وتار

واز لە 27 ملیارەکە و لا مەرکەزی بێنن.. بیرێ لە کۆمەڵ بکەنەوە !!

5/30/2020 12:15:00 PM 1112 جار خوێندراوەتەوە
چۆلی ئه‌سعه‌د

بە سود وەرگرتن لە ئەزموونی حوکمرانی کوردی لە بیست و هەشت ساڵی رابردوو، عەقڵیەتی حوکمرانی و پرەنسیپەکانی حزبایەتی و ئەو هەموو بێدادی و جیاکارییەی لەسایەی حوکمڕانیی حزبیدا بەسەر کۆمەڵی ئێمەدا چەسپاوە، کە حزب بڕیار بەدەست و پێوەری ژیانکردنە. دەبێ هێزە مەدەنییەکان و میدیای ئازاد (ئەگەر هەبێ) و رۆشنبیران (ئەگەر مابن) دەستەبژێری خوێندەوار و بەرپرس لە ئاست هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، مامۆستاینی زانستخواز و خاوەن فکری پێشکەوتنخواز (ئەگەر هەبن) و مامۆستایانی ئاینی خاوەن دونیابینی کراوە.. هتد، چیتر باس لە گەندەڵی و چاکسازی و ژیانێکی تر لە سایەی ئەو هێزانەی تاقیمانکردوونەتەوە و کۆمەڵی کوردستانییان ماندووکردوە و دەستەبژێرە جیاجیاکانیان کوشت بەدەم فەرامۆشکردن و نەخوێندنەوە و گوێ لێ نەگرتن، ئیتر بیر لە چاکسازی و دەستەبژێری حوکمرانی و حزبە باڵادەستەکان نەکەنەوە بەدەم هاوار و داواکاری و خەمخۆریانەوە بچن، چونکە سودی نییە، کە نەک هەر گوێیان نەگرت و حیسابیان بۆ دانگی چاکسازی و قەرەبووکردنەوەی نەهامەتییەکانی سەردەمی شۆڕشی شاخ و کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیاییباران نەکرد، بەڵکو بەردەوام قەرزارباریمان دووپاتدەکەنەوە، سەرباری گوزەرانی خراپ و ستەمی پاشەکەوت و هەڕەشەی دیسان موچەبڕین و دواخستنی وادەی موچە دابەشکردن، لەسایەی سیاسەتی نەوت فرۆشی و داتەپینی ئابووری و بێ ئومێدیی قووڵ..
•گرفت ئابووری و داهات نییە..
ئەمە ئەگەر باسەکە دۆخی ئابووری و خزمەتگوزاریی سەرەتایی و بژێوی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵ بێت، بەڵام گرفتە گەورەکە لە دارایی و ئابوریدا نییە، بەڵکو نەمان و لاوازبوونی ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیی و وەلای نیشتمانی و خۆشەویستی سروشت و ژینگە و زانست و وڵاتپارێزی و ئاڵا و خاک و هەموو شتە نیشتمانییەکانی دیکەن، ئەگەر ئەمە دروست نەبێت، ئەی بۆچی هەر تاکێکی ئەم هەرێمە بگریت چونە دەرەوەیەک و پەنابەربوون لە وڵاتێکی دەرەوە بۆ ئارامی و ژیانکردن بە ئاوات ناخوازێت..!!
•خەون ..!!
لەبەر ئەم هۆکارانە و دەیانی تر، گرفتە گەورەکە لەوەدا دەبینرێتەوە کە گریمان ئەم هێزە دەسەڵاتدارانەش بەویستی خۆیان وازیان هێنا، یان لە هەڵبژاردنێکی دوور لە ساختەکاری شکستیان هێنا و تەسلیمی ئەمری واقع بوون و دەسەڵاتیان رادەستی هێزە تازە سەرکەوتووەکان کرد، کێ دەسەڵات وەردەگرێت؟ ئایا عەقڵیەتی هێزە تازە سەرکەوتووەکان لە بەڕێوەبردن و حوکمکردندا لەمانەی ئێستا باشتر دەبێت؟ کێ گەرەنتی ئەوە دەدات کە دونیایەکی باشتر فەراهەمدەکەن..!!
نەک لەبەر ئەوەی هەموو هێزەکان هەمان دونیابینی و روئیای بەڕێوەبردن و سیاسەتکردنیان هەیە، نا، لەبەرئەوەی لە ماوەی بیست و هەشت ساڵی رابردوودا عەقڵیەتێکی پەوەردەی کۆمەڵایەتیمان بەرهەمهێناوە، کە زۆر لەوە زیاتری لێدەستەبەر نابێت کە هەیە.
•چی بکرێت؟
ئێستا دەبێ ئەو توێژ و دەستەبژێرانەی سەرەوە، رووی دەم و قەڵەم و توانایان بکەنە تاکەکانی کۆمەڵ و شەقام، پەروەردەی کۆمەڵایەتی بە ئاراستە دروستەکە، کە هۆشیاریی تاکی کۆمەڵ و بوونیادنانی عەقڵیەتی تاکە بە ئاراستەی کۆمەڵێکی خاوەن هۆشیاریی زیاتر، کە توانای بەڕێوەبردن و ژیانکردن و قبوڵکردنی یەکتر و لێبوردەیی زیاتری هەبێ و چیتر پێویست بەوە نەکات مێژوو دووبارە بکاتەوە. چونکە دەبی پێش هەر شتێک لەخۆمان بپرسین کۆمەڵی ئێمە کێیە و چۆنە، نەک پرسەکەی چییە، چونکە ئێستا بابەتی کۆمەڵی ئێمە ئەوە نیە گرفتەکەی چییە، بەڵکو کەسەکانە، کە کێن کاری تێدادەکەن و توانای بەڕێوەبردنیان چەندە. مارتن لۆسەر کینگ، توانا بەوە پێناسەدەکات کە بریتییە لە توانای بە ئامانج گەیشتن، بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری، چونکە گۆرانکاری پرسێکی دیاریکراوە، پێویستی سەرنج خستنەسەر ئامانجێکی دیاریکراوە، کەواتە پێویستدەکات ئیتر سەرنج لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵ بێت. بە کورتی با خەریکی هۆشیاریی تاک و کۆمەڵ بین زۆر زۆر باشترە لە خەریکبوون بە حزبە دەسەڵاتدارەکان و نەهامەتییەکانیان و قۆرغکارییان و گەندەڵی و پۆخڵەواتی بەڕێوەبردن و خزم خزمێنە و پشکپشکێنەیان و... 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن