21وتار

هەڵوێستەیەك لەسەر دەنگ و كورسیەكانی دهۆك

11/3/2025 12:24:00 PM
د. ئیسماعیل خورماڵی

لەم هەڵبژاردنەدا پارێزگای دهۆك (834,839) دەنگدەری هەیە و (11) كورسی بۆ تەرخان كراوە.

لە هەڵبژاردنی (2018) كۆی دەنگدەرانی پاریزگاكە (711,218) دەنگ بووە، پارتی (354,102) دەنگی بەدەستهێناوە، كە دەكاتە (49.78%). كە ئەگەر ئەو ڕێژەیە هەژمار بكرێت، تەنها (5 بۆ 6) كورسی دەبات. بەڵام پارتی (10) كورسی بردووە.
لە هەڵبژاردنی (2021) كۆی دەنگدەرانی پاریزگاكە (832,424) دەنگ بووە، پارتی (261,543) دەنگی بەدەستهێناوە، كە دەكاتە (31.42%). كە ئەگەر ئەو ڕێژەیە هەژمار بكرێت، تەنها (3 بۆ 4) كورسی دەبات. بەڵام پارتی (8 ) كورسی بردووە.

كەواتە بۆچی پارتی دوو هێندەی قەبارەی خۆی كورسی دەبات؟

یەكەم: پارتی حیزبێكی ڕێكخراو و بە پلانە. بۆیە دەتوانرێت بوترێت كە سەرجەم دەنگدەرانی خۆی (بە خۆشی بێت یان ترشی) دەباتە سەر سندوقەكانی دەنگدان. بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو دەنگانە دەكات، كە بەشێوەیەك لە شێوەكان لێی سودمەند بوون، ئەگەرچی نەیانەوێت دەنگیشی بدەنێ، بەڵام ناچاریان دەكات دەنگی پێبدەن. بۆیە دەتوانرێت بە سانایی بوترێت ئەوە هەموو دەنگەكانی پارتییە لەو پارێزگاییە.

دووهەم: بەرەی بایكۆت كە لەم پارێزگایە نزیك (40%)ی دەنگەكانە، هەر دەنگدەرێك كە دەنگ نادات بە قازانجی پارتییە و ڕێژەكەی ئەو زیاد دەكات.

سێهەم: دەنگدان بەو پارتانەی كە كورسی ناهێنن. لە ئێستادا بەهۆی یاسای سانلیگۆی هەمواركراو (1.7) بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنها یەكگرتوو لە توانایدا هەیە كورسی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بكات. 

لە هەڵبژاردنی (2018) حیزبەكاتی تر (جگە پارتی و یەكگرتوو) پێكەوە (77,913) دەنگیانهێنا، بەڵام هیچكام كورسییان نەبرد. كە ئەگەر ئەو دەنگە بۆ یەكگرتوو بوایە لانیكەم دوو كورسی تر زیاد دەكرد.

لە هەڵبژاردنی (2021) لەبەر ئەوەی یاساكەی جیاواز بوو (تاك دەنگی نەگوێزراوە بوو) یەكێتی توانی بە (25,040) دەنگ كورسی ببات لەو بازنەیەی كە یەكگرتوو كاندیدی نەبوو تێیدا. بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا ناتوانێت كورسی ببات، چونكە نرخی كورسی یەكەم سەروی (40,000) دەنگی پێویستە و هیچ لیستێك ناتوانێت كورسی ببات، جگە لەیەكگرتوو كە لانیكەم دوو كورسی مسۆگەر دەبێت. 

نەوەی نوێ هیچ هەڵبژاردنێك كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لەو پارێزگایە نەبردووە، بەپێی ڕوداوو پێشهاتەكانی ئێستاش دەنگی زۆر دادەبەزێت. هەڵوێست لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو (8,438) دەنگی هێناوە. كۆمەڵیش لەسەرجەم هەڵبژاردنەكان كەمتر لە (4,000) دەنگی هێناوە. بۆیە هەر دەنگدانێك بەو لیستانەی تر لەو پارێزگایە خزمەتكردنە بە دەنگ و كورسیەكانی پارتی.

دەرەنجام:

 كەواتە سێ فاكتەری سەرەكی لە قازانجی پارتییە و بە زیانی لیستەكانی ترە:
یەكەم: بردنی سەرجەم دەنگدەر و لایەنگرانی بۆ دەنگدان بە بەخشینەوەی پارە و ئیمتیازات و هەڕەشە و ترساندن. كە لیستەكانی تر ناتوانن ئەوە بكەن.
دووەم: بایكۆتكردنی دەنگدەران، كە هەموو دەنگێكی بایكۆت لە قازانجییەتی، چونكە دەنگدەری ئەو نین.
سێهەم: دەنگدان بە لیستەكانی تر جگە لە یەكگرتوو. چونكە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكان دەیان هەزار دەنگدەر هەن كە دەنگ دەدەن بە لیستەكانی تر جگە لە یەكگرتوو و پارتی، بەڵام ئەو هەموو دەنگە دەسوتێت و كورسی ناهێنێت بەهۆی یاساكەوە. ئەگەر ئەو دەنگانە بخرێتە سەر دەنگەكانی یەكگرتوو، ئەوا بە مسۆگەری یەكگرتوو (4-5) كورسی دهۆك دەبات.
بەنمونە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو پارتی (402,152) دەنگی هێناوە لە كۆی (834,839) دەنگ، كە دەكاتە (48.17%).


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن