 
            شیكاركردنی ھەڵبژاردنەكان فاڵگرتنەوە نیە 
        
            
            
             10/28/2021 6:40:00 PM
         
            
            
            
             د.ئیسماعیل خورماڵی
            
            
            
              
           
        
  بەڵكو زانست و پسپۆڕییەو دەبێت ئەھلی خۆی قسەی لێ بكات....
ھەڵبژاردن و یاساكانی ھەڵبژاردن و خودی پرۆسێسەكە و  شیكار كردن و بابەتە پەیوەستەكانی بابەتگەلێكی یاسایی ھونەری ماتماتیكی ئاماری زانستیە و ناكرێت ھەموو كەس قسەی تیا بكات و بە ڕبە و پێودانگی خۆی شیكاری بۆ بكات...
ئەمە بیركاری قۆناغی سەرەتایی نیە چەند ژمارەیەك كۆ بكەیتەوە و دابەشی بكەیت و ئاو بێنەو دەست بشۆ...
لەھەمووشی گرنگتر قسەكردنە لەم بابەتە بەبێ لایەنی.
لە پاش دەرچوونی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان چەندین كەس بە كەیفی خۆیان كەوتونەتە ناو ئەم بابەتە و بێ ڕەچاوكردنی بنەمای زانستی و بەبێ شارەزایی قسە لەم بابەتە دەكەن.
لەوەش كارەساتبارتر دێن  بەحەزی خۆیان و  بەتەرەفگیری  بۆ حیزبەكەیان فاڵ بۆ داھاتوو دەگرنەوە و كورسیەكانی داھاتووش دابەش دەكەن.
كاتێ باس لە ھەڵبژاردن دەكرێت خاڵگەلێكی زۆر ھەیە دەبێت ڕەچاو بكرێت كە بەندە توێژینەوەیەكم لەو بارەیەوە لە دوتوێی  ٢٨٣ لاپەڕەدا خستۆتەڕوو و لێرە  شوێنی باسكردنی نیە...
لێرەدا زۆر بەكورتی چەند خاڵێك دەخەمە ڕوو كە گرنگە لە شیكاری ھەڵبژاردندا ڕەچاو بكرێت بەتایبەت ئەم ھەڵبژاردنەی ڕابردوو و  ھەڵبژاردنی  پەرلەمانی كوردستان. تایبەت بە ھەرێمی كوردستان.
یەكەم: یاسای ھەڵبژاردنەكان و شێوازی دابەشكردنی بازنەكان و كورسییەكان.
ھەرێمی كوردستان لەم ھەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوازدە بازنە بوو و  بۆ پەرلەمانی كوردستان یەك بازنەیە بەپێی یاساكەی ئێستا.
ئەمەش كاریگەری زۆرە لەسەر بەركەوتەی لایەنەكان. چونكە لەوەی عێراق دەنگی ھەر بازنەیەك بۆ خۆیەتی و تەنانەت بۆ یەك كاندیدی حیزبەكەیە و كاندیدی   ھەمان حیزب و ھەمان بازنە سودی لێوەر ناگرێت. بەڵام لە پەرلەمان یەك دەنگ لەھەر جێگایەك بێت حیزبەكە سودی لێدەبینێت.
دووەم: بەشداری  حیزبەكان لەبازنەكان.
لەم ھەڵبژاردنەی عێراق  تەنھا پارتی و یەكێتی و نەوەی نوێ  لەھەموو بازنەكان بەشدار بوون و دەكرێت دەنگیان بەكۆی دەنگی ھەڵبژاردنەكە حساب بكرێت.
گۆڕان ئەگەرچی ھاوپەیمانی بوو تەنھا لە شهش بازنە بەشدار بوو واتە  لەسەر  50٪ی ھەرێمی كوردستان بەشداری ھەڵبژاردنی كردووە و دەنگەكانی ھی 50٪ی كوردستانە.
یەكگرتوو تەنھا لە شەش بازنە بەشدار بووە واتە  تەنھا نیوەی دەنگدەرانیەتی.
كۆمەڵ لە پێنج بازنە واتە نزیكەی  ٤٢٪ كوردستانە .
ئەگەرچی  زانستی نیە بوترێت دابەشی ڕێژەكەی بكە و كەڕەتی سەدی بكە. بەڵام دەبێت بزانین كە  گۆڕان ٤٢٪ و یەكگرتوو ٥٠٪ و كۆمەڵ ٥٨٪ دەنگدەران ماون دەنگیان بۆ بدەن كە ڕێژەی دەنگەكانیان زۆر ھەڵدەكشێنێت.
سێھەم: ڕێژەی بایكۆت و دەنگی سپی، كە ھاوشێوە نابن و ئەگەری زۆرە بەشێكی زۆری دەنگدەرانی ئەو لایەنانەی بەشدار نەبوون بەتایبەت گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ ئەمجارە بەشداری بكەنەوە. چونكە لە نیوەی بازنەكان كاندیدی حیزبەكەیان نەبووە بۆیە بەشدار نەبوون بەڵام لە داھاتوودا بەشداری دەكەنەوە و ئەمەش بەقازانجی ئەم لایەنانە و زیانی لایەنەكانی تر دەبێت چونكە ڕێژەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
چوارەم: وەك لەخاڵی یەكەم ئاماژەمان پێكرد بازنەكان جیاوازن و لەم ھەڵبژاردنە سێ یەكەم یان چوار یەكەم براوەن. لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێژەیە..
پێنجەم: كۆتای ئافرەتان
لەم ھەڵبژاردنە كۆتای ئافرەت لە سێ یان چوار كاندیدی بازنەیەك دەستنیشان دەكرا. بەڵام لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئاستی ھەرێم ئەژمار دەكرێ.
لەگەڵ جیاوازی ئەوەی لەم ھەڵبژاردنە ئەو ئافرەتە براوە دەبوو زۆرترین دەنگی ھەیە لە ھەر لایەنێك بێت.
بەڵام لە پەرلەمانی كوردستان كۆتای ئافرەت لە ھەمان لیست دەبێت واتە كورسی ھەمان حیزب بۆ ئافرەتی ھەمان حیزبە نەك حیزبێكی تر.
شەشەم: سیستمی ئەم جارە لە قازانجی حیزبە گەورەكان بوو بەڵام سیستمی ڕێژەیی لە قازانجی ھەمووانە، بۆیە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پارتی و یەكێتی و تا ڕادەیەكیش نەوەی نوێ زیان دەكەن و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ سودمەند دەبن...
بێگومان خاڵی تر زۆرە كە باس بكرێت ھەڵیدەگرین بۆ كاتێكی تر...
بەو ھیوایەی ھۆشیاری ھەڵبژاردنمان زیاتر بكەین و ڕێز لە پسپۆڕانی ئەو بوارە بگرین و لێگەڕێین ئەھلی خۆی قسە لەم بابەتە بكات و بۆ مەبەستی بەلاڕێدا برن و چەواشەكاری بەكار نەھێنرێت.
 
*شارهزای ههڵبژاردن و ئهندامی كۆسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردن و راپرسی ههرێمه