چەند سەرنجێکی سەرەتایی سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی؛
2/23/2024 2:08:00 PM
فەرمان حەسەن
سەبارەت بە مووچە:
١- دەکرێت بڕیارەکە سەرەتایەکی ئەرێنی بێت بۆ دورخستنەوەی ئەو فشارو رێگرییانەی
بۆ ناردنی مووچە هەیە و لە هەمواری یاسای بودجەدا شوێن بگرێت.
٢- ناوەرۆکی هەر چوار بڕگەکەی تایبەت بە مووچە لەناو یاسای بودجەش هەیە، بڕیارەکەی
دادگاش جەخت دەکاتەوە کە بەپێی یاسا بوودجە لە پشکی هەرێم مووچەکە بدرێت، بەڵام کێشەی
زۆر لەسەر ئەم بابەتە هەیە دەبوو دادگا روونتر و راشکاوتر مووچە لەم کێشانە
دووربخاتەوە، دەسەڵاتی دادگاکەیە کە یەکلای ناکۆکییەکان بکاتەوە کاتێک لەسەر ماددەیەکی
یاسایی لەنێوان هەرێم و ناوەند دروست دەبێت بەڵام دادگا خیلافەکەی بە تەواوی یەکلانەکردووەتەوە.
٢- هەردوو حکومەتی لە بڕگەی یەکەم پێکەوە پابەندکردووە تەرخانکردنی مووچە ئەمەش
کەمتر عەمەلییە، گرفتەکە ئەوەیە لەنێوان ئەم دووحکومەتە بەرپرسیارێتی ون دەبێت بەم
جۆرە.
٣- بڕیارەکە بە هەمان شێوە جەخت لە پابەندی هەرێم دەکاتەوە بە ڕادەستکردنی تەواوی
داهاتەکان نەوتی و نانەوتی بەپێی یاسای ئیدارەی مالی، ئەم بڕگەیە هەمان ئەو بڕگەیە
کە رێگرە لە چارەسەری کێشەکە دەبوو چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە.
٤- کێشەکان لە وردەکاریدان نەک لە عمومیات جارێکی کە وردەکارییەکە دراوەتەوە
دەستی هەردوو حکومەت.
سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن:
١-لەرووی سیاسیی و واقیعییەوە بەرەوپێشچوونێکی ئیجابییە فرەبازنەیی و
دوورخستنەوەی پێکهاتەکان لە ناکۆکی سیاسی لایەنەکان.
٢- روون نییە دادگا پشتی بە چ ماددەیەک بەستووە کە بابەتی پێکهاتەکانی بەرەهایی
نەهێشتووە، چونکە بەپێی بڕیاری خۆی دادگاکە بوونی کۆتای پێکهاتەکانی بۆ عێراق بە دەستووری
داناوەو رێکی خستووە، بەتایبەت بۆ مەسیحی و شەبەک هیچ دەقێک نییە رێگری بکات لەوەی
کورسییان هەبێت، نەهێشتنی کۆتا بۆ تورکمانەکان دروستە چونکە پێکهاتەی قەومین و دەتوانن
وەک کەرکوک لە هەرێمیش بەشداری هەڵبژاردن بکەن کۆتا گونجاو نییە بۆیان.
٣- دادگاکە لە چەند خاڵدا جێگەی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە ، ماددەی یاسایی
جێگرەوەی داناوە ئەمەش دەسەڵاتی دادگاکە نییە کە تەشریع بکات.
٤- بابەتی بازنەکانی هەڵبژاردن زیاتر هونەریی و رێکارییە، کەمتر گونجاوە لەگەڵ
مەهام و سەلاحیەتی دادگاکە هیچ دەقێکی دەستوری نییە کە ژمارەی بازنەکانی دیاریکردبێت،
وە دادگاکە خۆی بڕیاری پێشووتری هەیە کە تەداخولی بابەتی بازنەی نەکردووەو پێی
وابووە ئەمە خاڵی ئیجرائییەو کاری دادگا نییە.
بەگشتی روو سیاسییەکەی بڕیارەکە زیاتر دیارە وەک لە رووە یاساییەکەی.