نەخێری هەولێرییانە
1/30/2021 4:24:00 PM
ئارام قادر حەمەسور
سەرەتا دەبێت واز لەو بۆچوونە پووچە بێنین کە پێیوایە
ئەوەی پارتی بوو خراپە و دەرەوەی پارتی باشە، بۆچوونێکی حیزبییانەی پووچە. دەبێت
لەچوارچێوە گشتییەکە ئەم جۆرە سەپاندنان بخوێنینەوە، ئەم جۆرە سەپاندنە بەشێکی سیستەمی
فاشییانەیە و سیفەتی ستەمکارانە.
هەولێر بێدەنگ نەبووە لە ئاستی هەڵسوکەوتە ستەمکارانەییەکانی
دەسەڵات، بەردەوام نەخێری هەبوو بۆ دەسەڵات بەڵام بەشێوەیەکی نەرم. هەڵبژاردنەکان
دەریدەخەن خەڵکی هەولێر بێدەگ نییە و نەخێری بۆ دەسەڵات هەیە. سەرەڕای تەزویری زۆری
دەنگەکان.
ئەوانەی دەڵێن "هەولێر بێدەنگە" هیچ
لەحەقیقەتی سۆسیۆلۆجی نازانن و زیاتر هەستی شارچییەتی و حیزبایەتیان بەسەردا زاڵە.
هەولێر شارێکی پەلکە زێڕینەییە و مۆزایکە و لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پتەو نییە وەک
شارەکانی تری وەک سلێمانی. سۆسیۆلۆجییای هەولێر بریتییە لە کۆبوونەوەی کورد و عەرەب
و تورکمان و مەسیحی و موسوڵمان، ئەمانە ناتوانن ببنە چیمەنتۆی کۆمەڵایەتی و بەیەکەوە
بەزووی هەڵوێست وەرگرن. چونکە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان جیاوازە و هەندیجار
دابڕاوە. بۆ نموونە عەنکاوە جیۆگرافییای تایبەتە بە مەسیحییەکان و ناتوانن ببنە چیمەنتۆی
کۆمەڵایەتی و زوو هەڵوێست وەرگرن لەگەڵ پێکهاتەکانی تر.
ئەم حەقیقەتە سۆسیۆلۆجییە کاریگەری لەسەر جوڵەکانی
هەولێر هەیە و ناکرێت نکۆڵی بکرێت.
بۆیە زۆرکات لەدەرەوەی ناوەندی شاری هەولێر، لەقەزاو
ناحییەکانی زیاتر جوڵە و خۆپیشاندان هەیە، چونکە جۆرییەتی دانیشتووان هێندە هەمەڕەنگ
نییە. تا دانیشتوان زیاتر جۆراوجۆر بن شاریش درەنگتر هەڵوێست وەردەگرێت، چونکە پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری خێرایان هەیە بۆ سەر جوڵەکانی شەقام.
بەڵام هەمیشە هەولێر نەخێری هەبوو بۆدەسەڵات و
ستەمکارییەکانی دەسەڵات، بەشێوەیەکی نەرم. سەپاندنی بڕیاڕی یەکگوتاری بۆ نوێژی هەینی
بەسەر مەلاکاندا، بڕیاڕێکی نادیمۆکراسییە. مەلاکان و مزگەوت هێشتاش گەوەرترین کاریگەرییان
بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی هەیە و دەتوانن جوڵە درووست بکەن. ئەم کاریگەرییەش وادەکات
دەسەڵات پەنابباتە بەر مزگەوت.
کاتێک هەندێ مەلای مزگەوت لەهەولێر باسی لایەنە
نێگەتیڤەکەی فیلمە ئێرانییەکەیان کرد، بەشێکی بەشداربووانی نوێژی هەینی لەکاتی
وتاردا ژووری مزگەوتیان جێهێشت. ئەمەش وەک نەخێرێک بۆ دەسەڵات سەیر دەکرێت، دەسەڵاتێک
لەوپەڕی فاشیلیدایەو دەیەوێت لەمزگەوتەوە خۆی جوان بکاتەوە. هەولێرییەکان بەنەرمی
وەڵامی دەسەڵاتییان دایەوە، وەڵامێکی بەهێز و نەخێرێکی گەورە.
دیمەنی تەکاندنی بەرماڵێک لەناو مزگەوتدا، میتافۆرێکی
جوانە بۆ نەخێری ئەم دەسەڵاتە. هەولێرییەکان بەردەوام پڕن لە نەخێر بۆ دەسەڵات، بەڵام
بەشێوەی نەرم و بەهێواشی و بەشێوەیەکی جوان نیشانی دەدەن لەکاتی پێویستدا. هەولێر
پڕە لەنەخێری گەورە و سەنتەری گۆڕانکاری گەورەیە.