حکومەتی هەرێم: لەکۆی 11 ساڵ بەغدا مووچەی 8 ساڵی نەناردووە
01:15 - 28/11/2026
زەمەن_هەواڵ
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە بیست ساڵ بەسەر جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005، بەڵگە یاسایی و دارایی و سیاسییەکان دەریدەخەن کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەستووردا نەکردووە وەک مەرجەعێکی یاسایی باڵا و پابەندکەر، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەک بۆ هەڵبژاردنی بەشێکی، دواخستن، پەکخستن یانلێکدانەوە بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە. ئەم ڕێبازە لە کرداردا دەوڵەتی عێراقی بەرەو ناوەندگەرایی گێڕاوەتەوە، بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینەی هەڵوەشاندووەتەوە، و گوشارێکی بەرنامەبۆداڕێژراوی خستووەتە سەر مافە دەستوورییەکان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
دیارترین ژمارە و ئامارە خێراکان بۆ ڕۆژنامەنووسان:
ئەم ئامارانەی خوارەوە قەبارەی پێشێلکارییە دەستوورییە تۆمارکراوەکان لە ساڵی 2005 تا کۆتایی 2025 کورت دەکەنەوە:
15 ساڵ دواکەوتن: تا ئێستا «ئەنجومەنی فیدراڵی» پێک نەهێنراوە، سەرەڕای ئەوەی دەستوور ساڵی 2010ی وەک دوا وادە بۆ پێکهێنانی دیاری کردبوو.
کەمتر لە 1%: ڕێژەی نوێنەرایەتیی کورد لە دەزگا فەرمانبەرییە فیدراڵییەکاندا، بەتایبەت لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان.
لە باشترین دۆخدا 5%: ئەوپەڕی ئەو پشکەی بەکردەیی بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا تەرخان کراوە دوای کەمکردنەوە و کۆتوبەندەکان، بە بەراورد بە ڕێژەی 17%ی پێشوو.
8 ساڵ بڕینی تەواوەتی: لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2025 هەرێمی کوردستان مووچەی هەشت ساڵی بە تەواوەتی نەنێردراوە.
نزیکەی 20 ساڵ بەسەر وادەی ماددەی 140دا: دوا وادەی دەستووری بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2007 کۆتایی هاتووە بەبێ جێبەجێکردنی کردەیی.
14 یاسای فیدراڵیی جەوهەری: هێشتا بە پەکخراوی ماونەتەوە و دەرنەچوێنراون سەرەڕای دەقی ڕوونی دەستوور.
شەش تەوەرە سەرەکییەکەی پێشێلکارییە دەستوورییەکان
یەکەم: پێشێلکردنی بنەمای فیدراڵیزم و هاوبەشیی ڕاستەقینە
بەپێی ماددەی (1)، عێراقی دوای 2005 لەسەر سیستەمێکی فیدراڵیی پەرلەمانیی دیموکراسی دامەزراوە، بەڵام دەسەڵاتە فیدراڵییەکان کۆڵەکە دامەزراوەییەکانی ئەم سیستەمەیان پەکخستووە لە ڕێگەی:
پەراوێزخستنی زمانی کوردی (ماددەی 4): جێبەجێنەکردنی کردەیی یاسای زمانە فەرمییەکان ژمارە (7)ی ساڵی 2014 لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، دانیشتنەکانی پەرلەمان، دادگاکان، کۆنفرانسە فەرمییەکان و نەنووسینی لەسەر دراوی عێراقی.
تێکچوونی هاوسەنگیی سوپا و بوونی میلیشیاکان (ماددەی 9/یەکەم): نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکاندا لە پێکهێنانی سوپای عێراق، و دروستکردنی میلیشیای چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان کە بوونەتە هێزێکی هاوتەریب و خاوەن هەڵوێستی سیاسی، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی قەدەغەکردنی دەستوورییە.
نەبوونی ئەنجومەنی فیدراڵی (ماددەکانی 48، 65، 137): بەردەوامبوونی تاکڕەویی ئەنجومەنی نوێنەران لە یاساداناندا بەپێی بنەمای زۆرینە، بەبێ بوونی ئەنجومەنی دووەمی یاسادانان کە بەرژەوەندیی هەرێم و پارێزگاکان دەپارێزێت.
نادەستووریبوونی پێکهاتەی دادگای باڵای فیدراڵی (ماددەی 92): بەردەوامبوونی کارکردنی دادگاکە بە یاسایەکی پێش دەستوور بەهۆی دەرنەچوێنرانی یاسای تایبەت بە خۆی، و دەرکردنی بڕیارگەلێک کە دژ بە سیستەمی فیدراڵین.
پەکخستنی دەستە زامنکەرەکانی هاوبەشی (ماددەکانی 105، 106، 107):
پێکنەهێنانی دەستەی گشتیی زامنکردنی مافی هەرێم و پارێزگاکان سەرەڕای دەرچوونی یاساکەی لە 2014، بێدەسەڵاتکردنی دەستەی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان، و دابەزینی نوێنەرایەتیی کورد لە فەرمانبەرێتیی فیدراڵیدا بۆ کەمتر لە 1%.
بەئامانجگرتنی دەسەڵات و یاساکانی هەرێم (ماددەکانی 117، 121، 141): هەوڵدان بۆ داماڵینی هەرێم لە دەسەڵاتەکانی لە ڕێگەی یاسای ناوەندگەرا و بڕیاری دادگاوە، ڕێگریکردن لە پێکهێنانی هەر هەرێمێکی فیدراڵیی نوێ، و نەکردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی هەرێم لە زۆربەی باڵیۆزخانەکانی عێراقدا.
دووەم: پێشێلکردنی بنەمای دیموکراسی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان
ماددەی (47) بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی چەسپاندووە، بەڵام لە کرداردا دەستوەردان و پێشێلکاریی بەرفراوان ڕووی داوە:
دەستوەردانی دەسەڵاتی دادوەری: دەرکردنی بڕیاری نادەستووری کە سروشتی یاسادانان، جێبەجێکردن یان سیاسییان هەیە بۆ دوورخستنەوەی لایەنە سیاسییەکان و گۆڕینی ڕێڕەوی سیاسی. دەستدرێژیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ سەر پەرلەمان (ماددەی 61): دامەزراندنی فەرماندە باڵاکانی سوپا و پلە تایبەتەکان بەبێ ڕەزامەندیی پەرلەمان، و پشتگوێخستنی مەرجە دەستوورییەکانی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی (کە پێویستی بە ڕەزامەندیی دوو لەسەر سێی پەرلەمان هەیە).
تاکڕەوی لە بڕیاری جێبەجێکردندا (ماددەکانی 80 و 85): پیادەکردنی زۆربەیدەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن سەرۆکوەزیران و نووسینگەکەیەوە، و پەسەندنەکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران بەپێی دەستوور.
لێدان لە سەربەخۆیی دەستە سەربەخۆکان: بەستنەوەی دەستە سەربەخۆکان (وەک دەستەی دەستپاکی، بانکی ناوەندی، دیوانی چاودێریی دارایی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن) بە سەرۆکوەزیرانەوە بەپێی بڕیاری ژمارە (88)ی ساڵی 2011ی دادگای فیدراڵی کە چاودێریی پەرلەمانی لاواز کرد، لەگەڵ بەکارهێنانی سیاسییانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری (ماددەی 135).
سێیەم: خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی ماددەی (140)
ماددەی (140) دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵیی پابەند کردووە بە تەواوکردنی جێبەجێکردنی ماددەی (58)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە، بە مەبەستی سڕینەوەی ئاسەوارەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لە ڕێگەی سێ قۆناغەوە (ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، ڕاپرسی) تا دواوادەی 31ی کانوونی یەکەمی 2007. دوای نزیکەی دوو دەیە، حکومەتە فیدراڵییەکان هیچ جددیەتێکیان نیشان نەداوە و تەنیا بە هەنگاوی سادە و ڕووکەش قایل بوون، لە کاتێکدا پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافی هێشتا بەردەوامە.
چوارەم: سیاسەتی دارایی ستەمکارانە و پێشێلکارییەکانی یاسای بودجەی سێ ساڵە (2023–2025)
بەغدا سیاسەتێکی دارایی گوشارئامێزی دژی هەرێم پەیڕەو کردووە کە بڕینی بودجە (2014–2025) و نەناردنی مووچەی هەشت ساڵی مووچەخۆران لەو ماوەیەدا، گەورەکردنی «خەرجییە سیادییەکان» بۆ دەرکردنیان لە پشکی هەرێم، بێبەشکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە شایستەکانیان لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری، و دواخستنی مووچە و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە هۆکاری سیاسی لەخۆدەگرێت، کە پێچەوانەی دەستوور و بڕیاری ژمارە (224)ی ساڵی 2023ی دادگای باڵای فیدراڵییە.
لەسەر ئاستی یاسادانانیش، یاسای بودجەی گشتیی ژمارە (13)ی ساڵی 2025-2023 پێشێلکاریی دەستووریی ڕوونی تێدایە، دیارترینیان:
_هەموارکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەبێ ڕەزامەندیی حکومەت: کە پێشێلکردنی بنەمایجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە (ماددەی 47).
_جیاکاری لە زیادەی نرخی نەوتدا (ماددەی 2/یەکەم/5/ب): جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکردنی 30%ی جیاوازیی زیادەی نرخی بەرمیلێک نەوت کە بۆپارێزگاکانی دیکە دانراوە، ئەمەش پێشێلکردنی ماددەکانی (14، 112، 121)ـە.
_داهێنانی «خەرجیی کردەیی - ئینفاقی فیعلی» (ماددەی 11/دووەم): هەژمارکردنی پشکی هەرێم لەسەر بنەمای «خەرجیی کردەیی» دوای دەرکردنی خەرجییە سیادییەکان (کە یەکەم جار ساڵی 2015 خرایە ناو یاساوە)، لەبری «کۆی داهاتە کۆکراوە فیدراڵییەکان» کە ماددەی (121/سێیەم) بە ڕەهایی دەقی لەسەر داوە.
_مەرجدارکردنی پارەدارکردن و دەستوەردان لە دەسەڵاتەکان (ماددەکانی 12 و 13):
دانانی مەرجی پێشوەختە بۆ ناردنی پشکی دەستووریی هەرێم (پێشێلکردنی ماددەی 46 کە ڕێگە نادات زیان بە جەوهەری ماف بگەیەنرێت)، و پێدانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دارایی بە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی لە دەرەوەی دەسەڵاتە حەسرییەکانی لە ماددەکانی (78 و 110)دا، لەگەڵ پێشێلکردنی پێشینەیی یاسای هەرێم لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا (ماددەی 115).
پێنجەم: پەکخستنی هاوبەشی لە نەوت و گاز و گەڕانەوە بۆ یاساکانی ڕژێمی پێشوو
سەرەڕای ئەوەی ماددەکانی (111 و 112) هاوبەشییان لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکانیدا چەسپاندووە، دوای 20 ساڵ عێراق هێشتا لە بۆشاییەکی یاساییدایە بەهۆی دەرنەچوێنرانی یاسای فیدراڵیی نەوت و گازەوە. بڕیاری دادگای فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2022 بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007، قەیرانەکەی قووڵتر کردەوە لە ڕێگەی چەند دژبەیەکییەکی دەستوورییەوە:
_خستنەناوەوەی نەوت و گاز بۆ ناو دەسەڵاتە حەسرییەکانی فیدراڵی، لە کاتێکدا ماددەی (110) هیچ ئاماژەیەکی بە سامانە سروشتییەکان نەداوە و بە ڕوونی دەکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتە هاوبەشەکان و دەسەڵاتی هەرێمەکان لە ماددەکانی (112 و 115)دا.
_تێکەڵکردنی دەستەواژەی «داڕشتنی سیاسەت» (هێڵە گشتییەکان) لەگەڵ «دانانی سیاسەت»، و تێکەڵکردنی بازرگانیی ناوخۆیی نێوان هەرێم و پارێزگاکان (ماددەی 110/سێیەم) لەگەڵ بازرگانیی نێودەوڵەتیی سیادی.
_زیندووکردنەوەی یاساکانی سیستەمی ناوەندیی پێشوو، وەک یاسای ڕێکخستنی وەزارەتی نەوت ژمارە (101)ی ساڵی 1979 و یاسای سامانی هایدرۆکاربۆنی ژمارە (84)ی ساڵی 1985 بە پشتبەستن بە ماددەی (130)، لەگەڵ پشتگوێخستنی ماددەی (13) کە دەستوور بە باڵاترین یاسا دادەنێت و هەر دەقێکی یاسایی پێچەوانەی دەستوور بە پووچەڵ هەژمار دەکات.
شەشەم: بۆشایی یاسادانان و پەکخستنی یاسا فیدراڵییەکان لە کاتێکدا دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بەپەلە یاسای ناوەندگەرایان دەرکردووە، لانی کەم 14 یاسای دەستووریی گرنگ بە پەکخراوی ماونەتەوە: ماددەی دەستووری یاسا پەکخراوەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی پەکخستنەکە ماددەی 12 یاسای ئاڵا، دروشم و سروودی نیشتمانی بەردەوامبوونی بەکارهێنانی ئاڵای ڕژێمی پێشوو بە گۆڕانکارییەکی کەمەوە و بێ نوێنەرایەتیی کورد و پێکهاتەکانی تر.
ماددەی 18 کاراکردنی پێدانی ڕەگەزنامە لە ڕێگەی دایکی عێراقییەوە کەمکردنەوەی ڕاستەوخۆی مافەکانی ژنی عێراقی.
ماددەکانی 21، 22، 24 یاساکانی پەنابەرێتی، سەندیکا، جووڵەی کار و خاوەندارێتی نەبوونی گەرەنتیی یاسایی بۆ مافە ئابوورییەکان و قەدەغەکردنی خاوەندارێتی بۆ مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی. ماددەی 61/نۆیەم یاسای باری نائاسایی و جەنگ ڕاگەیاندن و درێژکردنەوەی باری نائاسایی لە دەرەوەی چاودێریی یاسادانان.
ماددەکانی 65 و 92 یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و دادگای باڵای فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی هاوسەنگیی فیدراڵی و نەبوونی
دادگایەکی دەستووری کە بەپێی دەستووری 2005 پێکهاتبێت.
ماددەکانی 84 و 86 یاسای دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و یاسای وەزارەتەکان پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تێکچوونی پەیوەندیی کارگێڕی لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکان.
ماددەی 93/شەشەم یاسای یەکلاکردنەوەی تۆمەتەکانی سەر سەرۆکایەتییەکان پەکخستنی ڕێڕەوی دادپەروەری و لێپرسینەوەی دەستووری.
ماددەکانی 112، 113، 114 یاساکانی نەوت و گاز، شوێنەوار و بەڕێوەبردنی گومرگ بۆشایی یاسایی، پشێویی گومرگی و قووڵکردنەوەی ناکۆکییە دارایی و کارگێڕییەکان.
ماددەکانی 123 و 124 یاسای پێدانی دەسەڵاتەکان و دۆخی پایتەخت (بەغدا) دەستدرێژیی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بۆ سەر پارێزگاکان و نەبوونی چوارچێوەی یاسایی بۆ پایتەخت.
ئەم ڕاستییانە کۆکن لەسەر ئەوەی کە قەیرانی نێوان هەولێر و بەغدا ناکۆکییەکی تەکنیکی یان ژمێریاریی تێپەڕ نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی پەکخستنی سیستەمێکی دەستووریی تەواوە کە لە ساڵی 2005 بە ڕاپرسیی گەل پەسەند کرا بۆ زامنکردنی یەکێتیی عێراق لە ڕێگەی هاوبەشی و هاوسەنگیی فیدراڵییەوە. لەگەڵ بەردەوامبوونی دوورخستنەوەی دامەزراوە زامنکەرەکان و بەسیاسیکردنی شایستە داراییەکان، پابەندبوونی ورد بە ڕۆح و دەقی دەستوور تاکە دەروازەیە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە دەوڵەت و
دامەزراوەکانی و بەدیهێنانی سەقامگیریی هەمیشەیی.