ئێران و ئەمریكاو عومان رێككەوتنێكی كاتی بۆ ماوەی 60 رۆژ نزیكبونەتەوە بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز
11:41 - 05/08/2026
زەمەن -هەواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"
لە راپۆرتێكدا دەڵێت، ئەمریکا و ئێران و عومان لە رێککەوتنێکی کاتی نزیکبوونەتەوە
بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، ئەوەش بەوتەی دوو سەرچاوەی هەرێمی و بەرپرسێکی ئەمریکی،
كە ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئەمریکا ئامانجی ئەوەیە رۆژی چوارشەممە رێککەوتنەکە
رابگەیەنێت.
ئەم رێککەوتنە کە ماوەی چەند هەفتەیەکە
دانوستانی لەبارەوە دەكرێت، ئامانجی دەستپێكردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکاو ئێران
و دانوستانەکانە لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، رێککەوتنە بەشێک لە
داواکارییەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز
دابین دەكات، کە پێش شەڕەکە نەیبووە.
بەگوێرەی دوو سەرچاوەی هەرێمی، ئەو رێککەوتننامەیەی
گفتوگۆی لەسەرە، رێککەوتنێکی کاتی لە نێوان عومان و ئێران لە گەرووی هورمز بۆ ماوەی
60 رۆژ، کە دەتوانرێت درێژ بکرێتەوە.
سەرجەم ئەو کەشتیانەی کە لە ڕێگەی گەرووەکەوە
دەچنە کەنداو، رێگای باکور دەگرنەبەر بە ئاوەکانی ئێراندا.
ئەو کەشتیانەشی لە گەرووەکە بەرەو دەریای
عەرەبی دەڕۆن، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران، رێگای باشور دەگرنەبەر بە ئاوەکانی
عوماندا، لە ماوەی 60 رۆژەکەدا هیچ رسومات و باجێک وەرناگیرێت.
لایەنەکان کار دەکەن بۆ پاککردنەوەی رێڕەوی
ناوەندی گەرووەكە لە مینە دەریاییەکان لە ماوەی 30 رۆژدا، دوای پاککردنەوەی رێڕەوی
ناوەندی، بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنێکی هەمیشەیی کە لە نێوان عومان و ئێران
دانوستانی لەسەر دەکرێت، بۆ کەشتیوانی هاتوو و رۆیشتوو بەکاردەهێنرێت.
بەپێی سەرچاوە هەرێمییەکان، جگە لە
دانوستانەکانی نێوان عومان و ئێران، بەرپرسانی قەتەر، پاکستان و سعودیەش لە هەوڵەکانی
نێوەندگیریدا بەشدار بوون.
سەرچاوە هەرێمییەکان باسیان لەوە کردووە،
کۆشکی سپی چالاکانە بەشداری دانوستانەکانی کردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین
پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ترەمپ و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی
ئێران و بەدر بوسەیدی وەزیری دەرەوەی عومان ئەنجادراوە.
بەوتەی دوو سەرچاوەی هەرێمی، عراقچی لە
کۆتایی هەفتەدا رەزامەندی سەرەتایی خۆی دەربڕیوە، بەڵام هێشتا پێویستی بە رەزامەندی
موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی هەیە.
بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی هەرێمی
رایانگەیاندووە، سەرکردایەتی ئێران رۆژی سێشەممە رێوشوێنەكانی رەزامەندی تەواوكردووە.