كۆتای ژنان بۆ كورسیەكانی هەرێمی كوردستان
11/10/2025 12:44:00 PM
د. ئیسماعیل خورماڵی
بەپێی یاسا و ڕێكارەكانی كۆمسیۆن پێویستە لە هەر بازنەیەك ڕێژەی ئافرەتی سەركەوتوو ٢٥% كەمتر نەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە لە سلێمانی (٥) كورسی بۆ كۆتای ئافرەتانە، لە هەولێر (٤) كورسی و لە دهۆك (٣) كورسی.
چۆن ئەو كورسیانە دابەش دەكرێن؟
١- لەهەر بازنەیەك ئەگەر ئافرەت بەدەنگی خۆی بەو ڕێژەیە دەرچوو، بابەتەكە كۆتایی پێ دێت.
٢- ئەگەر تەواو نەبوو، كورسی لیستەكان دابەشی (٤)،دەكرێت، بەپێی ژمارەی تەواو كورسی دەدرێتە ئافرەت. لەم حاڵەتەشدا ئەو پیاوەی كە دەرچووە و كەمترین دەنگی هەیە لادەدرێت و ئەو ئافرەتە دادەنرێت كە دەرنەچووە و زۆرترین دەنگی ئافرەتانی هێناوە. ئەگەر زیاتر لە ئافرەتێك بووە بەشی لیستێ، بە هەمان شێوە پیاوەكانی تر لادەبرێن و ئافرەتان دادەنرێن.
٣- ئەگەر پرۆسەكە بەوە تێر نەبوو، ئەوا كورسی لیستەكان دابەشی (٣) دەكرێن و بەپێی ژمارە تەواوەكە دادەنرێن.
٤- ئەگەر بەوەش تێر نەبوو، ئەوا ئەو لیستانەی دوو كورسیان هەیە، پێویستە كۆتا دابنێن، لە كەمترین دەنگەوە دەست پێدەكرێت.
٥- ئەگەر بەوەش تەواو نەبوو، ئەو لیستانەی یەك كوسیان هەیە، لە كەمترین دەنگەوە.
٦- ئەگەر دوو لیست یان دوو كاندید هەمان دەنگیان هەبوو، ئەوا بە قورعەیە یەكلایی دەكرێتەوە.
٧- كۆتای ئافرەتان بەسەر لیستی پێكهاتەكاندا جێبەجێ نابێت.
كۆتای ئافرەتان لە بازنەكانی هەرێم چۆن دەبێت؟
بەپێی شیكارییەكانی پێشتر كە بۆ بازنەكانمان كردبوو، لە خوارەوە بەخێرایی باسی بازنەكان دەكەین.
سلێمانی:
بازنەی سلێمانی (٥) كورسی كۆتای هەیە. ئەگەر لەم بازنە ئافرەتان خۆیان دەرنەچوون بەم شێوەیە دابەش دەبن:
- یەكێتی لانیكەم دوو كورسی
- سەرۆكی لیستی پارتی و نەوەی نوێ ئافرەتن و دەرچوونیان نیمچە مسۆگەرە.
تەنها كورسیەك دەمێنێتەوە، ئەگەر یەكێتی بگاتە (٩) كورسی كە ئەگەرێكی دوورە ئەوا دەبێتە بەشی یەكێتی.
- ئەگەر لە لیستی پارتی یان نەوەی نوێ دوو ئافرەت خۆیان سەركەون، كۆتایی پێدێت.
- ئەگەر ئەوەش نەبوو ئەوا لە لیستەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵ و هەڵوێست كامیان دوو كورسی هێنابوو و كەمترین دەنگی هێنابوو، ئەو لیستە ئافرەت دادەنێت. ئەگەر تەنها یەكگرتوو دوو كورسی هەبوو، ئەوا یەكگرتوو دەبێت كۆتا دابنێت.
هەولێر:
بازنەی هەولێر (٤) كورسی كۆتای هەیە. ئەگەر لەم بازنە ئافرەتان خۆیان دەرنەچوون بەم شێوەیە دابەش دەبن:
- پارتی دوو كورسی
- یەكێتی یەك كورسی
- نەوەی نوێ یەك كورسی بەو مەرجەی دوو كورسی بهێنێت.
دهۆك:
بازنەی دهۆك (٣) كورسی كۆتای هەیە. ئەگەر لەم بازنە ئافرەتان خۆیان دەرنەچوون بەم شێوەیە دابەش دەبن:
ئەگەر پارتی (٩) كورسی بەدەستهێنا ئەوا هەر سێ كورسی كۆتا پارتی دایدەنیت، ئەگەر (٨) كورسی بەدەستهێنا و سێ ئافرەتی براوەی نەبوو، ئەوا كۆتا دەبێتە بەشی یەكگرتوو.