەوەی نوێ: 7، یەكگرتوو: 4، كۆمەڵ: 2، هەڵوێست: 1، بەرەی گەل: 1.
واتە بەپێی ئەم سیستمە پارتی (2) كورسی سودمەند بووە، نەوەی نوێ (1) كورسی سودمەند بووە، یەكگرتوو و كۆمەڵ و بەرەی گەل (1) كورسی زیانیان بەركەوتووە.
وەك لە زانیارییەكانی سەرەوەدا باسكرا، كۆتا كورسی بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە بەهاكەی (16.845) دەنگ بوو، هەولێر (20.458) دەنگ، دهۆك (23.656) دەنگ. ئەو لیستەی كە بەنیازی دوو كورسیە بەپێی بازنەكان، پێویستە سێ هێندەی ئەو ژمارەیە زیاتر بهێنێت، بۆ كورسی سێهەمیش زیاتر لە پێنج ئەوەندە.
ئەگەر بەپێی سیستمی ڕێژەیی ژمارەكان دابەشی كورسییەكان بكەین، ئەوا بەهای كورسی لە بازنەكان بەم شێوەیە:
سلێمانی (36.953) دەنگ، هەولێر (44.618) دەنگ، دهۆك (49.820) دەنگ.

دەرەنجام:
سیستمی سانتلیگۆی هەمواركراوە، سیستمێكی ئاڵۆزە، لە هەر بازنەیەك دەرەنجامێك دەدات، بەپێی ژمارەی پارتە بەشداربووەكان و قەبارەی دەنگەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا دێت. بە گشتی سیستمەكە لە قازانجی لیستە گەورەكانە. زیانی هەیە بۆ ئەو لیستانەی كە ئەگەری هەیە كورسیەك یان دوو كورسی ببەن. ئەنجامەكەشی پاش دانانی هەموو زانیارییەكان لە خشتەكەدا بەدیار دەكەوێت. بەهای كورسیش لە هەر بازنەیەك جیاوازە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن