دەستگیرکردن و راگرتنی خۆپیشاندەری بێ مۆڵەت بنەماو بیانووی یاسایی ھەیە؟
12/17/2020 2:29:00 PM
فەرمان حەسەن
لەبری ھەرچی زووە دەستدان بە چارسەر، شەپۆلێکی دیکەی توڕەیی لە دەسەڵات لە ژێر زەبری مەرگ، خوێن، ترس و تۆقاندن، دەستگیرکردن، رفاندن و ئازاردان خەریکە دەنیشێتەوە(دووبارەکردنەوەی ھەمان ئەزموونی ھەڵەی رابردوو).
لەنێو ئەم دۆخە شێواوەدا دەستگیرکراوەکان لە خۆپیشاندەرو رێکخەری خۆپیشاندانەکان، جگە لەو پێشیلکارییانەی بەرامبەریان دەکرێت، لەھەمان کات لەژێر ناوی رێکاری یاسایی دەستگیرکراون و مامەڵەی جۆراوجۆریان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام ئایا یاسا رێگە بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەر دەدات؟
یەکەم: لە ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانەکان تا ئێستا کار بە یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٠ دەکرێت، ئەم یاسایە بە زۆرینەی دەنگی تیمی یەکێتی و پارتی لە پەرلەمان دەرچووە، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی یاساکە وەک ئەوەی وەرنەگرتنی مۆڵەتی بە سەرپێچی دیاریکردووە، لە ھەمان کات بەپێی ماددەی ١٠ی یاساکە بۆ "وەرنەگرتنی مۆڵەت"، ئەو سزایەی دیاریکراوە پێویست بە دەستگیرکردن و راگرتن ناکات.
چونکە بەپێی ماددەی ١١٠ی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی(ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١ی ھەموارکراو) دەستگیرکردن و راگرتنی خۆپیشاندەران پاڵپشتیی یاسایی نییە، بەپێچەوانەوە دەبێت دادگا ئەو کەسانە ئازاد بکات، واتە دادوەر دەبێت پابەند بێت بە راستەوخۆ ئازادکردنیان، نەک ھێشتنەوەیان بە راگیراویی. ئەمە لە دۆخێکدا ئەگەر دۆسیەی یاسایی بوونی ھەبێت و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکرابن.
خۆ ئەگەر ھیچ دۆسیەیەکی یاسایی بوونی نەبێت و دادوەر ئاگای لێنەبێت، ئەوە رەشبگیرییەو دەستگیرکردنی خۆپیشاندەر دووروو نزیک ھیچ پەیوەندییکەی بە یاساوە نییە.
دووەم: بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی پێنجی یاسای خۆپیشاندانەکان (ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠ ) تەنھا ھێزەکانی پۆلیس لایەنی تایبەتمەندن بە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و خۆپیشاندانەکان، یاساکە رێگەی بە ھیچ ھێزێکی ئەمنی دیکە نەداوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندان بکەن، بوونی ھەر ھێزێکی دیکە لە پۆلیس لە نزیک خۆپیشاندانەکان بوونێکی نایاساییە.
بەپێچەوانەوە ئێستا ئەوەی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندان دەکات، کۆمەڵێک ھێزی دیکەن بە ناونیشانی جۆراوجۆر بێ رەچاوکردنی نایاسایی بوونی ئەم ھێزانە لە دەورووبەری خۆپیشاندەران.
سێیەم: بڕگەی یەکەمی ماددەی ١١ی یاساکە، جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر ھێزەکانی پۆلیس لە سنووری دەسەڵات دەرچوون بۆ بەکارھێنانی ھێزی لە رادەبەدەر لە دژی خۆپیشاندەران، ئەوا رێکاری یاسایی لە بەرامبەر ھێزەکانی پۆلیس دەگیرێتەبەر. بەپێی ئەم بڕگەیە ئەوەی بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرێت ئەو ھێزانەن بە توندوتیژی بڵاوە بە خۆپیشاندەران دەکەن.
چوارەم: لە بڕگەی دووەمی ماددەی ھەشتی یاساکە جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەگەر ھێزی پۆلیس زەحمەتی بینی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەنھا دەبێت بە ڕێگەیەک کە مۆرکی مەدەنی بێت مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکەن. واتە تەنانەت لە دۆخێکی دژواردا کە خۆپیشاندانەکان لە کۆنترۆڵ نەمێننن رێگەی نەدراوە ھێزی ئەمنی ھەرچۆنی ویست بەوشێوە رووبەڕووی خۆپیشاندان ببێتەوە، بە پێچەوانەوە لەو دۆخەشدا جەخت لە مامەڵەی مەدەنی پۆلیس دەکاتەوە.
پێنجەم: لە سەرووی ھەموو ئەمانەوە مامەڵەی ھێزە ئەمنییەکان پێچەوانەوەی روونی ماددەکانی٣٨،٣٧، ٤٠، ٤٢، ٤٦ ی دەستوورە، کە بەرزترین پلەی یاسایەو دایکی یاساکانە.