8وتار

ئایا وەرگرتنی مووچەی پەرلەمانتاران یاساییە؟

2/22/2026 12:43:00 PM
فەرمان حەسەن

پەرلەمانتارانی کوردستان لە ٢-١٢-٢٠٢٤ سوێندی یاساییان خواردووەو سیفەتی ئەندامێتی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە لەرووی مافەکانیانەوە، بەڵام موباشەرەکەیان تەنها ئەو سوێند خواردنە بووەو تا ئێستا دەستیان بە هیچ کارێک نەکردووە کە زیاتر لە ١٥ مانگەو وە ١١ مانگیش مووچەیان وەرگرتووە.

١- لەرووی یاساییەوە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان، ماف و ئەرکی پەرلەمانتارانی رێکخستووە، پەیڕەوی ناوخۆ لە ماددەی ١٣ دەڵیت "لە رێکەوتی سوێندخواردنیان کاندیدی براوە دەبنە ئەندامی پەرلەمان گشت مافێکی ئەندامی دەبێت و هەموو ئەرکەکانی دەکەوێتە سەر".

ئەوەی مایەی سەرنجە ئەگەر سوێندخواردن وەک رۆژی موباشەرەی پەرلەمانتار هەژمار بکرێت، ئەوە لەهەمان بڕگە مافەکان و ئەرکەکانی ئەندامێتی پێکەوە هێناوە، بەروونی دەڵیت هەموو ئەرکەکانی دەکەوێتە ئەستۆ، ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا بەپێی ماددەی ١٣ لە پەیڕەوەکە دەکرێت ئەندام هەموو مافەکانی وەربگرێت بەبێ ئەوەی هیچ ئەرکێکی کەوتبێتە ئەستۆ؟ بەو پێیەی ماددەکە ماف و ئەرکی لێک جیا نەکردووەتەوە، ئەگەر بە سوێندخواردنەکە ئەندامێتی بەدەستبهێنێت ئەوا رێکارە یاساییەکە ئەوەیە مووچەکەی بەدەستکردن بەکار بەدەستبهنێت و ئەرک و مافەکانی پێکەوە بدرێت، بەڵام ئێستا تەنها مووچە وەردەگرن لە بەرامبەردا هیچ کار و ئەرکێکی یاسایی نەکەوتووەتە ئەستۆیان.

٢-بەپێی ماددەی ٢٢ ی پەیڕەوەکە ئەندام ئەگەر سێ دانیشتن لەسەر یەک ئامادە نەبێت مووچەکەی بەتەواوی دەبڕدرێت، ئەمە بۆ حاڵەتی غیابە، بەڵام مەفهومی ماددەکەیە پرسیارێک دروست دەکات ئەگەر پەیڕەوەکە بۆ سێ غیاب لە سێ دانیشتن مووچەی پەرلەمانتار ببڕێت کە سێ دانیشتن لە کەمتر لە مانگێکدا بەڕێوە دەچێت، ئایا چۆن پەیڕەوەکە رەوایەتی دەدات بە ١٥ مانگ کارنەکردن و کۆنەبوونەوە وە مووچەی تەواویش بدرێت بە پەرلەمانتاران!

٣- بەپێی ماددەی ٥٦ی یاسای هەڵبژاردن، پەرلەمان چەند ئەرکێکی لە ئەستۆیە (یاسادانان، بڕیار دەرکردن، متمانەدان بە حکومەت، یاسای بوودجە، چاودێریی) پەرلەمانتاران هیچ کام لەم ئەرکانەیان جێبەجێنەکردووە کە یاسا بۆی دیاریکردوون کەواتە مووچەکانیان لە بەرامبەر چ ئەرک و کارێک وەدەگرن؟ پەرلەمانتار بەبێ پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکان ناتوانن هیچ کارێک بکەن، بەپێی ماددەی ٢٨ لە پەیڕەوەکە دەبێت لە ماوەی ٢٥ رۆژدا دەبێت لیژنە هەمیشەییەکان پێک بهێندرێن، ئێستا هیچ لیژنەیەک لە پەرلەمان بوونی نیە، کەواتە هیچ وەزیفەیەک بوونی بۆ پەرلەمانتاران.

٤ـــ پەرلەمانتاران ئەگەر هۆکارێکی رەوا هەبێت کە استحالە دروست بکات دەکرێت بۆ کارنەکردنیان بکرێتە بیانوو بۆیان و مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت، بەڵام لەرووی یاساییەوە هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە کە ئێستا خۆیان دەستەی سەرۆکایەتی و لیژنەکان دروست بکەن و دەست بەکارکردن بکەن ناکۆکی سیاسی لەرووی یاساییەوە نابێتە بیانووی رەوا، چونک بڕیاردەری یاسایی ئەوان لە پرۆسەی دروستکردنی سەرۆکایەتی تەواوکردنی رێکارەکانی دەستبەکاربوونی دامەزراوەی پەرلەمان. ماوەی ١٥ مانگە تەنانەت ناتوانن مومارسەری سیفەتی پەرلەمانتاری بکەن واتە لە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی ناتوانن وەک پەرلەمانتار خۆیان بناسێین و کاری فەرمی بکەن، ئایا دەکرێت بۆ سیفەتێک کە نەتوانی مومارەسەی بکەیت بە فەرمی، هەموو ماف و ئیمتیازەکان وەبگریت؟

دەرئەنجام

 پێویست بوو دیوانی پەرلەمان یاخود حکومەت بەپێی ماددەی نۆیەم لە یاسای ئەنجومەنی شورا ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٨ ئەم پرسە ئاراستەی ئەنجومەنی شورا بکات بۆئەوەی دامەزراوەی پەرلەمان لەوە ناشیرینتر نەبێت با ئەنجومەنی شورا تەفسیری پەیڕەوەکەی بکردایە کە ئایا پەرلەمانتاران شایستەی مووچەن یاخود نا نەک راستەوخۆ بە سوێندخواردن هەموو مووچەکانیان بۆ خەرج بکەن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن