656 کوردستان

هەڵسەنگاندن بۆ 100 رۆژی یه‌كه‌مى كابینه‌ى نوێ دەکرێت

06:34 - 25/08/2019

زەمەن: بەهادین یوسف

چالاکوانان‌و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەپێویستی دەزانن چاودێریی کارەکانی حکومەت بکرێت‌و هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای کارەکانی و جێبەجێکردنی کارنامەکەی بکرێت بەشێوەی خولی‌و بەتایبەتی 100 رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێدا.


رۆژی 10/7/2019 کابینەی نوێی حکومەت متمانەی وەرگرت و سەرۆکی حکومەت هێڵە گشتییەکانی کابینەکەی بۆ پەرلەمان خستەڕوو، کە بەشێکی زۆری کارنامەکە تایبەت بوو بە چاکسازیی و شەفافیەت و حوکمی رەشید.


دوای وەرگرتنی متمانە، بە پلەی یەکەم ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە بەدواداچوون بۆ کارەکانی و ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت بکات، دواتر ئەرکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنووسان و میدیایە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی بکات.


فەرمان رەشاد، سەرۆکی رێکخراوی ستۆپ بۆ دژایەتی گەندەڵی لەوبارەیەوە بۆ “زەمەن” وتی: “نەخشەڕێگایەکمان بەناوی چاکسازیی بڵاوکردەوەو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووەو کە 14 بواری دیاریکراوی تایبەت بە چاکسازیی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەگرێتەوە، کە بەشێکی زۆری لە کارنامەی حکومەتدا ئاماژەیان پێکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەمان هەیەو بە بەردەوامیی هەڵسەنگاندنی شەش مانگی بۆ کارەکانی حکومەت بکەین”.


وتیشی: “لە کابینەی نوێدا ئەو کارنامەیەی خرایەڕوو بۆ چاکسازیی لەسەرجەم بوارەکان گشتگیرتر بوو، بۆیە رێکخراوەکان دەتوانن لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنانەی سەرۆکی حکومەت لەبەردەم پەرلەمان خوێندییەوە چاودێریی کارەکان بکات، ئەوەش هەم ئەرکی پەرلەمانیش ئاسانتر دەکات و هەم ئەرکی رێکخراوەکانیش”.


ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە گرنگی دەزانێ کە رێکخراوی تایبەتمەند خۆی تەرخان بکات بۆ چاودێری  کارنامەی حکومەت و جێبەجێکردنی کە لە ماوەی 100 رۆژی یەکەمیدا چەندی جێبەجێ کردووە.


ئارام جەمال بۆ “زەمەن” وتی: “زۆر گرنگە رێکخراوەکان ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆو چاودێربن بەسەر کارەکانی حکومەتەوە کە تا چەند کارەکانیان بە باشی جێبەجێکردووە، یان لە کوێدا کەموکوڕییان هەیەو ئەرکی خۆیان بەجێنەهێناوە”.


بەپێی خاڵی پێنجەمی کارنامەی حکومەت کە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران خوێندییەوە، رایگەیاند: بە هەموو توانامانەوە، رووبەڕووی هەموو جۆرە گەندەڵییەکی دارایی و کارگێڕی دەبینەوەو رێگردەبین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەرۆیی بۆ سەر موڵک و مومتەلەکاتی هەرێم. ئەمەش لەڕێی کاراکردن و پشتیوانیکردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و داواکاری گشتییەوە.


د.سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان کە رێکخراوەکەی چاودێری کارەکانی پەرلەمان و وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا دەکات، بەپێویستی دەزانێ کاتێک حکومەت بەرنامەکەی دەخاتەڕوو، دواتر رەنگە نە حکومەت بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و نە لە بیری خەڵکیشدا دەمێنێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە چاودێری ئەو بەڵێن و کارنامەیە بکرێت کە حکومەت لەسەری دامەزراوە. 


