بەپەلە.. ئەمریکا بە شوێنە مەترسیدارەکەیەوە نا
03:24 - 09/07/2026
زەمەن_هەواڵ
میسیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر چهند ناوچهیهك لە ئێران کە دەکەونە نزیک وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بوشەهر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٩ی تەمووزی ٢٠٢٦، میدیاکانی ئێران لە زاری وتەبێژی دەسەڵاتدارانی خۆجێییەوە ڕایانگەیاند: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چەندین دامەزراوە لە پارێزگای بوشەهر، لەوانەش لە نزیک وێستگەی وزەی ئەتۆمی، کەوتونەتە بەر هێرش، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر ئەنجام و پاشهاتەکانی ئەو لێدانانە بخرێتەڕو.
میدیاکانی ئێران پێشتر جەختیان لەوە کردبوەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوە لەو پارێزگایە بیستراوە، هەر ئەمڕۆش فەرماندەیی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، سوپای ئەمریکا زنجیرەیەکی دیکە لە هێرشی بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە و نزیکەی 90 ئامانجی سەربازیی پێکاوە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکەی ئەمریکادا، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە بەحرەین و کوهیت کردوەتە ئامانج.
وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر "یەکەمین دامەزراوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی ئەتۆمی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" دەکەوێتە 17 کیلۆمەتریی باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری بوشەهر، لەسەر کەناری کەنداوی عەرەبی، دامەزراوەکە لەسەر روبەری نزیکەی 2.5 کیلۆمەتر چوارگۆشە دروستکراوە.
ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئێران ئهمڕۆ پێنجشەممە هێرشی نوێیان گۆڕییەوە کە بوەهۆی کوژرانی چەند کەسێک لە کۆماری ئیسلامی، ئەوەش تەنها چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رێبەری باڵای کۆچکردو عەلی خامنەیی لە شاری مەشهەدی لەدایکبونی خۆی.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئهمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاندبو، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە لە ماوەی دو ڕۆژی ڕابردودا، لانیکەم 14 کەس کوژراون و 78 کەسی دیکەش برینداربون.
حسێن کرمانپور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتەکە لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕونی کردەوە، "لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاگربەستدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ٥ پارێزگای ئێرانی کردووەتە ئامانج."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانە تا ئێستا بونەتە هۆی کوژرانی 14 کەس و برینداربونی 78 کەسی دیکە، کە هێشتا 47 کەسیان لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەر وەردەگرن.
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە هات کە هێرشکرایە سەر سێ کەشتیی بازرگانی لە گەروی هورمز، واشنتن ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو کارەدا بوە، لە کاتێکدا تاران بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕانەگەیاندبوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پلاتفۆڕمی "تروس سۆشیاڵ" نوسیویەتی، "ئەمە وەڵامێکە بۆ بۆردومانکردنی کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە، ئەگەر دوبارە ببێتەوە، دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت".
تڕەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئێر فۆرس وەن" ڕایگەیاند، ئێرانییەکان بۆ بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێک پەیوەندییان بە واشنتنەوە کردووە، "ئێمە بە توندی لێمان دان. کاتێکیش ئەوان هێرشیان کرد، ئێمە بە توندیتر وەڵاممان دانەوە".