993وتار

تەڵاقی بێدەنگ مۆتەکەی خێزان

7/25/2022 3:12:00 PM
ئارام قادر حەمەسور

بێگۆمان تەڵاق وەک چارەسەرێکی ناچاری دانراوە بۆ خێزان، کاتێک پێکەوە ناگونجێن و گەیشتوونەتە ئەوپەڕی بێمتمانەیی، تەڵاق لە ڕووی شەرع و یاساوە بریتییە لە کۆتایی هاتن یان دەستبەردار بوونی گرێبەستی هاوسەریی نێوان ژن و پیاو، بێگومان لە ڕووی یاساوە تەڵاق بە دەست پیاوە و خولع بەدەست ژنە و تەفریق بەدەست دادگایە.

ئەوەی ئێمە لێرەدا قسەی لە سەر دەکەین تەڵاقێکی شاراوەیە و کەمتر قسەی لەسەر کراوە، کاری تۆێژەرانی کۆمەڵایەتییە  ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە باس بکەن و هۆکار و چارەسەرەکان دیاری بکەن، تەڵاقی بێدەنگ یان تەڵاقی خۆشەویستی ئەو تەڵاقەیە کە ژن و مێرد لە ناو ماڵی خۆیاندان و گرێبەستی هاوسەریان بەردەوامە، بەڵام بەبێ خۆشەویستی و قسەکردن، تەڵاقێکی ڕانەگەیاندراوە، ژن و پیاوەکە لە سەرەتای هاوسەریی یان دوای چەندین ساڵ لە هاوسەریی گەیشتوونەتە ئەم کێشەیە.

 

 تەڵاقی بێدەنگ زۆرە لە ناو خێزاندا، بەڵام دانپێدا نەنراوە، تەڵاقێکی شەرمنانەی نێو خێزانە. بە خوێندنەوەی سۆسیۆلۆژی لە واقیعی ئێستامان ئەم جۆرە تەڵاقە ڕانەگەیاندراوە زۆرە و هەستی پێ دەکرێت. لە ئێستادا تەکنۆلۆجییە بێدەنگی ئەم تەڵاقەی  درێژتر کردۆتەوە بەهۆی سەرقاڵی زیاتری هاوسەران بە سۆشیاڵ میدیا. ئەم سەدەیە سەدەی بێدەنگی نیوان خێزانە، سەدەی کەمبوونەوەی گفتوگۆی خێزانە.

 

ئەم تەڵاقە ڕانەگەیەندراوە زۆر کات دەگاتە تەڵاقی یاسایی و خولع و تەفریق. هاوسەران لە بەر چەند هۆکارێک ئەم تەڵاقە ڕاناگەیەنن؛ لە بەر ئەوەی تەڵاق  جۆرێکە لە عەیبەی کۆمەڵایەتی، یان لە بەر منداڵەکان و کەسوکارییان.

 

هۆکارەکانی ئەم تەڵاقە زۆرن وەک؛ هەڵنەبژاردنی هاوسەری گونجاو و ئەنانییەت و دەستێوەردانی کەسوکار و گرفتی ئابووری و دەرنەبڕینی خۆشەویستی بۆ یەکتری و سۆشیاڵ میدیا و تەلەفوون و شاردنەوەی کێشەکان لە یەکرتی.

 

چارەسەری ئەم تەڵاقە بێدەنگە لە یەکەم خاڵدا ڕاگەیاندنی کێشەکەیە، چونکە داننان بە کێشەکە نیوەی چارەسەرە، دواتر گفتوگۆ و دانیشتنی دووقۆڵی و بەهێمنی کێشەکان دیاری بکەن. گەر خۆیان نەیانتوانی چارەسەر و دانیشتن ئەنجام بدەن، پێویستە بە زووترین کات پەیوەندی بەتوێژەرانی کۆمەڵایەتی بکەن لە دادگاکان، چونکە درێژ بوونەوەی ئەم بێدەنگییە هەستی خێزانی و خۆشەویستی کاڵتر دەکاتەوە، کاریگەری زۆر سلبی بۆ سەر منداڵەکان دەبێت لە ڕووی بەکۆمەڵایەتیی بوونەوە.

 

خێزان هەیە پێنج ساڵە ژن و پیاوەکە پێکەوە گقتوگۆیان نەکردووە و پێکەوە نەخەوتوون، هەریەکەی لە ژورێک و هەریەکەی مۆبایلێک دەکاتە هاوڕێ. تەڵاقی بێدەنگ لە ئێستادا بۆتە مۆتەکەی کۆمەڵگە و چەندان خێزان لەم دۆخە قەلەقییەدا دەژین. تەنیا بە ناو خێزانن لە واقیعدا خێزانێکی هەڵوەشاون، خێزانێکە لە شێوەی چرایەک کە سووتەمەنی تێدا نەماوە.

 

دەبێ بە زووترین کات لە ڕێی توێژەرانی کۆمەڵایەتی ڕێنمایی وەرگرن و شەرم نەکەن لە کێشەکە. چونکە تەڵاقی خۆشەویستی،  هاوسەران تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی وەک خەمۆکی و  قەلەقی و نامۆ بوون و هەڵچوونی دەروونی دەکات.

 

ساڵانە ڕێژەی تەڵاق لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە، بە پێی ئاماری ساڵی 2021ی دادگاکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ڕێژەی هاوسەرگیری  54837 بووە، وە ڕێژەی تەڵاقیش 11699.

▪️توێژەری کۆمەڵایەتی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن