سعودیە و ئەمریكا 52 كەسیان لەعێراق كوشت و برینداركرد
04:46 - 29/07/2026
زەمەن_هەواڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و سعودییە هێرشێکی بەرفروانیان کردە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و لە ئەنجامدا ٢٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠ کە بریندارن.
ئەمڕۆ جوارشەممە، ٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٦، دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هێرشە هاوبەشەکانی سعودییە و ئەمریکا، بۆسەر بارەگاکانیان لە عێراق ٢٠ کوژراو و ٣٢ بریندار هەیە و وەزارەتی بەرگریی سعودیەش دەڵێت: هێرشەکان وەڵامێک بوون بۆ ئەو هێرشانەی لە رۆژانی رابردوودا کرانە سەر دامەزراوەکانی نەوت لە وڵاتەکەی.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەستەی حەشدی شەعبی، هێرشە ئاسمانییەکان بارەگاکانی حەشدی شەعبیان لە پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە، کەرکووک، کەربەلا، سەلاحەدین و دیالە گرتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، زۆرترین کوژراو لە دەشتی نەینەوا تۆمارکراوە، کە تێیدا 10 چەکداری لیوای 30ی شەبەکی حەشدی شەعبی (سەر بە رێکخراوی بەدر) کوژراون. دیارترین ئەو گروپانەیش کراونەتە ئامانج بریتین لە رێکخراوی بەدر، کەتائیبی حیزبوڵڵا و کەتائیبی ئیمام عەلی.
وەزارەتی بەرگریی سعودیە دەڵێ، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ ئەو "دەستدرێژییانە"ی لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکانیان لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و ریازی پایتەخت.
هاوکات، تورکی مالیکی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانمان هێرشی جۆرییان کردە سەر چەند ئامانجێکی میلیشیا تیرۆریستییەکان لەنێو خاکی عێراق."
هاوکات، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ سعودیە هێرشی وردیان کردووەتە سەر ئەو گرووپانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و ئەمە وەڵامێکی تووند بوو بۆ زیاتر لە ٣٠ هێرشی درۆنی کە لە ٧٢ کاتژمێری رابردوودا لە لایەن سوپای پاسدارانەوە کرابوون."
بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی دا ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدات.