لادانی گۆڕان
3/9/2019 1:21:00 PM
فەرمان حەسەن
تا نه‌وشیروان مسته‌فا له ژیاندا بوو ده‌سه‌ڵات جۆره‌ها رێگای تاقیكرده‌وه تا به‌خه‌ڵك بڵێت ئه‌مه پرۆژه و روئیایه‌كی ماوه درێژنییه‌و رووداوێكی كاتییه، رێگای شه‌یتانی زۆر تاقیكرانه‌وه تا په‌رده به‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌دا بدرێت كه دوایین پرۆژه‌ی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فا رێباز‌و قوتابخانه‌ی سیاسه‌تی جوامێرانه‌یه و له‌پێناو ئاینده‌یه‌و پشت له‌هه‌موو نه‌ریت و خوه خراپه‌كانی رابردووی ده‌سه‌ڵات ده‌كات، ئه‌وه‌ی ترسه‌كه‌ی گه‌وره‌تركردن به‌رامبه‌ره‌كان باش ده‌یانزانی پرۆژه‌كه هی خه‌ڵكه‌و هه‌مان ئه‌و شتەیە كه خه‌ڵك داوای ده‌كات و جددی و راسته‌قینه‌و خۆرسكه.
هه‌موو ئه‌و رێگا‌و هه‌وڵانه به وجوودی نه‌وشیروان مسته‌فا له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا قڵپ بوونه‌وه، به جۆرێك وای لێهاتبوو تا ئه‌وان دژایه‌تی زیاتری پرۆژه‌كه‌یان ده‌كرد، خه‌ڵك زیاتر دڵنیا ده‌بوو له پشتیوانیكردنی، رێگاكانی دژایه‌تیكردن له هه‌ڕه‌شه، په‌لاماردان، نانبڕین، لێدان و سوكایه‌تی، هێرشی میدیایی و تۆمه‌ت دروستكردن هیچی ئه‌نجامی نه‌بوو، گۆڕان پته‌وتربوو، ئه‌وان هیوایه‌كیان مابوو قۆناغی دوای نه‌وشیروان مسته‌فا كۆتایی پڕۆژه‌ی گۆڕان بێت و له‌وێوه بتوانن ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می ره‌وانشاددا پێیان نه‌له‌قێندرا قۆناغی دوای ئه‌و خاپوری بكه‌ن، به‌ڵام مه‌رگی نه‌وشیروان مسته‌فا ترسه‌كه‌ی گه‌وره‌تركردن یار و نه‌یار شاهیدی خه‌م و هاوسۆزی و په‌یمان دووپاتكردنه‌وه‌ی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵك بوون، ترس لای نه‌یاره‌كان به جۆرێك گه‌وره‌بوو كه ئیدی دوایین پرۆژه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌ته رێبازێكی گه‌وره‌و پشتیوانی ئێجگار فراوانی خه‌ڵكی هه‌یه بۆیه‌ش له‌و كاته‌وه ته‌حه‌دییه‌كانی به‌رده‌م گۆڕان گه‌وره‌تربوون و پیلانگێڕیش له‌پێناو هه‌وڵدان بۆ شێواندنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌دتر و زۆرتربوون.
بۆ ئه‌م قۆناغه نه‌یاره‌كانی پرۆژه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌یانده‌توانی له رێگه‌ی مێژووه‌كه‌ی و ناوه‌رۆكی پرۆژه‌كه‌وه له گۆڕان بده‌ن و دوایین پرۆژه‌ی ره‌وانشاد توشی شه‌له‌ل بكه‌ن، چوونكه هه‌ردووكیان وه‌ك ئاوی كانی روونن، ته‌نها رێگه بۆ ئه‌وان لێدان بوو له‌و هاوڕێیانه‌ی دوای نه‌وشیروان مسته‌فا ئاڵاكه‌یان به‌ده‌سته‌وه گرت، كاریگه‌رترین و ئاسانترین چه‌كیش بۆ راكێشانی سه‌رنجی دڵسۆزانی پرۆژه‌كه ئه‌م بیرۆكه‌یه كه له ساتی یه‌كه‌مه‌وه كاری له‌سه‌ركرا ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت"پرۆژه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا مه‌زن بوو، به‌ڵام ئه‌مان له ئاستی ئه‌و پرۆژه‌یه نین و له رێبازه‌كه لایان داوه". گه‌وره‌كردنی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه هه‌ڵمه‌تی گه‌وره‌ی بۆ كرا‌و ده‌كرێت چونكه ته‌نها رێگه‌ی وه‌لانانی گۆڕانه و ته‌نها به باوه‌ڕهێنانی دڵسۆزانی گۆڕان ده‌توانن به‌م رسته‌یه ده‌توانن پاشه‌كشه به‌دوایین پڕۆژه‌ی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فا بكه‌ن، به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی له پشتی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ن له قۆناغی بوونی كاك نه‌وشیروان له گۆڕه‌پانه‌كه به جۆره‌ها رێگای ناجۆرو ناشیرین دژایه‌تی بیرۆكه‌ی گۆڕانیان كرد.
من بۆ خۆم له سیاسه‌تدا باوه‌ڕم به كاری فریشتانه‌و سیاسه‌تمه‌داری فریشته‌ییی نییه، سیاسه‌ت خاڵی نییه له خواروخێچی به‌ڵام كرۆكی سیاسه‌ت ئه‌خلاقه، ده‌شێت و ده‌كرێت هاوڕێیانی دوای خۆی كه‌موكوڕی زۆریان هه‌بێت، ده‌شزانم بۆشایی نه‌بوونی نه‌وشیروان مسته‌فا گه‌وره‌یه‌و وا به‌زوویی و ئاسانی پڕنابێته‌وه، له‌به‌رچاوی خه‌ڵكیش روونه كه ئه‌و له هه‌موو خه‌ڵك رۆشت و قۆناغه‌كانی دوای ئه‌و هه‌موو خه‌ڵك بێ جیاوازی تێیدا باجی دا، به‌شێكی زۆر پێیان وایه ئه‌گه‌ر له ژیاندا بوایه رووداوه‌كان به ئاقارێكی دیكه ده‌رۆیشتن به زیانی كه‌متر لێی ده‌رده‌چووین.
به‌ڵام یه‌ك راستی هه‌یه، به‌رهه‌می نیو سه‌ده تێكۆشانی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و پرۆژه سیاسییه‌یه كه كه له ده‌یه‌ی كۆتایی ته‌مه‌نیدا بۆ ریفۆرمی سیاسی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و شكۆمه‌ندی خه‌ڵك و سه‌روه‌ری یاسا و دابه‌شكردنی یه‌كسانی داهات و ره‌خساندنی هه‌لی ژیانی یه‌كسان بۆ تاك به تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان رایگه‌یاند و گوتی "ئه‌گه‌ر یه‌ك گه‌نجیش به ئاڵای ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه بمێنێت گۆڕان به‌رده‌وام ده‌بێت" ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش هه‌مان ئه‌وه‌یه كه ئێستا له‌ده‌ستی هاوڕێكانی و خه‌ڵكه دڵگه‌رم و دڵسۆزه‌كه‌یدایه، ئه‌م پرۆژه‌یه له شوێن و مه‌مله‌كه‌تێكی دیكه بوونی نییه بۆلای بچین، له هه‌مان شوێن و مه‌كانه و هه‌مان پرۆژه‌یه‌و ئه‌لفێكیشی لێنه‌گۆڕاوه، ئه‌وه‌ی كه گۆڕاوه شه‌رمی نه‌یاره‌كانه كه ئێستا هه‌موو رێگایه‌ك ده‌گرنه به‌ر بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌م رێگایه، دۆخی رێكخراوه‌یی گۆڕانیش به توانایه‌كی مته‌وازع و سنورداره‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌م پیلانگێڕییانه وه‌ستاوه كه به به‌رنامه‌ی گه‌وره‌و پاره‌ی زۆر و ده‌زگای زه‌به‌لاح ئاڕاسته ده‌كرێت دژ به گۆڕان.
به‌شێك له هاوڕێیانی كاروانی گۆڕان له دڵسۆزی خۆیان كه‌وتنه داوی ئه‌و به‌رنامه شه‌یتانییه بۆ سڕینه‌وه‌ی گۆڕان خراوه‌ته كار، ئه‌گه‌ر نا تا ئێواره‌ی ١٢ی ٥ی٢٠١٨ هیچ ناكۆكییه‌ك له ئارادانه‌بوو هه‌موو گۆڕان وه‌ك خێزانێك به هه‌موو هێزی خۆیانه‌وه هه‌وڵی سه‌ركه‌وتنی به‌رنامه‌ی گۆڕانیان ده‌دا، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی دوای نه‌وشیروان مسته‌فابوو، فرسه‌ت له ده‌نگه‌كان هێنراو كوده‌تای سپی كرا، تا به‌خه‌ڵكی بڵێن پرۆژه‌ی گۆڕان دوای نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌ماو كاتیی بوو، ئامانجی دیكه‌ش هه‌بوو کە دوای ره‌وانشاد به ته‌واوی خه‌ڵك نا ئومێد بكه‌ن و جارێكی كه نه‌چنه‌وه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، قۆناغی دووه‌می ئه‌و پیلانگێڕییه هه‌ڵبژاردنی ٣٠ی ئه‌یلولی پار بوو هیچ كات ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نه پێداگرنه‌بووە له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن چونكه كاری خۆیان باش ده‌زانی و له‌به‌رچاویان بوو خه‌ڵك دوای ١٢ی ٥ له سندوقه‌كان تۆراوه‌و به ئاسانی نایه‌ته‌وه ده‌نگ بدات، ئه‌مه‌ی دووه‌میشیان بۆ چووه سه‌ر، به‌شێك له دڵسۆزانیش په‌تای ئه‌م بێئومێدییه گرتنیه‌وه له‌ناو گێژاوی پیلانگێڕییه‌كه‌دا ونبوون و هه‌ندێكیان پشتیان له پرۆژه‌ی گۆڕان كرد.
راستییه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌رنامه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت هیچ كام له هه‌وڵه‌كانی سڕینه‌وه‌ی سه‌رناگرن و رێگای سیاسه‌تی جوامێرانه و مه‌ردانه‌و خه‌ڵك سالار، قوتابخانه‌ی ئه‌خلاق و به‌ها به‌رزه‌كان هه‌رگیز پشت له زه‌وی نادات، یه‌ك رێگا له پێشه به‌رده‌وام بوون له‌م رێگه‌یه‌و چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌و په‌ڵانه‌ی كه باس ده‌كرێن له‌گه‌ڵ به‌رگه‌گرتنی زیاتری ته‌حه‌دی و پیلانگێڕییه‌كان.