38 کوردستان

سێ بەرپرس له‌ بازگەی دارەمان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکران

11:12 - 03/07/2026

زه‌مه‌ن - هه‌واڵ

لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەستەی دەستپاکی و دەزگای هەواڵگریدا، سێ بەرپرسی بازگەی دارەمان لە کەرکووک لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر کران.

بە پشتبەستن بە زانیاریی پێشوەختە و ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن ئەو کەسانەی بەرتیلەکەیان داوە، دەستەی دەستپاکیی کەرکووک بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی کەرکووکی دەزگای هەواڵگریی عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێکدا سێ کەسیان دەستگیر کرد کە پلەی بەرپرسیارێتییان لە بازگەی گومرگی دارەمان هەیە.

دەستەی دەستپاکی ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو کەسانە چاوپۆشییان لەو بارهەڵگرانە کردووە کە کاڵایان بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەگواستەوە؛ لە بری ئەوەی پسوولەی گومرگییان بۆ بکەن و گومرگی فەرمی وەرگرن، بڕێکی دیاریکراو پارەیان لە شۆفێران وەرگرتووە و ڕێگەیان پێ داون تێپەڕن.

لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا، لەسەر هەمان بابەت شەش کەسی دیکە لە بازگەی چیمەن دەستگیر کراون. هاوکات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس لە فەرمانگەی تەندروستیی حەویجە دەرچووە کە تاوەکو ئێستا دوانیان دەستگیر کراون.

ئەم دەستگیرکردنانە بەشێکن لەو هەڵمەتە توند و بەرفراوانەی حکومەتی فیدراڵی کە چەند ڕۆژێکە بۆ ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی تێوەگلاوانی گەندەڵی دەستی پێکردووە و لەنێو دەستگیرکراوەکانیشدا بەرپرسانی باڵا بەدی دەکرێن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن