فەلسەفەی حکوومڕانی
10/7/2020 12:14:00 PM
ئارام قادر حەمەسور
فەیلەسووفان و بیرمەندان
چەندین تیۆریای سیاسییان داناوە بۆ ڕێکخستنی دەسەڵات و کۆمەڵگە. لەفیکری سیاسییدا
دوو بۆچوونی بڵاو هەیە بۆ حکوومڕانی و دادپەروەری، هەردووکیان لە چوارچێوەی فەلسەفەی
سیاسیدان. هەریەکەیان دادپەروەری دەبەستێتەوە بەستایلێکی دەسەڵاتەوە.
ئەفلاتۆن
بۆچوونی وایە ئەوەی حکوومڕانی دەکات دەبێت فەیلەسووفان بن بەتەنیا، چونکە تەنیا فەیلەسووفان
شایستەن و دەتوانن دادپەروەری بچەسپێنن. ئەفلاتۆن کۆمەڵگە دەکاتە سێ چین، یەکەم چینی
زۆرینەی کۆمەڵگەیە یان جەماوەر، ئەم چینە زۆرینەن و خەریکی چێژەکانی خۆیانن. دووەم
چینی سەربازەکانە، کە سیفەتی توڕەییان تێدایە. سێیەم چینی عەقلانییەکانن کە بریتین
لە فەیلەسووفان.
ئەفلاتۆن بۆچوونی
وایە فەیلەسووفان دوورن لە چێژ و تووڕەی. واتا جیاوازن لە چینی جەماوەری گشتی و سەربازەکان،
بۆیە فەیلەسووفان بەتەنیا شایستەی حکوومڕانین. چونکە تەنیا ئەوان عەقڵانی دەجووڵێنەوە.
لای ئەفلاتۆن
نوخبەی فەیلەسووفان شایستەی حکوومڕانین و ئەوانی تر نەزانن و دەبێت ڕزگار بکرێن، لەبەر
ئەوەش ئەفلاتۆن دادپەروەری دەبەستێتەوە بە بوونی فەیلەسووفان لە دەسەڵاتدا. ئەم بۆچوونە
پێمان دەڵێت کە سەرکردە دەتوانێت دوونیامان بگۆڕێت و بەهەشتمان بۆ درووست بکات. بەڵام
ئەم بۆچوونەی ئەفلاتۆن زۆرکات دەبێتە هۆی دروست بوونی دیکتاتۆر. دونیا پڕیەتی لەم
ستایلەی ئەفلاتۆن، وەک خومەینی و سەددام حسین و هیتلەر و ستالین.
ئەفلاتۆن هەبوونی
کۆمەڵگەیەکی دادپەوەر و خۆشگوزەران دەبەستێتەوە بەسەرکردەیەکی فەیلەسووف، نەک یاسا
و دەزگاکانی دەوڵەت. ئەفلاتۆن سەرکردەیەک دروست دەکات کەخاوەنی حەقیقەتە و ئەوانی
تریش جاهیلن، ئەمەش مەترسییەکەیە بۆ درووست بوونی دیکتاتۆری سیاسییی. وەک نیچە گوتی:
حەقیقەتی ڕەها مرۆڤ دەکوژێت. مێژووش پڕە لە تەرمی خاوەن حەقیقەتە ڕەها و دیکتاتۆرەکانی
دەسەڵات.
بەڵام
ئەرستۆ پێچەوانەی ئەفلاتۆنی مامۆستایەتی،
ئەرستۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە و دادپەروەری نابەستێتەوە بە بوونی سەرکردەیەکی لێهاتوو،
بەڵکو دەیبەستێتەوە بە هەبوونی یاسا و دەزگای دەوڵەت. ئەرستو بوچوونی وایە ناکرێت
سەرکردەی باش بەردەوام خۆشگوزەرانی بێنێت، چونکە کاتێ سەرکردە باشەکە دەمرێت لەوانەیە
سەرکردەکەی دواتر باش نەبێت، بەڵام کاتێ دەزگاکانی دەوڵەت باش دەبن خۆشگوزەرانی بەردەوام
دەبێت.
ئەفلاتۆن بەدوای
درووستکردنی سەرکردەی تاقانەدا دەگەڕێت کەخاوەنی هەموو دەسەڵاتێکە. بەڵام ئەرستۆ دەیەوێت
دەزگاکانی دەوڵەت بچەسپێنێت و بەهێزیان بکات.
تا ئێستاش
ئەم دوو بۆچوونە لەئارادان، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێکیان خەریکی چەسپاندنی
سەرکردەی پیرۆزکراون، بەشەکەی تر لەگەڵ درووستکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و چەسپاندنی
دەستور و یاسادان.
ئیبن خەلدوون کۆمەڵناسی
عەرەب باوڕی وابوو، کاتێ سەرکردە سیاسەت و بازرگانی تێکەڵ کرد، بەرەو ڕووخان دەڕوات.
ناکرێت سیاسەت و
بازرگانی پێکەوەبن. سیاسیی بازرگان بەرەو گەندەڵی و قۆرخکاری دەڕوات و حکوومڕانییەکی
گەندەڵی دەبێت.
فارابیش باوەڕی
وابوو، سیاسەت وەک جەستە وایە، واتا جەستە لەکۆمەڵێ ئەندام پێکهاتووە و ئۆتۆماتیک
خۆیان کاردەکەن. سیاسەتیش کۆمەڵێ بنەمای هەیەوە و پێکەوە سیاسەت دەجوڵێنن. بەڵام سیاسەت
پێچەوانەی جەستە ئەندامەکانی ئۆتۆماتیک کارناکەن.
لای فاڕابی دڵ سەنتەری
جەستەیە و لەگشت ئەندامەکانی تر گرنگترە. بەهەمان شێوەش لەسیاسەت و حکوومڕانیدا سەرۆکی
حکومەت دەوری دڵ دەبینێت و سەنتەری بڕیارە، سەرۆک بەرپرسیاری یەکەمە.
حکوومەتی هەرێمی
کوردستان لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام 2003 خاوەنی چەندین بیرە نەوت و بۆڕی نەوتە،
پارەیەکی زۆر لە بەغداوە تا ئێستاش دێتە هەرێم. بەڵام ناتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی
دابین بکات.
لەم سەردەمی کۆڕۆنایەدا
حکوومەت لەپشتی لاپتۆپەوە خەریکی کۆبونەوەیە، بەڵام جگە لەخراپی باری دەروونی هاونیشتیمانییان،
حکوومەت باری ئابووری هاونیشتیمانییانی گرانتر کردووە.
بەڵام زۆرینەی
حکومەتەکانی دوونیا هەموو داهاتی خۆیان خستۆتە خزمەتی خەڵکەکەیان و ژیانێکی شایستەیان
بۆ هاووڵاتییەکانیان دابین کردووە.
بێدەنگیش دەسەڵات
زیاتر قەڵەوتر دەکات، بەقەولی محمد ماغووت ئەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگە دەسەڵات
نییە بەتەنیا، بەڵکو مەوادی حافیزەکەیەتی. چونکە هێشتاش بەشێکی زۆری خەڵک پارێزەی
ئەم دەسەڵاتەیە.