20وتار

بازنەی هەولێر، شیكاری و پێشبینی بۆ دەنگ و كورسیەكان

11/3/2025 12:11:00 PM
د. ئیسماعیل خورماڵی

لە هەڵبژاردنی 11/11/2025 بازنەی هەولێر (15) كورسی بۆ تەرخانكراوە، كە (1,087,880) دەنگدەری هەیە.

لەم بازنەیە پارتی لەسەرجەم هەڵبژاردنەكاندا براوەی یەكەم بووە، بە تێكڕایی (310) هەزار دەنگ لە سێ هەڵبژاردنی كۆتاییدا. ئەمەش كەمترە لە (30%)ی كۆی دەنگدەرانی بازنەكە. كەچی توانیویەتی نیوەی كورسیەكان و زیاتریش ببات. 

لەم بازنەیە تێكڕای دەنگی یەكێتی لە سێ هەڵبژاردنی كۆتاییدا نزیكەی (87) هەزار دەنگە، كە كەمترە لە (8%)ی كۆی دەنگدەرانی بازنەكە. لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بەتێكڕا (3) كورسی ببات. 

كۆی دەنگی پارتی و یەكێتی پێكەوە لە سێ هەڵبژاردنی كۆتاییدا بەم شێوەیە بووە:

 - 401,665 دەنگ لە هەڵبژاردنی 2018.
- 331,476 دەنگ لە هەڵبژاردنی 2021.
- 458,888 دەنگ لە هەڵبژاردنی 2024.
تێكڕای ئەو سێ ساڵە دەكاتە (397,343) دەنگ. ئەمەش یەكسانە بە (36.52%)ی دەنگی ئەو بازنەیە، كەچی لە كۆی (15) كورسی توانیویانە (10-13) كورسی بازنەكە ببەن، كە دەكاتە (66-86%)ی كورسیەكان ببەن.

ئەمە ئەو مەتەڵەیە كە دەنگدەران و خەڵكی بەگشتی سەری لێدەرناكەن. چۆن پارتی و یەكێتی دەتوانن بە (36%)ی دەنگ (86%)ی كورسی ببەن؟

وەڵامەكەی زۆر بە كورتی:

 یەكەم: كەمی ڕێژەی دەنگدەران، كە لە هەڵبژاردنی (2021) گەیشتە نزیك (50%)ی دەنگدەران. ئەمەش بە قازانجی ئەو دوو هێزە تەواو دەبێت. 
دووهەم: سیستمی سانتلیگۆی هەمواركراو، كە بە قازانجی لیستە گەورەكان و زیانی لیستە بچوكەكانە، بەتایبەت ئەگەر ڕێژەی دەنگدەران كەم بێت.
سێهەم: بوونی دەنگی خۆڵەمێشی زۆر لەم بازنەدا، وایكردووە میزاجی دەنگدەر زۆر زوو گۆڕانكاری بەسەردا بێت. بەنمونە یەكێتی لە ڕابردوودا دەنگی نزیك بوو لە پارتی، بەڵام گۆڕان نیوەی دەنگەكانی برد، دواتر دابەش بوو بۆ گۆڕان و هاوپەیمانی و نەوەی نوێ و هەڵوێست.
چوارەم: ئیسلامییەكان بەتایبەت كۆمەڵ و یەكگرتوو لەم بازنەیە لەسەرەتادا قورسایی زۆریان هەبوو. بەنمونە لە هەڵبژاردنی (2010) كۆمەڵ (62,706) دەنگ و یەكگرتوو (51,065) دەنگ و هەریەك كورسییەكان بەدەستهێنا. دواتر دەنگی یەكگرتوو داكشاو كۆمەڵ هەڵكشا بۆ (80,492) و دوو كورسی بەدەستهێنا. بەڵام دەنگەكانیان زیاتر كەمیكردو لە هەڵبژاردنی (2021) هیچكام كورسیان بەدەستنەهێنا. 

كەواتە، كەمی ڕێژەی دەنگدەران، سیستمی سانتلیگۆ، زۆری دەنگی خۆڵەمێشی، بوونی چەند هێزێكی بچوك و نزیك لەیەك كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان هەبووە.

پێشبینیەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەم بازنەیە:

 ئەگەرچی بەهۆی قەیرانەكانی ئەم چەند ساڵەی حكومەت و بێمووچەیی و ئەو هەموو گرفتەی هاتۆتەپێش بۆ هاوڵاتیان، دەبێت هەریەك لە پارتی و یەكێتی دەنگ و كورسیان زۆر كەم بكات. بەڵام ئەوان بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە لە ئێستادا فشارێكی زۆر دەكەن لە دەنگدەران و دەنگ دەكڕن و پارە دەبەخشنەوە، بۆیە ئەگەری هەیە پارێزگاری لە پێگەی خۆیان بكەن. لەولاشەوە بانگەشەی بایكۆت لە قەزانجی ئەوانە، بۆیە پێشبینی دەكەم:

1) پارتی پارێزگاری لە (7) كورسی خۆی بكات.
2) یەكێتی لەباشترین حاڵەتدا (3) كورسی ببات.
3) نەوەی نوێ لە باشترین حاڵەتدا (2) كورسی ببات وەك (2021)، ئەگەری هەیە كورسیەكیش لە دەست بدات.
4) سەبارەت بە لیستەكانی تر، لە هەڵبژاردنی (2024)دا، یەكگرتوو (24,178) دەنگ، كۆمەڵ (20,265)، هەڵوێست (16,871) دەنگیان بەدەست هێنا. كە ئەمەش گۆڕانكارییەكی ئەرێنی بوو بۆیان، ئێستاش سەرۆكی لیستەكان كەسایەتی ناسراو و كاریگەرن، هەڵمەتی هەڵبژاردنیان گەرمە، بۆیە هەریەكەیان كورسیەك مسۆگەر دەكات.
5) ئەگەر نەوەی نوێ تەنها (1) كورسی ببات، ئەوا هەریەك لەو لیستانەی تر چانسی ئەوەیان هەیە، كە ئەو كورسیە ببەن.
6) ئەگەر هاوڵاتیان سزای پارتی و یەكێتی بدەن و دەنگیان نەدەنێ، ئەمەش بە قازانجی لیستەكانی ترە و كورسیان زیاد دەكات.

لە كۆتاییدا:
سەرەڕای ئەو پێشبینیانەی سەرەوە كەباس لە حاڵەتی ئاسایی دەكەن، بەڵام پێویستە هەموو لیستەكانی تر، كار بكەن بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، هەروەها هۆشیاری بدرێتە دەنگدەران تا قەیران و گرفتەكانی ڕابردوو و ئێستا لەبەرچاو بگرن، بۆ ئەوەی ئەو لاسەنگییەی كە هەیە پارسەنگی بكەن و  كەسانی شایستە ببنە نوێنەری كورد لە بەغداد. ئەگەر بە جدی كار لەسەر ئەم بابەتە بكرێت لەم چەند ڕۆژەی كە ماوە، ئەگەر هەیە موفاجەئە ڕوو بدات و ئەنجامەكان جیاواز بن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن