ئەم هێرش و پەلاماردانەی سەر یەكێتی بۆچی!
7/29/2026 2:30:00 PM
بەهرۆز گەڵاڵی
بەدرێژایی مێژوو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشدا بوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئیراندا، یەكێتی لەرابردوودا باجی زۆری راگرتنی ئەو هاوسەنگییەی داوە، لای وابووە پاراستنی ئارامی سنورەكانی لەگەڵ ئیران، كلیلی چارەسەری هەموو كێشەكانە بەكێشەی كوردانی رۆژهەڵاتیشەوە، ئەمە ئەركێكی ئاسان نەبووە و پێویستی بەحیكمەتی مامی هەمیشە زیندوەوە هەبوە.
بەداخەوە ئەمرۆ خەریکە بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکاو ئیران کە هیچ رۆڵیكی یەکێتی و کوردی تیانیە ،گەلی کورد ببیتە قوربانی و كوردستان بكرێتە شوێنی یەكلاكردنەوەی كیشەكان، بەتایبەتیش ماوەیەکە زۆر بە ناڕەوا بارەگاو شوێنە گرنگەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کراونەتە ئامانج و زۆر بە ناهەق و ناڕەوا پەلامار دەدرێین. من وەك دپلۆماتكارێك كەسەردەمانێك نوێنەری مام و یەكێتی بووم لە كۆماری ئیسلامی بە توندی ئەم هیرشانە ئیدانە دەکەم و بەغەدرێكی گەورەی دەبینم كە لە یەكێتی و كورد دەكریت، هەرچەندە ئەم پەلامارانە ئەو دەنگۆیانەی هەموو رەتكردەوە كە یەكێتی خۆی رادەستی وڵاتێكی هەرێمایەتی كردبێت و قسەی نەیارانی چەند ساڵەیانی بەدرۆ خستەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هێرشانە بەزەنگێكی مەترسیدار دەبینم و داوا لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەم بەپەلە هەوڵی جدی بدات بۆ چارەسەرو ئەم هێرش و پەلامارانە، ئاشكرایە دروستبوونی ئاڵۆزی ئەمنیەتی سنورەكان دەباتە دۆخێكی نەخوازراوەوە و ئەوەش لەقازانجی هیچ لایەك نییە. گرنگە لەم دۆخەدا وەفدێکی خاوەن بڕیارو شارەزا سەردانی تاران بكەن بۆ گفتوگۆی ورد تارێبگرن لە زیاتر تەشە نەکردنی ئەم بارو دۆخە خراپە.