وتار

بەها و بەرپرسیارێتی لە راگەیاندنی کوردیدا

12/20/2021 9:27:00 AM 654 جار خوێندراوەتەوە
چۆلی ئه‌سعه‌د

 



بە لێوردبوونەوە و هەڵسەنگاندنێکی وردی زانستیانەی راگەیاندنی کوردی لە قۆناغی ئێستایدا، بە ڕوونی درک بەوە دەکرێت کە پەیوەندی نێوان راگەیاندن و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی (بە شێوەیەکی گشتی) لەبەردەم گرفت و لادانی ئیتیکییدایە و لە خزمەت گەشە و پەروەردە و بەها جوانە کۆمەڵایەتییەکان و دەنگ و نوێنەرێکی سەرڕاست و پیشەییانە نییە لە هەموو ئاستە جیاجیاکانی پەخش و پێشکەشکردن و خستنەڕوودا.

راگەیاندن رۆڵیکی فرە رەهەند لە کۆمەڵدا دەبینێ و لە گشت بوارەکانی ژیانی کۆمەڵدا ئامادەیی هەیە. راگەیاندن، لەپاڵ چەند کایەیەکی تردا، رۆڵ لە پەروەردەی کۆمەڵایەتیدا دەبینی. بە گوێرەی قوتابخانە نوێکانی هزری کۆمەڵایەتیش، راگەیاندن یەکێکە لە پایەکانی دیموکراسی و یەكێکە لە هۆکارەکانی و روخسارێکە لە روخسارەکانی، بە شێوەیەکی کاریگەر و لە رێگەی بەشداریەکی کارا لە پرسە گرنگەکانی خەڵک ئامادەیە و کاریگەریی هەیە و جێدەستی لە پەروەردەی کۆمەڵدا بەجێدەهێڵێت.

بە شێوەیەکی گشتی و بە پێی تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان، راگەیاندن لە هەر کۆمەڵێکدا چەند رۆڵێک دەبینێت، بەڵام ئایا راگەیاندنی کوردی لەگەڵ هەر خاڵێک لە رۆڵەکاندا لە ئاست چی دۆخێکدایە و گرفتەکەی لە کوێدایە و لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ بنەماکان کامانەن و ئاست و بەرپرسیارێتی راگەیاندنی کوردی چۆن جێگای دەبێتەوە؟ دیارترین رۆڵەکان و پێگەی راگەیاندنی کوردی تیایاندا:
یەکەم: (راگەیاندن راستگۆیانە و گشتگیرانە و بە وریاییەوە کۆمەڵ لە رووداوەکان ئاگادار دەکاتەوە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە راگەیاندن دەبێت ورد و بە دروست بێت و جیاوازیی بکات لە نێوان راستی و بۆچووندا). راگەیاندنی کوردی گرفتی لەدەستدانی متمانەی هەیە، چونکە رۆژانە لەگەڵ بیستنی هەواڵ و زانیارییەک لە راگەیاندندا گوێمان لەو رستەیە دەبێت، کە تۆ بڵێی ئەمە راست بێت؟ خودی ئەم پرسیارە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە متمانە لەئاستی خۆیدا نییە و ئەوەی بینەر و خوێنەری راگەیاندنی کوردی بێت، هەست بەوە دەکات کە هەواڵی ساختە یەکێکە لە سیماکانی.

راگەیاندنی کوردی گشتگیریش نییە، چونکە هەتا ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی دیاریکراو نییە کە تەنیا بکرێت بە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری و پێویستمان بە کەناڵێکی دیکە نەبێت بۆ وەرگرتنی بەشەکانی دیکەی هەواڵ و زانیاری و وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارانە بێت کە لەلای مرۆڤ دروست دەبێت. لەگەڵ ئەمەشدا راگەیاندنی کوردی بە ئاسانی زانیاری و بۆچوون تێکەڵ دەکات و بەیەک نرخ دەیانبەخشێتەوە و بڵاویان دەکاتەوە. ئەمانەش ئەو راستیانەن کە راگەیاندنی کوردی لە یەکەم ئاستی رۆڵی بەرپرسیارێتی و ئەرکی میدیاییدا دەیبینێت.

دووەم: (راگەیاندن مینبەرێکە بۆ رەخنە و تێبینییەکان، دەرفەت بە دەربڕینە دژەکانیش دەدات). بە تێڕوانینێکی سەرپێیانە ئەو راستییە دەردەکەوێت، کە راگەیاندنی کوردی بە گشتی مینبەری رەخنە و تێبینی نین، یان بە گشتی هیچیان بەهەمان پێوەری بێلایەنی و بابەتییانە و دوور لە بەرژەوەندیی گشتی و بەدەر لە بەرژەوەندی تایبەتیی خاوەن دامەزراوەی میدیایی دەرفەتی یەکسان بە رەخنە و تێبینی نادات کە لەگەڵ گوتاری ئەودا ناگونجێت.

سێیەم: (بەشێوەیەکی بابەتییانە وێنەکان دەگوێزێتەوە). بابەتی بوون وەک فاکتەرێکی سەرەکی کاری میدیایی لە روخساری میدیای کوردیدا نابیندرێت و بەدی ناکرێت، بە ئاسانی سیمای گوتاری خاوەن دامەزراوە و ئایدیای پشت راگەیاندنەکە هەستی پێدەکرێت و رەنگدەداتەوە، میدیای کوردی (بە گشتی و بەتایبەت راگەیاندنی بینراو) بابەتیی بوون تەنیا لە چوارچێوەی تێگەیشتن و گوتاری تایبەتیی کەناڵەکان رەنگدانەوەی هەیە.

چوارەم: (راگەیاندن بەرپرسە لە ناساندن و پێشکەشکردن و ڕوونکردنەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان، پێویستە بەها کۆمەڵایەتییەکان پەسەند بکات و رێزیان لێبگرێت و گەشە بە بە بەها جوانەکان بدات). بێبایەخی و گرنگی نەدان بە بەها کۆمەڵایەتییەکان، یەکێکە لە سیما ئاشکراکانی راگەیاندنی کوردی، چونکە ئەو رەخنە هەمیشەیی و جێگیرەی لە راگەیاندنی کوردی بە گشتی و راگەیاندنی بینراوی کوردی (وەک یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازی راگەیاندن) دەگیرێت، بریتییە لە نەگونجان لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییەکان، چونکە هەڵگر و پارێزەر و گەشەپێدەری بەئەمەکی بەها کۆمەڵایەتییەکان نییە و نوێنەرایەتی بەهای کۆمەڵی تر و کلتوری تری مەترسیدار بەسەر بەهای کۆمەڵایتی کوردی دەگوێزێتەوە و درێژەش بەو شێوازەی کارکردنە دەدات.

پێنجەم: (راگەیاندن بەرپرسە لەوەی زانیاریی رۆژانە بدات بە خەڵک، چونکە خەڵک مافی پێدانی زانیاریی دروستی هەیە). راگەیاندنی کوردی (بە گشتی) زۆر گرنگی بە دڵنیایی سەرچاوەی هەواڵ نادات و زۆر بە ئاسانی هەڵدەخەڵەتێندرێت و باڵۆنە هەواڵ و ساختە هەواڵی پێدا رەوانەدەکرێت و دەکرێت بە تاقیگەی فکری سیاسی هێز و کەسایەتییە سیاسییەکان، ئەمەش وایلێدەکات ئاستی متمانەی وەرگر بەرامبەر بە راگەیاندن بێتە خوارەوە و ئەگەر زانیاریی رۆژانەش بگەیەنێت مەرج نییە بڕوا پێکراو و پشتڕاستکراوە بێت.

ئەمانە بە گشتی دەکرێ بۆ ئەوە بگەڕێنەوە کە لە کوردستاندا میدیای نیشتمانی نییە، جگە لە هەندێک پێوەری دیکەی کاری میدیایی، کە راگەیاندنی کوردی بەبایەخەوە مامەڵەیان لەگەڵداناکات، وەک: رۆشنبیریی میدیایی و بەرزیی ئاستی هۆشیاریی و پڕزانیاریی کارمەند و پێشکەشکار و بێژەرەکان و وێنەگرەکان و پەیامنێران و .. ئەمەش لەو دیدار و چاوپێکەوتن و پرۆگرام و بابەتانەدا بەدیدەکرێن، کە رۆژانە پێشکەشیان دەکەن، ئەگەر بەنمونە رووداوی لافاواکەی شاری هەولێر وەربگرین، زۆربەمان ئەو پەیامنێر و بێژەرانەمان بینی چیان دەوت، وەک: ( بێژەرێک: ئاو و ئاوەڕۆکان گیراون !!!)، (بێژەرێک: هاوڵاتیان هەواڵ پرسینی سەرۆکی حکومەت لێێان دڵخۆشی کردن و خەمەکانی بیربردنەوە !!)، (بێژەرێک: سەرۆکی حکومەت راست دەکات، ئەو رووداوە شوکرانەی خوای دەوێ !!)، (پێشکەشکارێک: هاوڵاتیان بۆچی رێنماییەکان بۆ خۆپارێزی لە لافاو جێبەجێ ناکەن؟.. !!)، (پەیامنێرێک: - بۆ ئەو ژنەی مندالەکەی بێ سەروشوێن بوو- تەرمەکەیتان نەدۆزیەوە ؟ ؟ )، (پەیامنێرێک: بۆ پیاوێک- بۆچی ژنەکەت لەوکاتەدا هاوکارت نەبوو لە رزگارکردنی مندالەکان؟)... ئەمانە بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین راگەیاندنکاران و راگەیاندنی کوردی لە چ دۆخێکی مەعریفی و هۆشیاریی میدیاییدایە، لێرەدا باس لەو زمانە تێکشکاو و ئاڵۆز و شێواو و ناڕوونە ناکەم کە زۆربەیان قسەی پێدەکەن.

ئەم پێوەرانە و لێوردبوونەوەیان ئایندەی هۆشیاریی و پەروەردەی کۆمەڵایەتی، کە راگەیاندن یەکێک لە کۆڵەکەکانیەتی، رووبەڕووی دژواری و لێکترازانی زیاتر دەکاتەوە، ئەگەر بەزوویی کاریان لەسەر نەکرێت و بەجدیی وەرنەگیرێن، دەبێ لە ئایندەی نزیکدا فاتحا لەسەر گۆڕی داڕوخانی بەها کۆمەڵایەتییەکان بخوێنین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن