1142وتار

ڕەهەندەکانی شەڕی براکوژی

11/3/2020 1:29:00 PM
ئارام قادر حەمەسور

بێگومان مێژووی کورد بەشێکی زۆری شەڕی براکوژییە، شەڕی ناوخۆ بەردەوام ئەگەرێکی کراوەی کوردەکانە، شەڕی براکوژی بۆتە بەشێکی کەسایەتی تاکی کورد، واتا ئەو شەڕ و ئازایەتییەی کوردەکان لەشەڕی ناوخۆ هەیانە گەر دژی دوژمنان بووبایە ئێستا دەبوونە دەوڵەت.

سەرانی کورد بەردەوام بوونەتە عەڕڕابی شەڕی براکوژی، بە پیلانی دەوڵەتانی دراوسێ و نیودەوڵەتی شەڕی براکوژییان کردووە، سەرانی کورد بوونەتە داشی سەر تەختەی شەتڕەنج و شەڕی بە وەکالەتیان کردووە، ئەم خۆ خۆرییەش وایکردووە نەتوانرێ کوردەکان ببنە دەوڵەت، بەردەوام خاکی کوردان مەیدانی یارییەکان بووە و بینەرانیش دوژمنان بوون و قوربانییانیش تەنیا کوردەکان بوون، براکوژی کوردەکان براکوژییەکی دڕندانەیە.


شەڕی ناوخۆ کارەساتە و چەندین ڕەهەندی ترسناک دروست دەکات، لەڕووی سۆسیۆلۆجی و ئابووری و سایکۆلۆجی ئەنجامی ترسناکی هەبووە، لەڕووی کۆمەڵایەتی هەزاران خێزانی هەڵوەشاندەوە، هەزاران ژن پیاوەکانیان لەدەستدا، هەزران منداڵ بێ باوک بوون.

لەڕووی ئابوورییەوە شەڕی ناوخۆ ژێرخانی ئابووری وێران دەکات. لەڕووی سایکۆلۆجی تاکێکی دڵشکاو و ڕقاوی درووست دەکات. ئەو ڕقەی تا ئێستاش لە سایکۆلۆجییە زۆرینەی کوردانی باشووردا هەیە، بەرهەمی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پاتییە، شەڕی ناوخۆ برینێکی ساڕێژ نەبوویە، شەڕی ناوخۆ وایکردووە تا ئێستاش ڕق لەنێوان لایەنگرانی یەکێتی وپارتی بمێنێ، تا ئێستاش یەکێتی و پارتی لەدوای تۆڵەن و هەڕەشەی شەڕی براکوژی دەکەن.

سەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان بەهەزاران گەنجیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان، زەنگی شەڕی براکوژی لە ئێستادا مەترسیدارە و مێژوو ڕەحم بە عەڕڕابەکانی ناکات، ئازاری شەڕی براکوژی لە ئازاری هەموو شەڕەکانی دوژمنان زیاترە،  وەک عەبدوڵا پەشێوی مەزنیش دەڵێت:

لە پەراسووی شەهیدانی هەر سی ساڵەی براکوژی جەنگەڵێکی چڕو تژی ڕاست کەنەوە لەبەر دەمیان.
با ڕۆندک بێ خواردنەوەیان تۆزی خوێن بێ هەر سێ ژەمیان بە دووکەڵی ئاهی دایکان قانگیان بدەن.
چاوی سووریان پڕ چقڵ کەن... لێ نەگەڕێن کورد کوژەکان بگەنە سەدەی داهاتوو نەوەک ئەویش ئاوەگڵ کەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن