وتار

خه‌ونى گۆڕانكاریى به‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت

8/6/2020 6:07:00 PM 123 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان حەسەن

*خه‌ونى گۆڕانكاریى و باشكردنى ژیان، له‌ رێگه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌وه‌، هه‌مان ئه‌و خه‌ونه‌یه‌ كه‌ له‌ سێ ده‌یه‌ى رابردوو هه‌ڵبژاردن ئاڵۆزترى كردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌كه‌ به‌ بایه‌ختر له‌ چۆنێتیى به‌ڕێوه‌چوونه‌كه‌ى ته‌ماشا ده‌كرێت.

*له‌ راستیدا لێره‌، ئه‌وه‌ بایه‌خى نییه‌ هه‌ڵبژاردن ساڵێك زووتر ده‌كرێت یاخود ساڵێك دره‌نگ تر، به‌ڵكو گرنگترین بابه‌ت ئه‌وه‌یه‌ چۆن هه‌ڵبژاردنێك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ دواى ساڵى (١٩٩١)ه‌وه‌، له‌برى ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ى كراون، ته‌نها یه‌ك هه‌ڵبژاردنى بێ غه‌ش و خاوێن كرابان، زۆر باشتر بوو له‌و ١٠ هه‌ڵبژاردنه‌ى كراون.

*ئه‌و دونیایه‌ى ئێستا ئێمه‌ى تێداین هه‌ڵبژاردن پێكیهێناوه‌، هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك به‌ نه‌خشه‌یه‌كى نوێى سیاسیى، شه‌رعییه‌ت به‌ هێزه‌ ته‌قلیدییه‌ ده‌سه‌ڵاتگه‌راكان ده‌دات، تا خودى هه‌ڵبژاردن نه‌گۆڕێت، هه‌ڵبژاردن شتێكى ئه‌وتۆى پێ ناگۆڕێت. بۆیه‌ش ئه‌وه‌ى كه‌ زۆر گرنگه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ نییه‌ له‌ هه‌رچى زووه‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن، به‌ڵكو پێداگریى و تێكۆشانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو له‌وانه‌ى رابردوو نه‌چن.

*له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى رابردوو چ كاتێك ئیراده‌ى ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ خاوه‌ن میلیشیاكان، ویستبێتیان ئه‌و كاته‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ش وه‌زیفه‌ى هه‌ڵبژاردن بووه‌ته‌‌ به‌خشینه‌وه‌ى دووباره‌و سێ باره‌ى شه‌رعییه‌ت به‌و هێزانه‌ى، له‌ بنه‌مادا له‌سه‌ر هیچ پایه‌یه‌كى شه‌رعى نه‌وه‌ستاون.

*به‌شێك له‌ هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ رابردوو كه‌وتنه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ى كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن داكۆكییان له‌و كاتانه‌ ده‌كرد، كه‌ ده‌سه‌ڵات دیاریده‌كرد له‌برى ئه‌وه‌ى داواى گره‌نتى خاوێنیى و بانگهێشتى چاودێرى نێوده‌وڵه‌تى بكه‌ن و هاوپه‌یمانى كاریگه‌ر بۆ پاراستنى ده‌نگه‌كانیان دروست بكه‌ن، هه‌ڵبژاردنى پایزى ٢٠١٨ى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ نموونه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ى به‌ جۆرێك شكایەوه‌ ته‌نها هێزه‌كانى ده‌سه‌ڵات به‌ خێر لێى ده‌رچوون.

*دوایین هه‌ڵبژاردن به‌ جۆرێك ده‌ستى ده‌نگده‌ر و به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانى سوتاندووه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵك بۆسه‌ر سندوق ئومێد و متمانه‌یه‌كى زۆرى ده‌وێت، كه‌ ئێستا بوونى نییه‌.

*له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بۆ ساخته‌كردنى ئیراده‌ى خه‌ڵك بێت، هه‌ر نه‌كرێت باشتره‌، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌شڵێن دواشبخرێت هه‌ر ساخته‌ ده‌كرێت، كه‌واته‌ چ پێویسته‌ په‌رۆشى هه‌رچى زوو ئه‌نجامدانى پرۆسه‌یه‌كى مزه‌وه‌ر بین؟

*ئه‌و ئومێده‌ى ئێستا شه‌قامى عێراقى و به‌شێك له‌ خه‌ڵكى هه‌رێمیش به‌ كابینه‌ى نوێى كازمى بۆیان دروستبووه‌، پێویستى به‌ كات و سه‌قامگیرى سیاسى هه‌یه‌ تا ئه‌وه‌ى بزانرێت ئه‌م هیوایه‌ چه‌ند له‌جێى خۆیه‌تى، بێ ئه‌و دوانه‌(كات و سه‌قامگیرى سیاسى)، هیچ ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێت به‌ڵێنى باشكردنى ژیانى خه‌ڵك بگه‌یه‌نێته‌ جێ، له‌ دۆخى هه‌ڵبژاردندا ‌هیچ كامیان بوونى نابێت.

*یاساى نوێى فیدراڵیى بۆ هه‌ڵبژاردن، زۆرتر ده‌رفه‌ت به‌ هێزه‌ قۆرخكار و هاوپه‌یمانییه‌ ته‌قلدییه‌كان ده‌دات، تا بازنه‌كان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و كورسییه‌كان به‌رنه‌وه‌، به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ى له‌سه‌ر دوانه‌ى چه‌ك و پاره‌ نه‌وه‌ستاون وه‌ك هه‌میشه‌ زیانمه‌ند ده‌بن، به‌ تایبه‌ت له‌ دۆخێكدا ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان به‌سه‌ر چه‌ندین قوتبى ئینتیخابیدا دابه‌شبن، ئه‌سته‌مه‌ ئه‌نجامى باشیان هه‌بێت.

*گرنگترین ئه‌رك، هه‌وڵدانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنێكى خاوێن و بێگزیى جا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پێش وه‌خت، یا پاش وه‌خت بێت، داكۆكیكردن و پێداگریى له‌ هه‌ڵبژاردنێك بێ لانى كه‌مى دڵنیایى، چه‌ند باره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى پێشوو و مه‌له‌كردنى چه‌ند باره‌یه‌ له‌ ئاوى هێزه‌ قورخكاره‌ .ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement