وتار

سەروەریی هەرێم

7/24/2022 9:23:00 AM 90 جار خوێندراوەتەوە
چۆلی ئه‌سعه‌د

 

سوپای تورکیا بە قووڵایی (١٠٥) کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە، زیاتر لە (١٠٥) بارەگا و بنکەی سەربازیی داناوە، زیاتر لە چوار هەزار سەربازی لەناو خاکی عێراقدا هەیه‌ و زرێپۆش، تانک، تۆپ، کۆپتەر و چەندین جۆری تەقەمەنی و چەکی سووکیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە..

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین پرۆسەی سەربازیی لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە و جگە لە ئەنجامە سەربازییە ڕاگەیەنراوەکان، دەیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی کردە سەربازییەکان، تا ئێرە حکومەتی هەرێم هەموو شتێکی ئاسایی وەرگرتبوو، وەک ئەوەی هاوڵاتییە شەهیدەکان لە هێرشکردنە سەر بارەگاکانی تورکیا کوژرابن و کاردانەوە و لیکەوتەکانی لەسەر ئاستی باڵای حزبە باڵادەسەکان و دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتەوە وەک هەر کردەیەکی ئاسایی دوور لە خوێن و قوربانی تێپەڕبوون، تەنیا لەسەر ئاستی میللیدا ئەگەر نیگەرانیەک لە هەندێک ناوچەی هەرێمدا هەبووبێت.. تا ئەو رۆژەی دواجار لە سنوری شاری زاخۆ گروپە گەشتیارییەکان کرانە ئامانج و نۆ گەشتیار شەهید بوون و ٢٢ ی دیکەش برینداربوون، ئیتر لێرەوە شەقامی عێراق جوڵا و سەرکردە سیاسییەکان (سەربەخۆبن یان نا) پەیامی توندیان بڵاوکردەوە و نێردە سیاسییەکانی تورکیا بە بەغدای پایتەختیشەوە کرانە ئامانج، هەڕەشەی بایکۆتی بازرگانی و پەیوەندییەکان کرا، پەلاماری بنکە سەربازییەکانی تورکیا درا.. ئەم پەلامارەی گەشتیاران دیمەنی جیاوازی نەک تەنیا لەسەر ئاستی عێراقدا بەخۆوە بینی، بەڵکو سەرکردە و کەسایەتییە باڵادەستەکانی هەرێمیش (کە ساڵانی پێشوو بۆ قوربانییەکان زۆر نیگەرانییشیان پێوە دیارنەبوو)، ئەمجارە تەرمی قوربانییەکان هەڵگرت و لە ناخەوە هەستمان بە هاوسۆزییان دەکرد، لەگەڵ ئەوەی ئەو پرسیارەشمان لەلا دروست ببوو، ئەرێ لە بۆ قوربانییەکانی دیکە لە کوێ بوون؟

ئێستا پرسیارێکی تریش دروست دەبێت؛ ئەرێ هێزی پارتە کوردییەکان، بۆچی یەک مەتر ئەملا و ئەولا و هاتنە پێشەوە لەیەکتر قبووڵ ناکەن و سەد و پێنج کیلۆمەتر لە بێگانە قبووڵ دەکەن؟ یان بە فەلسەفەی ئەرکی دراوسێ قورسە، بێدەنگیان هەڵبژاردووە؟

کەواتە، سەروەریی خاکی هەرێم و پیرۆزیی خاکی کوردستان، کە وێردی سەرزمان و کانگای شانازیی هێزە باڵادەستەکانن و لەو پێناوەدا دەیان هەزار چەکدار و توانای سەربازیی و مادییان بۆ تەرخانکردوون بۆچی قبووڵی ئەوە دەکەن دراوسێیەک بەو شێوەیە بخزێتە قووڵایی نیشتمانەکەمانەوە !!

ئەی سەروەریی چییە و لە کوێیە؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن