10 جیهان

بەپەلە.. ئەمریکا هۆشداریدا؛ جارێ نەیەن بۆ ئێرە مەترسیدارە

02:14 - 29/07/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، ئاگاداری هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکاتەوە کە لە ئیستادا عێراق لە ئاستی چوارەمی مەترسییەکاندایە و سەردانی نەکەن.

 ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٦، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات،  کە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و ناوچەکە، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر سەلامەتیی گشتی دروست دەکەن، ئەمەش وایکردووە عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەدا بمێنێتەوە کە گەشتکردن بۆیان قەدەغەیە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە دەکات کە ئێستا لە ناو خاکی عێراقدان، لەوپەڕی وریاییدا بن. داوایان لێکراوە بەردەوام چاودێریی میدیا ناوخۆییەکان بکەن و بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکانی دەسەڵاتدارە ئەمنییەکان بن بۆ پاراستنی گیانیان لە هەر پێشهاتێکی کتوپڕ.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، عێراق هێشتا لەژێر هۆشداریی گەشتکردنی ئاستی 4ـدایە، کە بە واتای "گەشت مەکەن" دێت. ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای مەترسییەکانی تیرۆر، ڕفاندن، ململانێی چەکداری و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆ دراوە. هەروەها باڵیۆزخانە ئاماژەی بەوە کردووە کە توانای حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان بە هاووڵاتییانی لە ناوخۆی عێراقدا زۆر سنووردارە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لە ئەگەری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان یان داخستنی کایەی ئاسمانیی عێراق بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی و ئەگەری پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان لە کات و ساتێکی نادیاردا.

ئەم هۆشدارییە نوێیەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە زنجیرەیەک بۆردومانی چڕیان کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە چەندین پارێزگای جیاوازی عێراق، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە درۆنییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن