بەپەلە.. هەفتەی داهاتوو گەرمای تاقەت پڕووکێن دەگاتە لووتکە
05:21 - 16/07/2026
زەمەن_هەواڵ
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند: لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەگاتە لوتکە و پلەکانی گەرما لە باشووری عێراق ٥٠ پلەی سیلیزی تێپەڕێنن.
ئەمڕۆ پینجشەممە، ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٦، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی هۆشداری لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما دا و ئاشکرایکرد، کاریگەریی ئەو بارستە هەوا گەرمەی لە هەینیی ڕابردووەوە ڕووی لە ناوچەکە کردووە، لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان (١ بۆ ٢) پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەولێر (شەمامک، گوێڕ، و خەبات)، هەروەها تەواوی سنووری کەرکوک و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، کاریگەریی گەرماکە لەچاو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت لەو ناوچانە بەرزترین پلەکانی گەرما لە ژێر سێبەردا لە نێوان (٤٦ بۆ ٤٨) پلەی سیلیزی تۆمار بکرێت.
سەبارەت بە ناوچەکانی خوارووی عێراق، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردەوە کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی داهاتوودا چەقی گەرماکە دەبێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی نائاسایی بەرز دەبنەوە. بە جۆرێک لە پارێزگاکانی بەسرە، عیمارە، و ناسریە دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، لە ژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆریشدا نزیک دەبێتەوە لە 60 پلەی سیلیزی.