ئاماژەی بەوەشکرد؛ کاتێک حکومەت بەڵێنەکانی جێبەجێ ناکات، دەبێ بەدواداچوون بکرێت و لێپێچینەوە بکرێت، بێگومان لێپێچینەوەی رێکخراوەکان کاری مەدەنییە، ئیجباری نییە. بە دەرخستنی بۆ رایگشتی گرنگە، حەقە کۆمەڵێک رێکخراو بێنە مەیدان و هەر رێکخراوەو چاودێری وەزارەتێک بکات و دواتر سەرجەم ئەو رێکخراوانە تۆڕێکیان هەبێ و کۆی چاودێرییەکان کۆبکرێتەوە لە راپۆرتێکی یەکگرتوودا چاودێریی کۆی کارەکانی حکومەت بخرێتەڕوو.

حکومەت دەرگاکان بکاتەوە
دوای وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان، مەسرور بارزانی لەبەردەم پەرلەمان وتی: “دەمانەوێت لە سەرەتاوە لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆمان راستگۆو شەفاف بین و واقعی دۆخەکە لەبەرچاو بگرین”.


ئارام جەمال، رەخنە لە کابینەکانی پێشووی حکومەت دەگرێت کە دەرگاکایان بەڕووی رێکخراوەکان و هاوڵاتیاندا داخستووە بۆ ئەوەی چاودێریی کارەکانیان بکەن و وتی: “رەنگە لە کابینە نوێ ئەو دەستپێشخەرییە دروست ببێ بۆ ئەوەی چاودێری کارەکانی بکرێت، دەبێ حکومەت دەستپێشخەریی بکات و ئاماژەی ئەوە بنێرێت بۆ ئەوەی بە کردەیی ئەو دەرگایە بکاتەوەو میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی رێکخراوەکان بتوانن دەستیان بە زانیارییەکان بگات”.


هەروەک فەرمان رەشاد ئەوەی خستەڕوو کە؛ مۆدێلێکی نوێیە بۆ ئەوەی رێکخراوەکان چاودێریی حکومەت بکەن، لەم کابینە نوێیەشدا ئیرادەیەکی باش هەیە پێچەوانەی کابینەکانی پێشوو کە هەوڵ دەدات کار لەگەڵ رێکخراوەکان بکات و پێدەچێ ئەو کابینەیە زیاتر بکرێتەوە لەگەڵ رێکخراوەکاندا. ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەی کارەی لەسەرەتای ئەو کابینەیە خراوەتەڕوو.


سەرۆکی رێکخراوی ستۆپ وتیشی: “پێشتر دەرگای ئەنجومەنی وەزیران و حکومەت بەسەر رێکخراوەکان داخرابوو، هەندێجار بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن وردتربێ، پێویستە بەرپرسانی حکومەت ببینی.

پێشتر یان ئامادە نەبوون یان ئامادەبوون بە نافەرمی رێکخراوەکان ببینن”.
د.سەروەر عەبدولڕەحمان، پێیوایە کە بەپێی یاسای رێکخراوە ناحکومییەکان و بەپێی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، چاودێری حکومەت لەلایەن رێکخراوەکانەوە، ئاسایی و یاساییە و دەبێ ئەو کارەبکرێت.


سەبارەت بە چاودێرینەکردنی حکومەت لەماوەی رابردوودا لەلایەن رێکخراوەکانەوە، د.سەروەر، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ شاردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن حکومەت و ناشەفافیەتی دامودەزگاکانی حکومەت و هەروەها لاوازیی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە. یان هەندێک رێکخراو رووبەڕووی هەڕەشەو تۆمەت هەڵبەستن دەبنەوە، بەشێکی زۆری ئەو رێکخراوانەش ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە حزبەوە هەیەو بەشێکی دیکەیان خۆیان لە قەرەی ئەو کێشانە نادەن، بەشێکی دیکەشیان بێتوانان لە رووی داراییەوە.


تۆڕی رێکخراوەکان بۆ چاودێری
بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان زیاتر لە 4112 رێکخراوی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆڕیی و سێکتەری جیاواز.


ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن وتی: “پێویستە رێکخراوی تایبەتمەند هەبێ چاودێری کارەکانی حکومەت بکات، رەنگە چاودێری هەموو حکومەت بە یەکەوە نەکرێ. بەڵام دەکرێ رێکخراوی تایبەتمەند چاودێری سێکتەرێکی تایبەتمەند بکات و بە چەند رێکخراوێک وێنەکە تەواو بکەن و هەڵسەنگاندن بۆ کۆی کارەکانی حکومەت بکرێت”.


د.سەروەر عەبدولڕەحمان هاوڕایە لەگەڵ ئارام جەمال و دەڵێت: کاتێک حکومەت بەڵێن و کارنامەی جێبەجێ ناکات دەبێت بەدواداچوون بکرێت و لێپێچینەوە بکرێت، بێگومان لێپێچینەوەی رێکخراوەکان کاری مەدەنییە، ئیجباری نییە، دەرخستنی بۆ رایگشتی گرنگە، حەقە کۆمەڵێک رێکخراو بێنە مەیدان و هەر رێکخراوەو چاودێریی وەزارەتێک بکات و دواتر سەرجەم ئەو رێکخراوانە تۆڕێکیان هەبێت و کۆی چاودێرییەکان کۆبکرێتەوە لە راپۆرتێکی یەکگرتوودا چاودێریی کۆی کارەکانی حکومەت بخرێتەڕوو، بۆ ئەوەی وەزارەتەکان و کۆی حکومەت هەست بکەن چاودێرێکیان بەسەرەوەیەو لەهەر کاتێکدا ئەگەر بەڵێنەکان جێبەجێ نەکات، رووبەڕووی رەخنەو لێپرسینەوەی رایگشتی دەبنەوە.

تەنیا 100 رۆژ بەس نییە
بە وتەی ئارام جەمال، تەنیا هەر 100 رۆژەکە نییە، بەڵکو یەکێک لە ئەرکەکانی سەر شانی کابینەکە ئەوەیە شەفافیەت پیشان بدات و لەڕێی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارییەوە زانیارییەکانی بدات، ئەو یاسایە لە 2013ەوە دەرچووەو چاوەڕوانی رێنماییەک دەکات و تائێستا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرنەچووە. گرنگە کابینە نوێ ئەو رێنماییە دەربکات و یاساکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوەو رەنگبداتەوە بەسەر سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا.


بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن وتیشی: “گرنگترین کاری کابینەی نوێ لەوبارەیەوە ئەوەیە یاسای مافی بەدەستهێنانی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوەو دامەزراوەکانی حکومەت پابەند بکرێن بۆ ئەوەی بانکی زانیارییان هەبێت و ئەو کارانەی کە دەیکەن روون بێت بۆ رۆژنامەنووسان و رێکخراوەکان، ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی رێکخراوەکان زانیارییان دەستبکەوێت و ئەو گومانە دەڕەوێتەوە کە رێکخراوەکان دەستیان ناگات بە سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و زانیارییەکان.

کرانەوەی کابینەی نوێ
لەبارەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوەو لە خاڵی دوازدەیەمی کارنامەی کابینەی نوێدا هاتووە: گرنگی تایبەت دەدەین بە فەراهەمکردنی پانتایی کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەی یاساداو پاڵپشتی بوارە وەرزشی و هونەری و فەرهەنگی و کلتورییەکان دەکەین لە هەرێمی کوردستان.


فەرمان رەشاد گەشبینە بەوەی کە کابینەی نوێ بیەوێت شەفافیەتی زیاتر پەیڕەو بکات و پەیوەندی باشتربێ لەگەڵ رێکخراوەکان و لەوبارەیەوە وتی: “لە سەرەتای کابینەی نوێوە داوا لە زۆر کەسی شارەزا کراوە رۆڵیان هەبێ لە دانانی بەرنامەی وەزارەتەکان و جێبەجێکردنی کارنامەکەو وەرگرتنی پێشنیاز، ئەوانە بکرێت و بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ رێکخراوەکان و کەسانی پسپۆڕ بکرێت، پشتیوانییەکی گەورە دەبێت، لەبری ئەوەی پشت بە کەسانی بیانی ببەسترێت و ملیۆنان دۆلاریان پێبدرێت، ئەمجارە ئاڕاستەکە بۆ ئەوەیە سود لە توانا ناوخۆییەکان وەربگیرێت‌و کاریان لەگەڵدا بکرێت”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن