276 کوردستان

سزای (العزل) چییە؟.. وردەکاریی سزادانی د.عەبدولـلەتیف

01:31 - 01/07/2026

زەمەن - هەواڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تەموزی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری لەسەر دۆسیەکەی د. عەبدولـلەتیف دا  و دەڵێت، "بڕیارماندا بە پێدانی سزای عزل بەسەر د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد".


سزای (العزل) چییە؟

د. رێبوار محەممەد، شارەزای یاسا و مامۆستای زانکۆی گەرمیان، لەبارەی ئەو سزاوە قسەی وتی: " فەرمانە وەزارییەکە پشتی بە مادەی (4/ بڕگەی 8 و 9) لە یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14)ی ساڵی 1991ی هەموارکراو بەستووە، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی بە وەزیر دراوە.

سزای (العزل) دوورخستنەوەی یەکجاری، کە بەسەر (د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد)دا سەپێندراوە، بەپێی مادەی یاسایی ئاماژەپێکراو (مادەی 8/ بڕگەی 8) بەم شێوازە دەبێت:

1. دوورخستنەوە لە کار: فەرمانبەرەکە بە تەواوی لە کارەکەی (کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی) لادەدرێت و پێگەی وەک مامۆستای زانکۆ نامێنێت.

2. قەدەغەی دامەزراندنەوە: کەسی سزادراو بەم مادەیە، بۆ هەمیشە (یاخود بۆ ماوەیەکی درێژی یاسایی بەپێی جۆری سەرپێچییەکە) مافی دامەزراندنەوەی لە هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی حکومیدا نابێت.

د. عەبدولـلەتیف دەتوانێ خانەنشین ببێ؟

د. رێبوار محەممەد وتی: هەر فەرمانبەرێک عەزل بکرێ، ناتوانێ پلەی وەزیفی وەربگرێتەوە، بەڵام بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، دەکرێ خانەنشین ببێ، ئەویش بە دوو مەرج:

یەکەم: تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بێ
دووەم: خزمەتی لە 20 ساڵ زیاتر بێ

د. عەبدولـلەتیف بە چی تۆمەتبار کراوە؟

تۆمەتەکانی سەر د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد لەلایەن چەند خوێندکارانی کۆلێژەکەی خۆیەوە بووە لە زانکۆی سلێمانی، کە دەڵێن، لە رێگەی مۆبایلەوە "وێنەی نەشیاوی بۆ ناردوون و قسەی نەشیاوی" لەگەڵدا کردوون.

بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش د.عەبدوللـەتیف ئەحمەد هەموو تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێ.
 
پێناسەی (العزل) لە یاسای سزاکانی عێراق:

یاسای ئینزیباتی (بەرزەفتی) فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە 14ی ساڵی 1991

بریتییە لە دوورخستنەوەی فەرمانبەر لە وەزیفەکەی بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بۆی نییە جارێکی دیکە لە فەرمانگەکانی دەوڵەت و کەرتی گشتیدا دابمەزرێتەوە. ئەم بڕیارە دەبێت بە بڕیارێکی پاساودار (بەڵگەدار) لەلایەن وەزیرەوە دەربچێت.

ئەو هۆکارانەی وا دەکات فەرمانبەر  "عەزل" بکرێت

- ئەگەر سەلمێنرا فەرمانبەرەکە کارێکی ئەوەندە مەترسیداری کردووە کە مانەوەی لە خزمەتی دەوڵەتدا زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی دەگەیێنێت.
- ئەگەر فەرمانبەرەکە لەلایەن دادگەوە حوکمدرا بەهۆی تاوانێکی گەورە کە پەیوەندی بە وەزیفەکەیەوە هەبێت، یان ئەو تاوانەی بە سیفەتی فەرمی (وەک فەرمانبەر) ئەنجامی دابێت.
- ئەگەر فەرمانبەرەکە پێشتر سزای دەرکردنی (الفصل) بۆ دەرچووبێت و پاشان دابمەزرێتەوە، بەڵام دووبارە کارێک تاوانێک بکاتەوە کە سزای دەرکردنی بۆ دەربکرێت، ئەو کاتە بە یەکجاری "عەزل" دەکرێت.


ناوەرۆكی كەیسەكە:

دوای ئەوەی زنجیرەیەک تۆماری دەنگی و تێکست لەنێوان کچێک و پیاوێک دا بڵاوکرانەوە و وا ناسێندران کە دەنگ و نووسینی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد بن. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگەکانیش، باس لە بوونی چەند کچێکی دیکە لە دۆسیەکەدا کرا، زانکۆی سلێمانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنا.

ژمارەیەک لە خوێندکارانی کچی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان باسیان لەوە دەکرد، ئەو مامۆستا ئایینییە لە رێگەی ژمارەی تەلەفۆنی خۆیەوە هەراسانی کردوون، داوای وێنەی لێکردوون و "وێنەی نەشیاو"ی بۆ ناردوون. هەر بۆیە سکاڵای زۆریان لەسەر د.عەبدوللەتیف تۆمارکرد.

د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، جیا لەوەی مامۆستای زانکۆیە، وەک رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان دەناسرێت. بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییانە کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە جیاوازەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، بەڵام ناوبراو هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە "بووختانە" و دەنگی ئەو نییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن