66 عیراق

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق تۆڕێکی مەترسیداریان دەستگیرکردووە

04:48 - 19/07/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانیان لە پارێزگای دیالە تۆڕێکی قاچاخچێتی دراویان لە نێوان بەغداد و سلێمانی هەڵوەشاندووەتەوە کە لە ڕێگەی کارتی (ماستەرکارد)ەوە مامەڵەیان کردووە.

 ئەمرۆ یەکشەممە، ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٦، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند: بەسەر زیاتر لە یەک ملیار دیناردا گرتووە و چەندین تۆڕی قاچاخچێتی دراو و ساختەکارییان لە ژمارەیەک پارێزگای وڵاتەکە هەڵوەشاندووەتەوە و لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی بەردەوامی مەیدانی، مەفرەزەکانیان لە پارێزگای دیالە تۆڕێکی قاچاخچێتی دراویان لە نێوان بەغداد و سلێمانی هەڵوەشاندووەتەوە کە لە ڕێگەی کارتی (ماستەرکارد)ەوە مامەڵەیان کردووە، هەروەها دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە ئامێرێکی (POS) و چەندین کارتیان پێبووە و بۆ قاچاخچێتییەکە ئامادەکرابوون.

هاوکات، دەشڵیت؛  لە کەرکوک تۆڕێکی شەش کەسی هەڵوەشێندراوەتەوە کە (251) کارتی ماستەرکارد و (252) سیمی پەیوەندیکردنیان پێبووە و بۆ قاچاخچێتی دراوی بیانی بۆ دەرەوەی وڵات بەکاریانهێناوە. هاوکات، لە نەینەوا کەسێک دەستگیرکراوە کە (100) هەزار دۆلاری ساختەی پێبووە. لە بەغدادیش، تۆمەتبارێکی داواکراو بەپێی ماددەی (456) دەستگیرکراوە کە بڕێکی زۆر پارەی پێبووە، پێکهاتووە لە زیاتر لە یەک ملیار و (324) ملیۆن دیناری عێراقی و (256) هەزار دۆلاری ئەمریکی.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پارێزگای بەسرە زنجیرەیەک پرۆسەی فێڵکردنی ڕێکخراویان پووچەڵکردووەتەوە کە لە ڕێگەی دروستکردنی پەیجی ساختە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بانگەشەیان بۆ فرۆشتنی (دۆلاری سڕکراو) کردووە بە نرخی هەرزان، بەڵام لە کاتی مامەڵەکەدا دۆلاری ساختەیان داوە بە قوربانییەکان. لەم ئۆپەراسیۆنەشدا چوار تۆمەتبار دەستگیرکراون و بڕی نزیکەی (10) هەزار دۆلاری ساختەیان پێ گیراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرجەم تۆمەتباران و ئەو بڕە پارە و کەرەستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەریان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن