بۆچی لامەرکەزیەت؟
2/9/2021 8:41:00 PM
فەرمان حەسەن
لە مێژووی خۆیدا، ھەرێمی کوردستان ھیچ کات ھێندەی ئێستا عەوداڵی بژاردەیەک
نەبووە بۆ دەرچوون لە تەنگەبەری ھەزاربەھەزاری کێشەکان، تا کات زیاتر دەچێت گرێکان
کوێرتر دەبن، ئەو کێشانەی گرێی دەستبوون ئیدی بە دەمیش ناکرێنەوە، ھۆکارەکان یەک و
دوان نین، ناژمێردرێن، لە سادەترین تێگەیشتندا دەکرێت بڵێین ئەگەر خەڵک لە سەرەتاوە
لە تەونی بەڕێوەبردندا تەماشاکەرنەباو بەشداریکەربان ئێستا لە واقعێکی دیکەدا دەژیاین،
ئەگەر ئێستاش چارەسەرەکە بەشێکی بدرێتە دەست خەڵک بنیاتنانی داروپەردووی دەسەڵاتێکی
خاوەن فەزیلەت کە خەونی چەند دەیەبوو ھێندە مەحاڵ نییە.
شێوازی بەڕێوەبردنی باو لای نوخبەی سیاسی بۆ ئیدارەدانی ھەرێم بەھەر چوار دیوەکەیدا
تاقیکراوەتەوە، شوێن ناگرێت، مۆدێلێکی شازە"نا سیستەم"، لە ساڵی ٢٠٠٩ وە
ئۆپۆزسیۆن لەنێو پرۆژە سیاسییەکەیدا پاکێجێکی بۆ پیادەکردنی شێوازی ئیدارەدانی ھەرێمی
کوردستان بە لامەرکەزی خستە سەرمێز، ئێستا لەڕووی تیۆرییەوە ئەم بابەتە لای ئەوانی
تریش بووەتە باوەڕ، خاوەنە کۆنەکەی(گۆڕان) ھێشتا خاوەنداری لێدەکات، چارەسەرێکی سیحری
نییە، بەڵام ئەگەر بە گوریسی گروپە خاوەن بەرژەوەندییەکان نەپێورێت و بەبەری خەڵک
بدوورێت، ئەو شێوازەیە کە خەڵک لە دەسەڵات بەشداری پێدەکات و خەڵک بەشێک لە چارەسەر
دەگرێتە دەست.
*پیادەکردنی لامەرکەزی
واتە ھاوبەشیپێکردنی ھەموو خەڵک لە بەڕێوەبردنی ناوچەکەی خۆیدا، خەڵک بەرپرسانی
شار دادەنێن، خەڵک چاودێر بۆ بەرپرسان دادەنێن، خەڵک چاودێری بوودجەکەیان دەکەن، خەڵک
بەرپرسان لادەبەن، متمانەی پێدەدەن و لێی دەسەننەوە، شەرعییەت لای خەڵکەو لە شوێنی
کە چنگ ناکەوێت، سەنگی دەنگی خەڵک کێشی خۆی ھەیە، بەمەش بەشێک لە کێشە و چارەسەرەکان
دەکەونە دەست خەڵک، لێرەوە ئەرکەکان دابەش دەبن و ناڕەزاییەکانیش روو لە یەک دەرگا
نابن ، پەتای رۆتین کزدەبێت و مامەڵەکانی خەڵک لە کانتۆری فەرمانگە مەرکەزییەکاندا
تۆزی لەسەر نانیشێت.کاروباری ھاوڵاتیان زووتر دەدات بەدەستەوە ئاسانتر جێبەجێدەبن. نا دادپەروەری جوگرافی کەمتر دەکاتەوە.
*کاتێک رۆڵی خەڵک لە نێو
سیستەمی سیاسیدا گەرا دادەنێت، دەنگدەر ھەست بەوە دەکات ئەو دەسەڵاتەی درووستیکردووە
توانای وەڵامدانەوەی داواو پێویستییەکانی ھەیە، متمانەی بۆ دروست دەبێت، لامەرکەزیەت
وڵات پەرت ناکات بەڵکو وەلائ دەچنێتەوە، لێرەوە ئەم ئینتیمایە ئەوەی پێی دەوترێت
"قەوارەی سیاسی" بەھێز دەکات. بە پێچەوانەوە ئەو مەرکەزییەتە نەریتییەی
پلە بە پلە دەگاتە کورسی لوتکەی ھەرەمەکە، ئینتیمای وێران کرد تەنانەت سەوزایی نێو
شەقامەکانیشی وشک کرد، توانای ئاودانی درەختەکانیشی نییە جا بگات بە وەڵامدانەوە
خواستی خەڵک و بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەیی و باوەڕی نیشتمانیی. لامەرکەزییەت واتە پێکەوەیی
زیاتر لە سیستەمێکی ئاسۆیی دادپەروەرانەدا. پێچەوانەی مەرکەزییەت کەتێیدا کەس سەرووی
خۆی نابینێت دواجار کەس، کەس ناخوێنێتەوە.
*لامەکەزیەت وەڵامی خەڵک
دەداتەوە، تێیدا دەسەڵات ئاگاداری خەم و کۆژانی کۆڵانەکانە و دەزانێت چی دەگوزەرێت
و خەڵکی چییان دەوێت، جوڵە دەخاتە بازاڕ و پەردە لەسەر بەھرەکان لادەدات، رکابەری
شەریفانە دروست دەکات.
*تێکەڵکردنی لامەرکەزیەت
و بینینی وەک کارتێکی سیاسی، زیان بەم ئامرازە دەگەیەنێت، وادەکات ھێزە نەریتەوانەکان
زیاتر سڵ بکەنەوە لە لامەرکەزیەت، ئەو دیمەنە لە کۆنەستی نەیارەکانیدا دەچەسپێت کە
ئەمە واتە دووبەرەکی و کێشەو فرەکوێخاییە. لەکاتێکدا پێچەوانەکەی دروستە، لامەرکەزیەت
کارتی سیاسی نییە، ئەمڕۆ بتەوێت و سبەی رووی لێوەربگێڕیت.
*لامەرکەزیەت بریتی نییە
لە گواستنەوەی دەسەڵات لە زۆنەوە بۆ زۆنێکی دیکە، یاخود لە حزبەوە بۆ حزبێکی دیکە،
بەڵکو بەشێک دەبێت لە سیستەمی گشتی و لەپێناوی خەڵکدا دەبێت بچەسپێندرێت. لە بنەمادا
لامەرکەزیەت بۆ خەڵکە، بۆ حزب و گروپێک و کۆمپانیایەک نییە، ھەر بۆیەش چاودێری لە
نێو لامەرکەزیدا کۆڵەکەی سەرەکییە، ئەگەر لامەرکەزیەت چاودێری لەسەر نەبێت خۆی بۆخۆی
دروستکردنی مەرکەزیەتێکی دیکەیە لەناو مەرکەزیەتدا.
*لامەرکەزیەت بۆخۆی سیستەمە،
سیستەم بە پەیڕەو و رێنماییی پێک نایەت، بەڵکو ئەوە یاسایە سیستەمی گشتی دروست دەکات،
ھەروەک چۆن لامەرکەزیەت بنەماکەی دەستوورە، دەبێت بە یاساش لەژێر رۆشنایی ماددەکانی
دەستووردا بچەسپێندرێت.
*لامەرکەزیەت بە بەخشین
بەدینایەت، شێوازی بەخشینی دەسەڵات کۆنترین شێوازی بەشکردنی دەسەڵاتە، لامەرکەزیەت
نایەتە دی بە شۆڕکردنەوەی پلە بەپلەی دەسەڵات، بە دابەشکردنی ئاسۆیی و لەناو سیستەمێکی
تۆکمەدا دێتە دی.
*لامەرکەزیەت بناغەی دەستووریی
ھەیە لە ماددەی ١٢٢ی دەستوور جێگیر بووە، یاساکانی ژمارە سێ و ژمارە چواری ساڵی
٢٠٠٩ی پەرلەمانی کوردستان، یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١٥ پەنجەرەیەکی گەورەیان بەڕووی
لامەرکەزیدا کردووەتەوە، لە ھەمان کات لە کارنامەی کابینەی نۆش جێگیربووەو پەسەندکراوە،
رێککەوتنی سیاسی پێکھێنەرەکانی حکومەتیش ھەیە، ئۆپۆزسیۆنیش تەبایە لەگەڵی، کەواتە
ئیدی لامەرکەزییەت ھەنگاوی کرداری دەوێت، بە یاسایەکی تۆکمەو ورد دەکرێت ھەرێمی
کوردستان ھەنگاوێکی گەورەبنێت بەڕووی خەڵک و دیموکراسیدا و بەشێکی زۆر لە کێشەکان
تێبپەڕێنێت.
ئەوەی لەم کابینەیەی حکومەت دەبینیرێت، تا ئێستا بە ئاڕاستەی چڕکردنەوەی ھەموو
کاروبارەکانە لە مەرکەزو زیاتر بە مەرکەزیکردنی بڕیارە، ھەنگاوی یەکەم ئەوەیە ئەم
سیاسەتە پێچەوانە بکرێتەوە.