وتار

سزایان بدەن...

11/25/2021 1:01:00 PM 110 جار خوێندراوەتەوە
چۆلی ئه‌سعه‌د

 دەرکەوت ئاڵاکەی کوردستان ساڵی رابردوو ڕەشەبا خستویەتی.. ئێستا دەبێ، ئەو بەرپرسە حکومی و پەرلەمانتار و بەناو سیاسییانەی نیگەران بوون و تۆمەتیان دەبەخشیەوە و داوای سزادانی خوێندکاران و دەستگیرکردنیان دەکرد سزا بدرێن، ئاخر نابێت تۆیەکی سیاسی و بەرپرس و پەرلەمانتار بەبێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و دڵنیابوون لە راستی رووداوەکان تۆمەت ببەخشیتەوە و سوکایەتی بە ناوی خوێندکار و خەڵکەوە بکەیت و لە شوێنی خۆتەوە حوکم بدەیت و کوڕ و کچی خۆشی لەخۆ نەدیوی ئەم هەرێمە بەسزا گەیاندن بگەیەنیت، لەبەر ئەوە نا کە ئاڵای خستووە، لەبەر ئەوەی تۆ نازانیت مەسەلە چییە و حکومی پڕ دڵڕەقانەی خۆت دەدەیت و دەتەوێت پێمان بڵێی کە تۆ لە کوڕ و کچی گەنجی ئەم هەرێمە بۆ ئاڵاکەی باشتریت و رێزی لێدەگریت..

 

ئەو ئاڵایە پێش هەرکەسێک دەبێت تۆی بەرپرس رێزی لێبگریت و من و گەنجی ژێر سایەی ئاڵاکە هەست بە ئارامی و ژیان و عەدالەت بکەم، ئاڵا بۆ کۆکردنەوە و دادپەروەرییە نەک بۆ پەرستن، ئێستا کە تۆ هاوارت لێ بەرزدەبووەوە و ئۆقرەت لەبەر بڕابوو و خەمی شکۆی ئەو ئاڵایەت بوو، بۆ خەمی هەناسە ساردەکانی گەنجانی ئەم هەرێمەت نییە؟ بۆ بۆ شەق و گازی فرمێسک ڕێژ و سووکایەتی گەنجانی ژێر سایەی ئەم ئاڵایە باکت نییە و هاوار ناکەیت، خۆ بەڕیزت بوویت لەدەرگای ئەو گەنجانەت دەدا دەنگت پێبدەن و بتگەیەنن بە پەرلەمان بۆئەوەی پارێزگاری لە شکۆ و کەسایەتیان بکەیت و خزمەتگوزاریان بیت..

 

سزایان بدەن ئەوانەی بەبێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و تێگەیشت لە راستی سزای خەڵکیان دەدا، ئەوەی ئەوان سوکایەتییە بە ئاڵا ، ئەوەی ئەوان شکاندنی شکۆی ئاڵآیە، چونکە لەسایەی ئەو ئاڵآیەدا لە خۆشی ژیانی خۆیەوە تۆمەت بۆ گەنجان دروست دەکات و داوای سزادانیان دەکات.. رێز لەو ئاڵآیە بگرن بۆئەوەی هەمووان رێزی لێبگرن، مرۆڤەکانی ژێرسایەی بپارێزن و خزمەتیان بکەن و دڵی شکاویان رابگرن، جا بزانە ئەو ئاڵایە خۆی چۆن دەگەشێتەوە و دەشەکێتەوە.. ((ڤیدیۆی دروستی ئاڵاکە، گەنجەکان ئاڵاکە دەپارێزن نەک بیدڕێنن))

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن