10 کوردستان

بەپەلە.. پڕۆژەی ناردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە

02:53 - 23/07/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 جەمال کۆچەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایکرد، فراکسیۆنی یەکگرتوو پڕۆژەیەکی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی عێراق بەنزینی ٤٥٠ دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٦،  جەمال کۆچەر، ڕایگەیاند: پڕۆژەی ناردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری عێراق بەو شێوەیە داڕێژراوە کە حکومەتی عێراق خۆی بەرپرسیارێتی گواستنەوەی بەنزینەکە بگرێتە ئەستۆ و لە ڕێگەی ژمارەیەک بەنزینخانەی دیاریکراوەوە دابەشی بکات. بە وتەی ئەو، ئامانج ئەوەیە بەنزینەکە بە شۆفێرانی تاکسی، پاس و هاووڵاتیانی شایستە بگات.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڕە بەنزینە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نابێت و جیاوازە لەو ٥٠ هەزار بەرمیلە نەوتەی کە هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆی بەکاری دەهێنێت.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، جەمال کۆچەر وتوویەتی گفتوگۆیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە و بە گوێرەی وتەکانی، وەزارەت ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری دەربڕیوە. بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پێویستی بە ڕەزامەندیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، هەیە.

هاوکات،  بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەن بۆ باسکردن و وەرگرتنی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پڕۆژەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن