خۆ بە پاڵەوانکردن لە میدیای کوردیدا
7/11/2026 1:43:00 PM
د. چۆلی ئهسعهد
چۆلی ئەسعەد
ئەنیشتاین دەڵێت:
چەند زانیاری زیاتر بێت، من بچووکتر دەبێتەوە،
چەندین زانیاری کەمتر بێت، من گەورەتر دەبێت..
بەکارهێنانی جێناوی "من" و لکاندنی
خاوەندارێتی شتەکان بە خۆوە (وەک: میوانەکەم،
بەرنامەکەم، پرسیارەکەم) لەلایەن پێشکەشکاران و
بێژەرانەوە، یەکێکە لە دیاردە
باوەکانی نێو میدیای کوردی، بەڵام لە ڕووی ئیتیكی
پیشەیی و بنەماکانی ڕاگەیاندنەوە،
تێبینی زۆری لەسەرە، تێبینییەکان چین؟
١. پشتگوێخستنی
کاری گرووپ
هەر بەرنامەیەک یان بابەتێکی میدیایی، بەرهەمی
ماندووبوونی گروپێکە (دەرهێنەر،
وێنەگر، مۆنتێر، ئامادەکار، ڕووناکی و دەنگ).
کاتێک پێشکەشکار دەڵێت "من"، بە
مەبەست بێت یان بێ مەبەست، هەوڵی هەموو ئەو کەسانە
دەخاتە پەراوێزەوە و وەک
سوپەرمانێک خۆی نیشان دەدات، کە بە تەنیا هەموو
کارەکان دەکات. لە میدیا
جیهانییەکاندا، زیاتر جێناوی (ئێمە) بەکاردێت بۆ
نیشاندانی ڕێز لە هەوڵی ئەندامانی دیکەی تیمەکە.
٢. دوورکەوتنەوە
لە بابەتیبوون
ئەرکی سەرەکی بێژەر یان پێشکەشکار گواستنەوەی
زانیاری و پرسیارە، نەک سەپاندنی خودی
خۆی. بەکارهێنانی (من) وادەکات پێشکەشکار ببێتە
چەقی بابەتەکە، لەبری ئەوەی تەوەرەکە یان میوانەکە چەق بن. ئەمە لە زانستی
پەیوەندییەکاندا بە (ئاوسانی خود) ناودەبرێت.
٣. پەیوەندی
لەگەڵ بینەر
کاتێک پێشکەشکار دەڵێت میوانمان یان بەرنامەکەمان،
بینەریش هەست دەکات بەشێکە لەو پڕۆسەیە و ڕێزی لێگیراوە. بەڵام دەستەواژەی میوانەکەم
جۆرێک لە خاوەندارێتی
نیشان دەدات، کە وادەکات بینەر هەست بکات تەنها
چاودێرێکی دەرەکییە نەک بەشێک لە
گفتوگۆکە.
٤. بۆچی
لە میدیای کوردیدا زۆرە؟
چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەم دیاردەیە:
- نەبوونی خولی پرۆفیشناڵ: زۆرێک لە پێشکەشکاران لەسەر بنەمای ستایلی کەسی
کار
دەکەن نەک بنەما ئەکادیمییەکان.
- کولتوری ناوداری: زۆرێک لە میدیاکاران دەیانەوێت ناو و
کەسایەتی خۆیان لە پێش ناوەڕۆکی بەرنامەکە بێت بۆ کۆکردنەوەی فۆڵۆوەر
و
ناوبانگ.
-تێنەگەیشتن لە زمانەوانیی میدیایی: لە زمانی کوردیدا (من) زۆر جار بۆ
جەختکردنەوە بەکاردێت، بەڵام لە میدیادا دەبێتە نیشانەی خۆسەپێنی و خۆ
بەگەورەتر زانین لەوانی تر.
٥. جێگرەوە
گونجاوەکان چیین؟
پێشکەشکارە سەرکەوتووەکان دەتوانن ئەم دەستەواژانە
بەکاربهێنن:
- لەبری میوانەکەم ➔ بڵێت:
میوانی بەرنامە، میوانمان، میوانەکەمان، یان ناوی میوانەکە
بهێنێت.
- لەبری من پێم وتن ➔ بڵێت:
وەک ئاماژەمان پێدا، وەک باسمان کرد.
- لەبری پرسیارەکەم ➔ بڵێت:
پرسیارەکەمان ...، دەمانەوێت بزانین....
بەکارهێنانی "من" بە شێوەیەکی بەردەوام
نیشانەی کەمیی ئەزموون و ناپیشەییبوونی
میدیاکارە. گۆڕینی ئەم جێناوە بۆ ئێمە یان بەکارهێنانی
ڕستەی بێ لایەن، نەک تەنها
ڕێزگرتنە لە تیمی کارکردن، بەڵکو وێنەیەکی بەرز
و پرۆفیشناڵتر بە پێشکەشکارەکە
دەبەخشێت و متمانەی بینەریش زیاتر دەکات.