13 کوردستان

بژاردەکانی ترەمپ بەرامبەر ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبن

04:51 - 27/07/2026

‌زەمەن - هەواڵ

تۆڕی سی ئێن ئێن ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران لەبەردەم دووڕیانێکی سەختدایە و بژاردەکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبن؛ بژاردەی جەنگی وشکانیش مەترسییەکی گەورە و ناپەسەندە بۆ سەر واشنتۆن.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تەمووزی 2026، تۆڕی هەواڵ  CNNـی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم دووڕیانێکی سەختدایە سەبارەت بە ئێران و هەموو جارێک کە دەگاتە ئەم خاڵە، بژاردەکانی بەردەمی تەسکتر دەبنەوە و تێچووی هەر بڕیارێکیشی گرانتر دەکەوێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاندووە، دوای 13 شەو لە هێرشی بەردەوام، بۆ ماوەی 3 شەوە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئێران ڕاگرتووە.

واشنتۆن دەڵێت ئەمە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیپلۆماسییە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریداوە کە هێزەکانیان بۆ هەر پەرەسەندنێکی نوێ لەوپەڕی ئامادەییدان.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ڕێگەی عومانەوە، بەڵام تاران هێشتا لە داواکارییە سەرەکییەکەی کە کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمزە پاشەکشەی نەکردووە.

لەمبارەیەشەوە ئیسماعیل باقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە: تاران هەرگیز ڕێگە نادات ئەمریکا کاتی جەنگ و ئاشتی بۆ دیاری بکات.

CNN ئاشکرای دەکات کە ترەمپ ئێستا لە دۆخێکی قورسدایە هێرشە ئاسمانییەکان نەیانتوانی ئێران ناچار بە سازش بکەن، زیادکردنی فشارەکانیش لە ڕێگەی هێزی وشکانییەوە مەترسییەکی گەورەیە و ئەگەری کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمریکای لێدەکەوێتەوە، ئەوەش لە جەنگێکدا کە لە بنەڕەتدا لای خەڵکی ئەمریکا جەنگێکی ناپەسەندە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن