152وتار

سەیر و سەمەرەكانی بایكۆت و دەنگدان ....!؟

11/8/2025 1:05:00 PM
د. ئیسماعیل خورماڵی

تۆ سەیری یان ئەو سەیرە؟

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (2005) پارتی توانی (741,483) دەنگ بەدەستبهێنێـت. لە هەمان هەڵبژاردن یەكێتی (765,544) دەنگی بەدەستهێنا.

دوای (9) ساڵ، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (2014) پارتی (816,654) دەنگ بەدەستهێنا. لە هەمان هەڵبژاردن یەكێتی (528,122) دەنگی بەدەستهێنا.

واتە دوای (9) ساڵ كە (9) موالیدی نوێ زیادبوون بۆ دەنگدان كە نزیكەی (700,000) دەنگدەرن، پارتی تەنها (75,171) دەنگ زیادی كردووە. یەكێتیش (237,422) دەنگ كەمی كردووە.

پاش تێپەڕبوونی (10) ساڵی دیكە، كە (10) موالیدی تر زیادی كردووە بۆ تۆماری دەنگدەران، كە زیاتر لە (750,000) دەنگە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (2024) پارتی توانی (812,794) دەنگ بەدەستبهێنێـت. لە هەمان هەڵبژاردن یەكێتی (409,548) دەنگی بەدەستهێنا.

واتە دوای (10) ساڵ پارتی (3,860) دەنگ كەمی كردووە. یەكێتیش (118,574) دەنگ كەمی كردووە.

ئەگەر بەراوردی هەڵبژاردنی (2005) و (2024) بكەین، دەبینین پاش (19) ساڵ كە نزیكەی (1,500,000) دەنگدەر زیادی كردووە. پارتی و یەكێتی پێكەوە (284,685) دەنگ كەمیان كردووە.

چەند سەیرە! 

 پاش (19) سأڵ، (1,500,000) یەك ملیۆن و نیو دەنگدەر زیادی كردوە، كەچی  پارتی و یەكێتی پێكەوە (284,685) دەنگ كەمیان كردووە. واتە هیچ بەشیان لەو ملیۆن و نیو دەنگدەرە نەبووە و زیاتر لە (284) دەنگیش كەمیان كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا هەر زۆرینەیەكی بەهێزن و لە دەسەڵاتدان! 
دەی تخوا موهیم نیە!

لە هەڵبژاردنی (2014) لیستەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی زیاتر لە (867,000) دەنگیان هەبوو. گۆڕان (490,572) دەنگ، یەكگرتوو (186,419) دەنگ، كۆمەڵ (140,231) دەنگ، ئەوانی دیكە نزیك (50,000) دەنگ.
دەپرسین ئەو دەنگانە چییان بەسەر هات؟
ئەو ملیۆن و نیو دەنگدەرە نوێیە دەنگ بەكێ دەدات؟
هاوكێشەكە ڕوونە، بایكۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆتتتتتە.

پارتی و یەكێتی دەنگی خۆیان دێننەوە... خەڵكی تریش كە لە ئەوان نیگەرانە، بایكۆت دەكات، لەبری سزای ئەوان، سزای خۆی و ئۆپۆزسیۆن دەدات.

پوختەی قسان،

 دەنگ و سەنگ قورسایی  پارتی و یەكێتی لە هەڵبژاردنەكاندا پاش (20) ساڵ كەمی كردووە. یەك ملیۆن و نیو دەنگدەر زیادی كردووە. ئێستا لە هەرێمی كوردستان (3,068,384) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە باشترین حاڵەتدا پارتی و یەكێتی پێكەوە دەتوانن (1,200,000) دەنگ بهێنن, كە دەكاتە (39%)ی دەنگدەران و كەمتریشە لە (18) كورسی لە كۆی (44) كورسی.

بەڵام بە هۆی تۆوە كە بایكۆت دەكەیت، ڕێژەكەیان بەرز دەبێتەوە بۆ (70%) و كورسیەكانیشیان بۆ (30) كورسی. 

ئێستا  ئۆباڵی ئەو هەموو قەیران و بێ مووچەیی و بێخزمەتگوزارییە لە ئەستۆی كێیە؟ كێ هۆكارەكەیەتی؟

كۆتا شتێكیش كە گرنگە هەمووان بیزانین، ئەوەیە كە:

 دەنگدان یان دەنگنەدان و بایكۆت، ئازادی و مافی تاكە كەسییە. بەڵام بەدامەزراوەكردنی هەڵمەتی بایكۆت و بەرهەمهێنانی فیلم و ڤیدیۆ و خەرجكردنی پارە و بودجەی زەبەلاح بۆ ئەو هەڵمەتە و سپۆنسەر كردنی، ئاماژەی گرنگ و گەورەن،  كە بزانیت كێ لەپشتی بایكۆتەوەیە؟
كێ گرنگی پێدەدات؟
كێ سپۆنسەری دەكات و بودجەی بۆ خەرج دەكات....!؟

ئێستا تێگەیشتی!؟

 خوا فرسەتێكی بۆ ناردوویت تا سزای گەندەڵكار و ستەمكاران بدەیت، بۆ ئەوەی كەسی خاوەن متمانە و دڵسۆز هەڵبژێریت. ئەو فرسەتە لەدەست مەدە. 
لەبری ئەوەی چوار ساڵ پرتە و بۆڵە بكەیت، تەنها (30) خولەك كات بدە بە دەنگدان و ببە بە بەشێك لە ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی فەرمانڕەوایی و چاكسازی و گەشەپێدان و خزمەت...


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن