حکوومەتی عێراق: "بڕیارەکانمان نیشتمانییە و دەستوور و بەرژەوەندیی باڵای عێراق پێوەری هەڵوێستەکانمانە"
01:16 - 25/11/2026
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی
عێراق، عەلی فالح زەیدی جەختی لە سەروەری و سەربەخۆیی بڕیارەکانی عێراق کردەوە و ڕایگەیاند،
بڕیار و ڕێکارەکانی حکوومەت لە ئیرادەی نیشتمانی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانیەوە سەرچاوە
دەگرن، نەک لە هاندان یان ئاراستەکردنی هیچ لایەنێکی دەرەکی.
نوسینگەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە
کردووە کە، کۆماری عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواو و دیموکراسیی فیدراڵییە و
ڕەوایی دامەزراوەکان و دەسەڵاتەکانی لە دەستوور و ئیرادەی گەلەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت،
هەروەها حکوومەت بە سەربەخۆیی و بەپێی یاسا و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی، بەرپرسیارێتییە
دەستوورییەکانی جێبەجێ دەکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "بڕیاری عێراقی
پرسێکی تەواو نیشتمانییە و ڕێکارەکانی حکوومەت لەناو سنوورە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکانی
عێراق، تەنها پشت بە دەسەڵاتە دەستووری و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی دەبەستن".
هەروەها جەخت کراوەتەوە، حکوومەت ڕەوایی بڕیارەکانی
لە هەڵوێست یان ئاڕاستەی هیچ دەوڵەتێک وەرناگرێت و چاوەڕێی هاندان لە هیچ لایەنێک
ناکات، بەڵکو هەنگاوەکانی بەپێی بەرژەوەندیی باڵای عێراق، مافەکانی گەل و پێداویستییەکانی
ئاسایش و سەقامگیری دیاری دەکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەڵێت: "بڕیارمان عێراقییە، ئیرادەمان نیشتمانییە، مەرجەعییەتمان
دەستوور و یاسایە و بەرژەوەندیی باڵای عێراق ئەو پێوەرەیە کە هەڵوێست و ڕێکارەکانمان
دیاری دەکات".