ترەمپ: پردو وێستگەکانی کارەبای ئێران خاپوور دەکەین
12:10 - 15/07/2026
زەمەن - هەواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026 دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز) رایگەیاند، گوشارە سەربازییەکان
بۆ سەر ئێران چڕتر دەکەنەوە، تاوەکو ناچاری بکەن بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندن. ترەمپ
گوتی، "ئێمە هەموو شتێکمان لە کەناراوەکانیان پێکاوە. تەنیا رێگەش بۆ مامەڵەکردن
لەگەڵ ئەو کەسانە، بەکارهێنانی هێزە."
هەڕەشەی لێدانی ژێرخان
ترەمپ دەڵێ، بۆردوومانەکان قۆناخ بە قۆناخ
تووندتر دەبن، "ئێستا زۆر بە تووندی لێیان دەدەین، بەڵام هەفتەی داهاتوو دۆخەکە
بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت؛ چونکە نۆرەی وێستگەکانی کارەبا و پردەکان دێت. هەموو وێستگەکانی
کارەبا و پردەکانیان تێکدەشکێنین، مەگەر ئەوەی بێنە سەر مێزی دانوستاندن و رێککەوتن
بکەن."
سەبارەت بە دوورگەی (خارگ) کە ناوەندی سەرەکیی
نەوتی ئێرانە، ترەمپ گوتی، تاوەکو ئێستا دوو بۆ سێ جار لێیان داوە، بەڵام فەرمانی
داوە "دەست لە نەوتەکە نەدەن،" تاوەکو زیان بە ئابووریی جیهان نەگات. بەڵام
هۆشداریی دا، ئەگەر پێویست بکات، ئۆپەراسیۆنی زەوینی دەکەن و دوورگەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن.
سەرۆکی ئەمریکا باسی وردەکاریی چاودێریکردنی بەرنامە
ئەتۆمییەکەی ئێرانی کرد، ئاماژەی بە بنکەیەکی نوێ بەناوی (پیکئاکس) کرد و گوتی،
"ئێمە لە رێگەی هێزى بۆشایی ئاسمانەوە کامێرایەکمان هەیە دەتوانێت سەر باجی فەرمانبەرەکان
لە بۆشایی ئاسمانەوە بخوێنێتەوە. ئەگەر بچووکترین جووڵە لەو ناوچەیە بکەن، دەستبەجێ
زۆر بە تووندی لێیان دەدەین."
بنکەیەکى نوێی ئەتۆمی
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ باسی بنکەیەکی
نوێی ئەتۆمی بە ناوی (پیکئاکس) کرد و رایگەیاند، کەس لەبارەی ئەم بنکەیە نازانێت،
بەڵام ئەمریکا بە وردی چاودێریی دەکات. لە وەڵامی ئەو گومانانەی دەڵێن بۆمبەکانی ئەمریکا
ناتوانن بگەنە قووڵایی چیاکان بۆ تێکشکاندنی، گوتی، "ئەوان دەتوانن بچنە قووڵاییەکەی؛
ئێمە شتی باشمان لەبەردەستە."
ترەمپ ئاشکرای کرد، تەنیا کاژێرێک پێش هەڤپەیڤینەکە،
نوێنەرەکانی پەیامێکی تووندی ئەویان گەیاندووەتە بەرپرسانی ئێران، "پەیامەکە
ئەوە بوو؛ باشترە رێکبکەون، ئەگەرنا کەستان نامێنن. ئێمە زۆر وریای پاراستنی خەڵکی
سڤیلین، بەڵام پێمان گوتوون یان رێککەوتن یان هیچتان بۆ نامێنێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە رەخنەی لە رێککەوتنەکەی
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا گرت و بە "پارچە کاخەزێکی بێبایەخ"
وەسفی کرد کە رێگەی بۆ ئێران خۆش کردبوو ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. "رێگەیان
نادەین چەکی ئەتۆمییان هەبێت، ئەمە لە هەموو شتێک گرنگترە.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی هێرشەکان
تاوەکو کەی بەردەوام دەبن، گوتی: " بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی من دەڵێم
بەسە."
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دێن کە فەرماندەیی ناوەندیی
هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە کاژێر 16:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە
بە کاتی واشنتن، گەمارۆی دەریایی بۆ سەر هەموو بەندەرەکانی ئێران دەستیپێکردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی (سێنتکۆم)، زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکە لەم ئۆپەراسیۆنەدا
بەشدارن و پێگە سەربازییەکانی ئێران لە شارەکانی بەندەر عەباس و سیریک بۆردوومان دەکرێن.لە
بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران وەک تۆڵەیەک بۆ بۆردوومانەکانی ئەمریکا، بە
مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کوێت و
بەحرێن.
جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوبات دەستیپێکرد،
دوای هەڵوەشانەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی 17ی حوزەیران چووەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە.
ناکۆکیی سەرەکی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمزە، کە رۆژانە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا
تێدەپەڕێت. داخرانی ئەم رێڕەوە ئاوییە و پەرەسەندنی شەڕ، بازاڕەکانی وزەی تووشی شۆک
کردووە و رۆژانە 10 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی جیهان دەگەیێنێت.