16 کوردستان

سروە عەبدولواحید: چارەسەرکردنی پیسبوونی چەمی تانجەرۆ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دیجلە و فورات دەبێت

04:33 - 29/07/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 سروە عەبدولواحید ڕایگەیاند: لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئامادەکاری کراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی پاککردنەوەی چەمی تانجەرۆ.

 ئەمرۆ چوارشەممە، ٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٦، سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق، لە میانی سەردانێکیدا بۆ سنووری تانجەرۆ لە سلێمانی، ئاشکرایکرد، لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئامادەکاری کراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی پاککردنەوەی چەمی تانجەرۆ و ئەم هەنگاوە بنەمایەکە بۆ بنبڕکردنی پیسبوونی ئاوی سیروان، دەربەندیخان و ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی چەمی تانجەرۆوە ئاماژەی بەوەدا، سەردانی چەمەکەی کردووە و چەند هەنگاوێکی کرداری دەگیرێنەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژینگەی تانجەرۆ و پاکبوونەوەی ئاوەکەی.

وتیشی: بە چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی ئاوی تانجەرۆ، کێشەی پیسبوونی ئاوی سیروان و دەربەندیخانیش بنبڕ دەکرێت.

سروە عەبدولواحید باسی لەوەشکرد، لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی ئامادەکاری کراوە و دوو کۆمپانیا ڕاسپێردراون بۆ پاککردنەوەی پیسبوونی چەمی تانجەرۆ و ئەوان تەمویلی پڕۆژەکە دەکەن و سبەی لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کۆدەبنەوە.

وەزیری ژینگەی عێراق، ڕاشیگەیاند: لەبارەی ڕێڕەوی پاشەڕۆکانەوە باسی لەوە کرد، لایان گرنگە چەمی تانجەرۆ پاک بێتەوە و کار بۆ پاککردنەوەی پاشەڕۆی سەر چەمەکە لە تانجەرۆوە تاوەکو دیالە دەکەن، چونکە ئەو پاشەڕۆیانە دەچنە ناو ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات.

لەبارەی میکانیزمی پاککردنەوەکەوە وتی: هەنگاوە کردارییەکانی پاککردنەوەی چەمەکە، دانانی دوو بۆ سێ وێستگە یاخود یەکەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس دەبێت، و "حکومەتی عێراق جدییە لە چارەسەرکردنی کێشەی چەمەکە و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند بێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن