هەگبەی زەیدی لەئەنکەرە !
7/29/2026 1:42:00 PM
د.بەختیار شاوەیس
دوای گەرانەوەی لە ( واشنتن و تاران ) بریارە لەکاتژمێرەکانی داهاتوو سەرۆک وەزیرانی عیراق عەلی فالح زەیدی بگاتە ئەنکەرە و لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان کۆببێتەوە.
هەگبەی ئەمجارەی زەیدی کەخۆی لەسێکتەرەکانی ئەمنی ، ئاو ، وزە و ئابووری دەبینێتەوە قوڵایی ستراتیژی بۆ بەغداد و ئەنکەرە هەیە ، هەروەک لەرووی زەمەن و کاتی سەردانەکە ، هەروەها لەروانگەی هەستیاری دۆخی تێکچنراوی ناوچەکەوە، هەموو ئەمانە ئەو پێدراوەن کە سەرۆک وەزیرانەکە گەنجەکە دەیەوێت بیکاتە بەردەبازێک بۆئەوەی کەعیراق لەدەوڵەتێکی کارتێکراوی ناکۆکیە ئیقلیمیەکان بکاتە دەوڵەتی راگرتنی هاوسەنگی نێوان هێزە رکابەر و دژبەیەکەکان.
ئەوەی کەچانسی ئەم تێروانینە بەهێز دەکات هاوکێشەی ( تۆم، زەیدان ، زەیدی یە ) واتە ئەو رێکەوتنە جێنتڵمانیەی کە تۆم باراک باڵوێزی ئەمریکا لەتورکیا و نوێنەری تایبەتی ترەمپ لەسوریا و عیراق لەگەڵ فایەق زەیدان حاکمە شەبەحەکەی پشتپەردەی ئێستای عێراق بۆ دانانی عەلی زەیدی کردیان. وە باراک یش بەو پێیەی کەبەدۆستی تورکەکان دادەنرێ و پەیوەندیەکی قوڵی لەگەڵ ئەردۆگان هەیە ئیتر دەتوانین بەسادەیی لەوە بگەین کە هەگبەی ئەم سەردانەی زەیدی دەتوانێت هەندێک لە ئامانج بپێکێت کەپێشتر خەونی پێوە بینراوە.
لەئاستە ئەمنیەکەدا، ساڵانێکە سوپای تورکیا لەناو خاکی عیراق پەلیکێشاوە بەمەبەستی ریشەکێشکردنی تیرۆر ( وەک خۆی دەڵێت) ، وە هەبوونی پارتی کرێکارانی تورکیا لەسنوری هەردولا بەمەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی دەبینێت. عیراقیش ئەم بونەی تورکیا بەجۆرێک لەپێشێلکردنی سەروەری خاکەکەی لێک دەداتەوە. واتە تورکیا کێشەی ئەمنی و عیراق کێشەی سیادی ماندووی کردوون، کەگەوهەری سەردانی سەرۆک وەزیران ئەگەر بۆ عیراقیەکان گەرانەوەی سەروەری بێت ئەوا بۆ تورکەکان گرەنتیکردنی ئەمنی قەومی دەنوێنێت.
هەر بۆیە سەرەرای کزو لاوازی لەپرۆسەکە و بەردەوامیەکی رێژەیی لەپرۆسەی چارەسەری دیموکراسی وەک ئەلتەرناتیڤی چارەی کێشەی کورد لەباکوور ، بەڵام ئەم سەردانە و ئەو پێشهاتە نوێیانەی کەدوای جەنگی ئەمریکا و ئیران هاتونەتە ئاراوە بونەتە پێداویستی حەتمی هەردوو وڵات بۆ پرکردنەوەی کەلێنە ئەمنیەکان.
لەلایەکی دیکەوە ، هاوتەریب بەکرانەوەی ناوخۆیی تورکیا، لەناوخۆی عیراقیش گۆرانکاری دراماتیکی درک پێدەکرێ کە قوڵایی ئەم گۆرانکاریانە وابەستەی بەرەو پێشچوونی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیایە
( پێدانی پارێزگاری کەرکوک بەتورکمان ، سەردانی ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای میت بۆ دەباشان ، دیداری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ) هەموو ئەمانە لەماوەی کورتی سێ مانگی رابردوو دەبنە نمونە و خاڵی کرانەوە و پێشکەوتنی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتیی و تورکیا .
بەستنەوەی پێشهاتە نوێیەکەی کەلەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد بەوەی کەیەکێتیی یاریزانێکی کاریگەری ساحەی سیاسی عیراقە و هەروەها پەیوەندیەکی مێژوویی بەپارتی کرێکاران و دۆزی کورد لەباکور دەیبەستێتەوە ، دواجار دەکرێ ببێتە یارمەتیدەری بەدیهێنانی مەغزای ئەجێنداکە لەئاستە ئەمنیەکەیدا.
لەسەرێکی دیکەوە، دۆسیەی ئاو و وزە بایەخی تایبەتی دەبێت لەئەجێندای سەردانەکەی زەیدی، چونکە هەوڵ دەدات رێگری لەوشک بوونی سەرچاوەکانی ئاو بەتایبەتی لەسەر هەردوو رووباری دیجلە و فورات کەبەقەیرانی موزمینی عیراق دادەنرێت، بکات.کە ئەمەش چاوەرێ دەکرێت کاریگەریەکەی لەئایندەدا لەسەر هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ رەنگ بداتەوە.
هەرچی پەیوەندی بە وزەوە هەیە، رێکەوتنی رێگەی گەشە لەنێوان ئەنکەرە و بەغداد لەکۆتاییەکانیدایە. بەهۆی جەنگ و لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز ئاستی هەناردەی نەوتی عیراق گورزی گەورەی بەرکەوتوە و داهاتی ئەم وڵاتە مەترسی جدی لەسەر دروستبوە. هەربۆیە سەرلەنوێ دارشتنەوەی بەندەکانی رێکەوتنی گەشە سەقامگیری ئابووری و هەناردەکردنی نەوت بۆ هەردوولا و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست دابین دەکات.