وتار

ئەزموونێکی نوێ و تاقیکردنەوەی پارتی

5/13/2020 4:51:00 PM 1258 جار خوێندراوەتەوە
چۆلی ئه‌سعه‌د


ئەزموونی تاڵ:
ئەزموونە شکستخواردووەکەی هەرێمی کوردستان لە پراکتیزەی دیموکراسی، دادی کۆمەڵایەتی، دامەزراندنی ژێرخانی ئابوری، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، باڵادەستی حزب بەسەر حکومەت، نەبوونی دامەزراوە نیشتمانی، رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک، ئازادیی راستەقینەی رادەربڕین و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بە خەڵک و ... پێویستی بە بەڵگە هێنانەوە نییە. ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو و بەرجەستەکردنی راستییەکان بۆ خەڵک لەوە تێپەڕیوە درشمی هەڵبژاردن و بانگەشەی موزایەدەچی و پۆپۆلیستەکانی حزب و موزایەدەی ئێکسپایەری کوڕە گەورەکانی حزب بەقەد پاراستیمۆڵێکیش لە ئازارەکانی دەروون و جەستەی پڕبرین و گیرفانی خەڵک کەم بکاتەوە.

پەندکانی رابردوو:
رابردوو ئەگەر حزبەکانیشی فێرنەکردبێ، ئەوە زۆر بەباشی خەڵکی ئازارچەشتوو و کەسوکاری شەهیدانی سەنگەری خەباتی رزگاری حاڵی کردووە، کە ئەزموونی حوکمڕانیی کوردی پێش هەرشتێ لەخەمی حزب و کوڕەکانیدابووە. ئەوەندەی شەڕی بۆ ئایندەی نەوەکانی کردووە و داهاتووی بۆ مسۆگەرکردوون، لە خەمی نەک خەڵکی سادەی برسیدانەبوون، بەڵکو لە ئازاری مناڵی شەهیدانی هاوڕێ و هاوسەنگەریشیاندا نەبوون، ئەوەندی لەخەمی پاراستنی دەسەڵاتی خۆیاندابوون، لەخەمی کۆی قەوارەکەدانەبوون.. ئێستا خەڵک دەبێ دەرسی وەرگرتبێ، دەبێ بزانێ رابردوو بۆ ئەو نەبووە، بەڵام دەشێ داهاتوو بۆخۆی بگێڕێتەوە.

خەڵک لەو رابردووە دوو وانەی خوێند: 
یەکەم: دەبێ خۆی خەم لە ئایندەی خۆی و گەلەکەی و نیشتمانەکەی بخوات و چیتر قەدەری خۆی بۆ حزب و کۆمپانیاکانی بەجێنەهێڵێت.
دووەم: رووی داواکاریی بکاتە ئەو هێزانە تا پێیان بڵێ ئیتر سەردەمی گوێڕایەڵی بۆ ئێوە تەواوبوو، ئەگەر گوێ لە داوای خەڵک نەگرن، دەشێت قسەی تری هەبێت و قسەکانی بەدڵی ئێوە نەبێت.

ئەزموونی جووت حزبی:
سێ دەیەیە، ئەزموونی جووت حزبی لەژێر نەشتەری تاقیکردنەوەی حوکمڕانیدایە، بەداخەوە بەرهەمی چاوەڕوانیەکەی کاڵ بوو، بۆیە دەبێ گەلی کوردستان و حزبەکانی و کۆمەڵی مەدەنی تیایدا جورئەت بکات دەست بۆ ئەزموونێکی دیکە ببەن:

تاقیکردنەوەی تاک حزبی لە بەڕێوەبردندا: جووت حزب کە لە هەموو شتدا هاوئاواز بن و لە دابەشکردنی داهات و سەروماڵدا نیوە بە نیوە بن و جورئەت نەکەن کۆتایی بە سنووری دوو ئیدارەیی بێنن و رەنگی دەڤەرەکانیان ناسنامەی بەڕێوەبردنیان بێت، هێشتا بیانووی زۆر بچوکی نێوانیان مەترسی بۆ ژیانی سەرتاپای کۆمەڵی ئێمە دروستبکات و پێوەری خزمەتگوزاری و دامەزراندن ئینتیمای حزبی بێت، هاوڵآتیبوون مانای نەبێ شایەنی دەستبەرداربوونە. بۆیە دەبێ کۆمەڵی ئێمە بیانخاتە ململانێی دیموکراسی و خزمەتگوزاریەوە، تا بەم شێوەیە چاویان لەدەستی یەکتر و لاساییکردنەوەی یەکتر و کۆپیکردنی مامەڵەکردنی یەکتر و جیاوازییان کەم ببێتەوە و لەیەکچوونیان زیاتر بێ دەبێ لەیەکتر داببڕێنرێن.

تاقیکردنەوەی پارتی: پارتی وەک هێزێکی سیاسی باڵادەست، بە سوودوەرگرتن لە سیستمی هەڵبژاردن و ئابووری کوردستان و هێز و ئەزموونی حوکمرانی و حزبی وایکردووە، زۆرجار بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەی بخرێتە ئەستۆ، پارتیش بەهۆی بوونی شەریکی بەردەوام لە حوکمڕانیدا بە ئاسانی توانیویەتی خۆی لە بەرپرسیارێتییەکە جیابکاتەوە، ئەم ئەزموونە درێژخایەنە بە تاقیکردنەوەی پارتی لە بەڕێوەبردنی حوکمکردندا دەبێت. ئەوکات هێزەکانی تر دەتوانن لە دەرەوەی سیستمی بەڕیوەبردن و بە یاسا و بەپێی بەدەستهێنانی دەنگی خەڵک لە نزیکترین هەڵبژاردندا بودجەیان لە حکومەت هەبێ، بۆ ئەوەی بتوانن هەبن و ململانێش بکەن. 

پێویستییەکانی دیکە:
1-هێزی نیشتمانی: تا یەکێتی و پارتی بەم شێوەیەی ئێستا شەرکی دەسەڵاتبن و هەمووشتێک بەناوی خۆیانەوەبێ، لە پێسمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگری و بە هەموو توانیانەوە بۆ خۆیان و پاراستنی خۆیان بەکاری بێنن، ناکرێ چاوەڕێی ئایندەیەکی باشتر بین، بە دوورکەوتنەوە و لێکدابڕان، دەکرێ بە یاسا هێزی نیشتمانی دروستبکرێ و لە رێی دەستورەوە رێکبخرێت.

2-هەموو لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێی ئەوە بکەن باشتر خزمەت بکەن، لەم پێناوەشدا هەرچی هێزی حزبییان هەیە بیخەنە خزمەت حکومەتەوە، کەسایەتییە بەهیزەکانیان لە حکومەت و دامەزراوە نێشتمانییەکان دابنێنن و کێبڕکێی کاری باشتر بکەن.

3-دەستور: داڕستنی دەستورێکی مۆدێرن و گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان، کە هەمووان ناچاربکات رێزی لێبگرن.

4-دروستکردنی دامەزراوەی نیشتمانی و پاراستنی مافی هاوڵاتیبوونی وەک یەک بۆ هەموو تاکێکی کوردستان بەدوور لە رەنگ و ئایین و خزمایەتی و ناوچەیی..

نووسینەوەی ئایندە:
لە پەراوێزی ئەو رابردووەی بەدەگمەن خاڵی تیایە کە شانازی پێوە بکرێ، دەکرێ چەند ئەگەرێک ئایندە بەشێوەیەکی دیکە بنووسنەوە کە لەگەڵ خواستی پلان بۆ دانراوی حزبە دەسەڵاتخوازەکان نەگونجێت.

بیست و نۆ ساڵە تا ئێستا پەتای جووت حزبیی باڵی بەسەر دابەشکاریی سیاسی و ئابوری و ژیانی خەڵکی کوردستاندا کێشاوە، ئەو دابەشکارییە هەر رۆژەی ئەگەری داروخانێکی تر بە دیدگای خەڵک نیشاندەدەن، هەر رۆژەو هێندە ترس دەخەنە دڵی خەڵکەوە، تا بگاتە ئاستی ئەوەی دوعا بکەین بڵێین خوایە ئەوە هەیە لێمان تێکنەدەی، ئەوەی هەیە بە هەموو تاڵێیەکانیەوە دەشێت سپی بکرێتەوە. بۆیە دەبێت ئەم پێکهاتەیە و ئەم نەخشە ناشیرینە بگۆڕێت.

ئەم ئەزموونی دەسەڵاتدارییە، لە دوونیادا دەگمەن و ناوازە و نامۆ نییە، بەڵام گەلی کوردستان دیاردەیەکی ناوازەیە، ناوازەییەکەی لە هەڵکەوتەی جوگرافی و مێژووی تاڵی خۆکردی خۆی و کاریگەرییەکانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ئابوری و.. سەرچاوەی گرتووە، بۆیە ئەگەر بڵێن ئەزموونی حوکمڕانی زۆر وڵات و شوێنی دونیا و ناوچەکە هەر بەم شێوەیە بووە، دەبێ پێیان بوترێ ئێمە دەبێت وانەبین.

مێژوو بەزەیی بەکەسدا نایەتەوە، ئەوەی کەمێک شارەزای مێژووی گەلی کورد بێ، دەزانێ چۆن دووبارە دەبێتەوە، بێ ئەوەی وانەی بەجێهێشتبێ. دەبێ ئەو میژووە ئاراستەکەی بگۆڕیدرێت، لەلایەن ئەو هێزانەی ئێستا بەرپرسن.

جوگرافیا، ئەگەرچی فاکتەرێکی کاریگەرە لەسەر سنووری جوگرافی و دروستبوونی دەوڵەت، بەڵام بۆ گەلی کوردستان ناتەبایی و یەکتر قبوڵکردن و بێ بڕوایی بە خود و بەوانی دیکە، هێزی بۆ فاکتەرە جوگرافیەکە نەهێشتۆتەوە.

تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێ:
ئێستا لەو دۆخە سیاسییە ناهەموارەی ناوچەکە و وڵاتانی دروسێ، کە کورد هەمیشە بەشی زۆری بەرپرسیارێتی شکستەکانی خستونەتە ئەستۆ، لە هەموو کات لاوازترن و لە دۆخی ئابووری و سیاسی گرژدادەژین، ئەگەر ئێستا کورد ئەزموونی مامەڵەی خۆی لەگەڵ خۆی نەگۆڕێت، رەنگە تەمەنێکی پێویستبێ تا جارێکی دیکە پێی بگاتەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن