ململانێ لەپێناو گۆڕینی گۆڕان
2/19/2026 9:02:00 PM
سەباح محەمەد ئەشکەنەیى
لەسەرەتاکانی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە؛ ململانێی جۆراو جۆر لەناو ئەم
بزوتنەوەیەدا سەریان هەڵدا؛ دیارترین جۆری ململانێکان بریتیبو لە ململانێی نەوەکان؛
گەنجەکان بڕوایان بەفۆڕمی پاشخانی سیاسی نەوەی کۆن نەبو؛ پێیان وابو نەوەی کۆن لە
سیاسەت و کاری ڕێکخراوەییدا سەرکەوتو نەبون و جگە لە خۆیان و بازنە داخراوەکەی دەوری
خۆیان گوێ لە کەسی تر ناگرن؛ و دان بە
توانا و هێزی نەوەی نوێدا نانێن؛ لەبەرامبەریشدا نەوەی کۆن؛ نەوەی تازەیان بەوە تۆمەتباردەکرد
کە بێ ئەزمون و پشو درێژ نین؛ و ناتوانن یاریزانی باشی ناو مەیدانەکە بن. ئەوەی کە
توانی ئەم ململانێیە ئیدارەبدات و نەهێڵێت بگاتە ئاستی کەرت بون و جیابونەوە خودی ڕەوانشاد
کاک نەوشیروان بو؛ کەسایەتی کاریزمای کاک نەوشیروان وایکردبو کە نەوەی نوێ
" گەنجەکان" ڕێزی لێبگرن؛ و نەوەی کۆنیش جورئەتی وەستانەوەیان
نەبو بەرامبەر ڕەوانشاد.
لەگەڵ نەخۆشکەوتن و دواتر وەفاتی کاک نەوشیروان؛ نەوەی کۆن بە پلان هاتنە مەیدانەکە؛
و بەویستی خۆیان بزوتنەوەکەیان ئاراستە دەکرد؛
شوناسی گۆڕانیان بەجۆرێک گۆڕی کە ناسینەوەی بزوتنەوەکە ئاسان نەبو.
لە دو ساڵی ڕابردو بە ئێستاشەوە؛ ململانێی نێوانمان بریتیە لەوەی کە ئێمە دەمانەوێت
گۆڕان؛ گۆڕانەکەی هاونیشتمانیان و ئێمە بێت؛ گۆڕان بگەڕێنینەوە بۆ شوناسی ئەسڵیەکەی
کە لەپێناویا دامەزراوە؛ بەرەکەی تریش گۆڕانیان بەتێڕوانینە دەسەڵاتخوازەکەی خۆیان
لەلا پەسەندە.