پاڵەوانەکانی مەکینەی پۆپۆلیزم
4/2/2019 3:01:00 PM
ئارام قادر حەمەسور
بێگومان هەموو هێزە سیاسییەکان لەسەرەتای دروستبوونیانەوە دەکەونە ژێر چاودێری کۆمەڵگە، زۆرینەی هێزە سیاسییەکانیش بەشێک لەگوتاری پۆپۆلیزمییان هەیە. هیچ حیزبێک نییە گوتاری پۆپۆلیزمی نەبێت، بەڵام هەیە تەواوی گوتارەکانی لەشێوەی مەکینەی گەورەدایەو بەپێی خواستی عەوام دەجووڵێت. لەسەرەتادا دەکرێت هێزە پۆپۆلیزمییەکان هەستێکی گشتیی ڕابکێشن بۆ گوتارەکانییان، بەڵام دوایی چەند چالاکییەکی سیاسیی و خوێندنەوەی پشتەوەی ڕووداوەکان ئەنجامەکە دەگۆڕێت.
گوتاری پۆپۆلیزمی گوتارێکی ترسناک و بێ بەرنامەیە، گوتارێکی عەقڵانیی نییە و بۆ خەڵەتاندنە. پۆپۆلیزمەکان بەدڵی عەوام سەما دەکەن و خاوەنی بەرنامەی دیاریکراو نین. کەسی پۆپۆلیزم وەک چێشتی مجێورەو هەموو تامێک هەڵ دەگرێت، خاوەنی ئایدیای دیاریکراوی خۆی نییە و زوو بڕیار دەدات و زوو پەشیمان دەبێتەوە، گرنگ دڵی گشتیی ڕازی بکات و بەرژەوەندی خۆی بێتەدی. چونکە ئامانجەکەی دەسەڵاتە نەک گۆڕانکاریی و بەرنامەی ستراتیژیی.
پۆپۆلیزمەکان پشت بەتاکتیکە خێراکان دەبەستن نەک پلانە ستراتیژەکان. بۆیە زوو زوو چالاکی دەکەن، واز لەچالاکییە درێژخایەنەکان دێنن. پۆپۆلیزمەکان درووشمی حەماسی گەورە هەڵ دەگرن و ئاڕاستەی دەسەڵاتی دەکەن، لەڕێگەی درووشمەکانەوە خۆیان دەکەنە پاڵەوان و هەستی خەڵک ڕا دەکێشن. لەکاتێکدا ئەو درووشمانە هەرگیز لە ئێستادا بە خێرایی جێبەجێ نابن.
حیزبەکان بەگشتیی گوتاری پۆپۆلیزمییان هەبووە و کاری لەسەر دەکەن.
گوتاری ناسیۆنالیزمی بەردەوام لای حیزبە دەسەڵاتدارەکان وەک مەکینەیەکی پۆپۆلیزمی خراوەتە گەڕ بۆ ڕازییکردنی هەستی عەوام، یەکێتیی و پارتیی تا ئێستاش لەسەر ئەم گوتارە کاردەکەن. لەکاتێکدا چەندین خیانەتیان کردووە دژی ئەم گوتارە ناسیۆنالیزمییە. ناسیۆنالیزم مەکینەیەک بووە بۆ بە پاڵەوانبوونی سەرکردەکان، ماسکێکە بۆ شاردنەوەی ڕەشاییەکانی خیانەت. گوتاری ناسیۆنالیزمی بەردەوام دەبێتە ئازار شکێن بۆ عەوام و عەوام ڕازی دەکات.
لە ڕابوردووشدا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان گوتاری پۆپۆلیزمییان هەبووە. ئۆپۆزسیۆن دەیەویست بە چوار ساڵ دەسەڵات بڕوخێنێتو بەهەشت دروست بکات. لەکاتێکدا دەکرێت ئۆپۆزسیۆن بەشێکی دەسەڵات بگۆڕێت نەک هەموو دەسەڵات. بۆ نموونە هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەکرێت بڵێ لە چوار ساڵی داهاتوو کار لەسەر گۆڕینی سیستەمی پەروەردە دەکەم، نەک بڵێت ئێمە دەسەڵات دەڕوخێنین و بەرپرسان لە سێدارە دەدەن. ئەمە گوتار پۆپۆلیزمیی و ناواقیعییە و بێ پلانییە. بەهەشتێک بە گوتاری پۆپۆلیزمی دروست بکرێت زوو دەبێتە دۆزەخ.
نەوەی نوێ وەک حیزبێکی تازە دەیەوێت ئەم شانۆگەریی پۆپۆلیزمە گەورەتر بکات. تائێستاش شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی حیزبی نەوەی نوێ سیاسییەکی قبوڵ نەکراوە بەگشتیی و گوومان لەسەر دەوڵەمەند بوون و پێدانی ئەم پڕۆژە گەورانەی هەیە. میدیای نەوەی نوێ NRT هێرش دەکاتە سەر لایەنەکان و لەپاڵ یەکێتیی و پارتییدا هەمووان یەکسان دەکات. ئەمەش سەرەتای کۆمیدییا سیاسییەکەی نەوەی نوێ بوو. چونکە هەمووان دەزانین کە یەکسانکردنی یەکێتیی و پارتیی بەهێزە ئیسلامییەکان و گۆڕان عەقڵانی نییە، بەڵکو مانۆڕێکی پۆپۆلیزمییە و عەوامگەراییە.
سەرۆکی نەوەی نوێ ئەزموونی سیاسیی نەبووە و ڕاستەوخۆ لەبازرگانێکەوە هاتووەتە یاریگای سیاسەت، ئەمەش توشیی هەڵەی ستراتیژیی دەکات. زوو بڕیاردان و پاشان پەشیمان بوونەوەی بەڵگەی ئەم بێ ئەزموونیی و شڵەژانە سایکۆلۆجییەن. بۆ نموونە گوتی: «من وازم لە میدیای نالیا هێناوە» بەڵام هێشتا خۆی خاوەنی ڕاستەقینەی NRT و دەزگای میدیایی نالیایە. یان گوتی: «ئێمە ناچینە پەرلەمانەوە» بەڵام چوون و شەڕی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانیان کرد.
سەرۆکی نەوەی نوێ لەسەرەتادا خۆی وا نیشاندا سیاسییەکی جیاوازە و دەچێتە پەرلەمان، خۆی سەرۆک لیست بوو بۆ پەرلەمان. دەرچوو، بەڵام نەچووە پەرلەمان و کەسێکی تری نارد.
نەوەی نوێ هەموو ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتیی و پارتیی بەحەرامی سیاسیی داناوە، بەڵام حیزبەکەی بردۆتە ناو هاوپەیمانی ئیسڵاح لەعێراقدا، بەشێکی حیزبەکانی ناو ئەو هاوپەیمانییە لەڕابوردوو و ئێستادا لە لوتکەی دەسەڵاتدابوون لەعێراق.
بەگشتیی گوتارە پۆپۆلیزمییەکان لەزەمەنێکدا دەکرێت جووڵە درووست بکەن، بەڵام لەکۆتاییدا ڕووە ئیزدیواجییەکەیان دەردەکەوێت و بێ متمانەیی دروستدەکەن.
گوتاری پۆپۆلیزمیی دەکرێت بۆ ماوەیەک یان هەڵبژاردنێک جێگەی دڵخۆشیی پۆپۆلیزمەکان بێت، بەڵام لەکۆتاییدا بەفری گوتارە پۆپۆلیزمییەکان لە بەردەم هەتاوی حەقیقەتدا دەتوێنەوە. لەکۆتاییدا پاڵەوانە ساختەکان ئاشکرا دەبن و مەکینە پۆپۆلیزمییەکەیان لەکاردەکەوێت. چونکە کەسی پۆپۆلیزم کەسێکە جێگەی گومانەو خاوەنی ئایدیا و حەقیقەتێکی جێگیر نییە. بۆ ئەوەی سیاسییەکان دووربن لە گوتاری پۆپۆلیزمی، پێویستە چوارچێوەی کارنامە سیاسییەکەیان دیاری بکەن بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکانی حکوومەت. ئەگەر حکومەت نەخۆشەکە بێت، کەسی پۆپۆلیزم دەڵێت بەیەک ڕۆژ چارەسەری دەکەم، بەڵام کاتێک بەیەک ڕۆژ هەموو عیلاجەکە دەداتە نەخۆش، ئەو کات نەخۆشەکە دەمرێت. پێویستە حیزبەکان لە گوتاری ناعەقڵانیی و ئیزدیواجیی دوور بکەونەوە، چونکە بەهەشتێک بەخێرایی درووست بکرێت زووش دەڕووخێت.