سیاسییەکانی ئەفلاتۆن و سیاسییەکانی ئەرستۆ
5/10/2019 12:57:00 PM
ئارام قادر حەمەسور
فەیلەسوفان و بیرمەندان چەندین تیۆریای سیاسییان داناوە بۆ ڕێکخستنی دەسەڵات و کۆمەڵگە. لە فیکری سیاسییدا دوو بۆچوونی بڵاو هەیە بۆ حکومڕانی و دادپەروەری، هەردووکیان لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسییدان. هەریەکەیان دادپەروەری دەبەستێتەوە بە ستایلێکی دەسەڵاتەوە.
بۆچوونی یەکەم لە فیکری ئەفلاتۆندایەو بۆچوونی وایە ئەوەی حکومڕانی دەکات دەبێت فەیلەسوفان بن بەتەنیا، چونکە تەنیا فەیلەسوفان شایستەن و دەتوانن دادپەروەری بچەسپێنن. ئەفلاتۆن کۆمەڵگە دەکاتە سێ چین، یەکەم چینی زۆرینەی کۆمەڵگەیە یان جەماوەر، ئەم چینە زۆرینەن و خەریکی چێژەکانی خۆیانن. دووەم چینی سەربازەکانە، کە سیفەتی توڕەییان تێدایە. سێیەم چینی عەقلانییەکانن کە بریتین لە فەیلەسوفان.
ئەفلاتۆن بۆچوونی وایە فەیلەسوفان دوورن لە چێژو تووڕەیی. واتا جیاوازن لە چینی جەماوەری گشتی و سەربازەکان، بۆیە فەیلەسوفان بەتەنیا شایستەی حکومڕانین. چونکە تەنیا ئەوان عەقڵانی دەجوڵێنەوە.
ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆنیش بەمانا سیاسییەکەی ئەم بۆچوونەی ئەفلاتۆن دەردەخات. ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن بابەتێکی فیکریی قووڵەو گرنگە، ئەفلاتۆن لە کتێبی (کۆمار) لەسەر زمانی سوکڕات باسی ئەشکەوتێک دەکات کە چەند کەسێکی تێدا دەژین لە منداڵییەوە، مل و قاچیان بە زنجیر بە یەکتر بەستراوەتەوەو ناتوانن بجووڵێن، تەنیا بەشێکی ئەشکەوتەکە دەبینن کە بەرامبەر خۆیانە، لە پشتی کەسەکانەوە ئاگرێک هەیە، لەنێوان کەسەکان و ئاگرەکەشدا چەند داهۆڵێک هەیە کە هەندێ جار دەجووڵێن، کەسەکان بەهۆی ڕووناکیی ئاگرەکەوە سێبەری داهۆڵەکان دەبینن لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە نەک سێبەری خۆیان، بەڵام بڕوایان بەم سێبەرانە هەیەو بە حەقیقەتی دەزانن.
یەکێک لەو کەسانەی ناو ئەشکەوتەکە زنجیرەکەی دەپسێنێت و دەچێتە دەرەوەی ئەشکەوتەکەو خۆرو دەوروبەری بەحەقیقی دەبینێت، دواتر دەگەڕێتەوە ناو ئەشکەوتەکەو باسی حەقیقەتی واقیع دەکات، ئامۆژگاریان دەکات و پێی وایە هەمووان لە وەهمدا دەژین و تەنیا خۆی خاوەنی حەقیقەتی ڕەهایە، هەمووان سێبەرەکان دەبینن نەک حەقیقەتی شتەکان، پێی وایە هەمووان لە هەڵەدان و نەزانن.
بە خوێندنەوەی سیاسیی بۆ ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن دەکرێت ئەو کەسەی ڕزگاری بووە فەیلەسوف بێت و شایستەی حکومڕانی بێت. لای ئەفلاتۆن نوخبەی فەیلەسوفان شایستەی حکومڕانین و ئەوانی تر نەزانن و دەبێت ڕزگار بکرێن، لەبەرئەوەش ئەفلاتۆن دادپەروەری دەبەستێتەوە بە بوونی فەیلەسوفان لە دەسەڵاتدا.
ئەم بۆچوونە پێمان دەڵێت کە سەرکردە دەتوانێت دونیامان بگۆڕێت و بەهەشتمان بۆ دروست بکات. بەڵام ئەم بۆچوونەی ئەفلاتۆن زۆرکات دەبێتە هۆی دروست بوونی دیکتاتۆر. دونیا پڕیەتی لەم ستایلەی ئەفلاتۆن، وەک خومەینی و سەددام حسین و هیتلەرو ستالین...
ئەفلاتۆن هەبوونی کۆمەڵگەیەکی دادپەوەرو خۆشگوزەران دەبەستێتەوە بەسەرکردەیەکی فەیلەسوف، نەک یاساو دەزگاکانی دەوڵەت. ئەفلاتۆن سەرکردەیەک دروست دەکات کە خاوەنی حەقیقەتەو ئەوانی تریش جاهیلن، ئەمەش مەترسییەکەیە بۆ دروست بوونی دیکتاتۆری سیاسیی. وەک نیچە گوتی: حەقیقەتی ڕەها مرۆڤ دەکوژێت. مێژووش پڕە لە تەرمی خاوەن حەقیقەتە ڕەهاو دیکتاتۆرەکانی دەسەڵات.
بۆچوونی دووەم هی ئەرستۆیەو پێچەوانەی ئەفلاتۆنی مامۆستایەتی. ئەرستۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەو دادپەروەری نابەستێتەوە بە بوونی سەرکردەیەکی لێهاتوو، بەڵکو دەیبەستێتەوە بە هەبوونی یاساو دەزگای دەوڵەت. ئەرستو بوچوونی وایە ناکرێت سەرکردەی باش بەردەوام خۆشگوزەرانی بێنێت، چونکە کاتێ سەرکردە باشەکە دەمرێت لەوانەیە سەرکردەکەی دواتر باش نەبێت، بەڵام کاتێ دەزگاکانی دەوڵەت باش دەبن خۆشگوزەرانی بەردەوام دەبێت.
ئەفلاتۆن بەدوای دروستکردنی سەرکردەی تاقانەدا دەگەڕێت کە خاوەنی هەموو دەسەڵاتێکە. بەڵام ئەرستۆ دەیەوێت دەزگاکانی دەوڵەت بچەسپێنێت و بەهێزیان بکات.
تا ئێستاش ئەم دوو بۆچوونە لەئارادان، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێکیان خەریکی چەسپاندنی سەرکردەی پیرۆزکراوو بنەماڵەی خۆسەپێنن، بەشەکەی تر لەگەڵ دروستکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەستورو یاسادان.
لەهەرێمی کوردستان ئەم دوو ستایلە بوونی هەیە، ئەوانەی لە دەسەڵاتن بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، ئەفلاتۆن ئاسا خەریکی پیرۆزکردنی سەرکردەو حیزب و بنەماڵەکانیانن. زۆرینەی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتیش خەریکی چەسپاندنی دەستوورو دامەزراندنی دەزگاکانی دەوڵەتن.
بۆئەوەی لە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر دووربین، پێویستە پاڵپشتی چەسپاندنی دەزگاکانی دەوڵەت بکەین و بە نیشتیمانییان بکەین.