بەپەلە.. گەورە تاوانبار عەجاج بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو
02:53 - 14/05/2026
زەمەن - هەواڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی لە بەغدا بەڕێوەچوو و دادگا بڕیاری لەسێدارەدان تا مردنی بۆ عەجاج دەرکرد.
عەجاج تکریتی یەکێکە لە تاوانبارە سەرەکییەکانی کۆمەڵکوژکردنی گەلی گورد لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا و پێشتریش لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە.
نزیکەی 220 هاووڵاتی لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی ناوچەکانی گەرمیان، خورماتوو، سلێمانی و هەولێر لە دادگا ئامادە دەبن.
عەجاج ئەحمەد حەردان زعێت تەلعووبێدی لە ساڵی 1960 لە شاری تکریت لە پارێزگای سەلاحەددین لەدایکبووە و سەر بە عەشیرەتی ئەلبووناسر و هۆزی نزارە، کە هەمان عەشیرەتی سەددام حوسێنی دیکتاتۆری پێشووی عێراقە.
ژیانی سەربازی و پیشەیی لە ڕێکەوتی 14ی تەممووزی 1985 بە پلەی مولازم خوێندنی سەربازی تەواو کردووە و وەک ئەفسەری ئەمن دەستبەکار بووە. چوار ناوچەی جیاوازی پارێزگای موسەنا ئەرکی پێسپێردراوە. دواین و گرنگترین پلەی کارگێڕی و سەربازیی وەک بەرپرسی ئەمنی زیندانی “نوگرەسەلمان” بووە.
عەجاج یەکێک بووە لە دڕندەترین ئەفسەرەکانی ڕژێمی بەعس و هیچ بەزەییەکی بەرامبەر بە کورد نەبووە.
ئەم تاوانبارە دڕندەیە لە کاتی چوونە ناو هۆڵەکانی زیندان، بەبێ ئەشکەنجەدان و ڕەوانەکردنی چەند هاووڵاتییەکی کورد بۆ لێواری مەرگ نەهاتووەتە دەرەوە. بەهۆی ئەم کارانەیەوە، ناوی لە لیستی تاوانبارانی کەیسی ئەنفالدا جێگیر کراوە.
عەجاج دوای ساڵانێکی زۆر لە خۆحەشار دان، لە کۆتاییەکانی تەممووزی 2025 بە هەماهەنگی نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق لە پارێزگای سەلاحەددین دەستگیرکرا.