11 کوردستان

سلێمانی- خۆڕاگریی و کۆڵنەدانی ژنێک کە نەیھێشت نەخۆشی شێرپەنجە لە کار و داھێنان دووریبخاتەوە

02:39 - 23/07/2026

زەمەن:-

 

ڕەمزیە ئەحمەد، چیرۆکی خۆڕاگریی و کۆڵنەدانی ژنێکە. ئەو نەیھێشت نەخۆشی شێرپەنجە و تاڵیی ژیان لە خولیای کار و داھێنان دووریبخاتەوە، بەڵکو بە دەستڕەنگینی خۆی خانووە فۆلکلۆرییەکان و دیمەنی ژیانی کوردەواریی لە پارچە دارە وشکەکاندا زیندوو دەکاتەوە و لە ھەمانکاتدا بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات.

ڕەمزیە ئەحمەد، لەدایکبووی ١٩٦٧ی پارێزگای سلێمانییە و وەک خۆی دەڵێت سەرەتای ئەم پیشەیەی بۆ ساڵی ١٩٩٣ دەگەڕێتەوە، کاتێک عێڕاق لە ژێر گەمارۆیەکی توندی ئابوورییدا بوو. لەو سەردەمەدا وەک ھاوکارێکی ھاوسەرە دارتاشەکەی، لە پاشماوەی دارەکان کەلوپەلی جوانی ناوماڵی دروست دەکرد بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەیان دابین بکەن، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ گۆڕانکارییەکی تاڵ لە ژیانییدا ڕوویدا، بەھۆی ئەوەی خۆی و ھاوسەرەکەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن و دوای نۆ مانگ ھاوسەرەکەی بەھۆیەوە گیان لەدەست دەدات و ئەمەش بۆ ئەو ژنە سەرەتای دەستپێکی ژیانێکی پڕ لە ململانێ دەبێت.

دوای ئەم بارودۆخە، تەندروستی ڕەمزیە خراپتر دەبێت و ھەندێک لە خزمەکانی تەنانەت کفنیشی بۆ ئامادە دەکەن و چاوەڕێی مردنی دەکەن، بەڵام ئەو کۆڵ نادات و بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە ھەڵدەستێتەوە و دەست دەکاتەوە بە کارکردن و تا ئێستاش بەردەوامە.

ئەو دۆستی سرووشتە و تەنها ئەو دارانە بەکاردەهێنێت کە وشک بوون یان لە کاتی بڕینەوەی درەختەکاندا فڕێدراون و بە وردەکارییەکی سەرنجڕاکێشەوە ڕۆحێکی هونەری دەخاتە بەر پارچە دارە بێدەنگەکان و خانووە بچووکەکانی بە ڕووناکی و دیمەنی ڕەسەن دەڕازێنێتەوە.

ڕەمزیە ئەحمەد، ئێستا لە دوکانێکی بچووکی گەڕەکی تاڤگە لە سلێمانی، بەرهەمەکانی خۆی دەفرۆشێت و لە ڕێگەی ئۆنلاین و فیستیڤاڵەکانەوە کارەکانی بە خەڵک دەناسێنێت و، بڕوای وایە مرۆڤ نابێت لە ئاست کێشەکاندا بێدەنگ بێت و دەست بۆ کەس پان بکاتەوە.

ئەو لەبارەی دەستپێکی کارەکەیەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە هاوسەرگیرییم کردووە و لە ساڵی ١٩٩٣یەوە، لە ساڵی ١٩٩٣وە دەستم بەم کارە کردووە. لەو کاتەوەی هاوسەرەکەم کاری دارتاشی دەکرد، منیش لە پاشماوەی دارەکانی ئەو، سێتی جوانی ناوماڵم دروست دەکرد بۆ ئەوەی لەو قەیرانە داراییەی ئەو سەردەمە بتوانم بژێوی خۆمان دابین بکەین".

ڕه‌مزیه‌ باسی لە قۆناغی دواتر کرد و گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٧ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووم، دوای چوار مانگ هاوسەرەکەشم تووشبوو، ئه‌و پاش نۆ مانگ بەهۆیەوە کۆچی دواییکرد. ئەگەرچی زۆر هیلاک بووم، بەڵام وازم لە کارەکەم نەهێنا، کاتێک تەندروسیتیم باشتر دەبوو ئەوا دەچوومەوە سەر کارەکەم چونکە کارکردنەکە جۆرێکە لە یارمەتییدان بۆ ئەوەی نەخۆشییەکەم لەبیر بچێتەوە، ئەوەتا چارەسەر و دەرمانەکان لەبەر دەستمدایە بەڵام هەمیشە خەمی ئەوەم هەیە بیرم بچێت و لەکاتی خۆیدا نەیانخۆم بە هۆی ئەوەی زۆر قوڵ دەبمەوە لەناو کارەکەمدا، گرنگیش بە چارەسەر دەدەم، ئەمەش فەزڵی خوای گەورەیە سوپاس بۆ خودا کە یارمەتیم دەدات بتوانم ئەم کارانە بکەم".
ڕەمزیە ئەحمەد گوتیشی: "هاوسەرەکەشم هەمیشە هانی دەدام و دەیگوت واز مەهێنە، چونکە ئەم کارەت زۆر خۆشدەوێت. خۆشەویستی هاوسەرەکەم زیاتر هاندەرە بۆ ئیشەکانم، جاری وا هەبووە نەخۆشییەکەم ئەوەندە تینی بۆ هێناوم، خزمەکان کفنیان بۆ ئامادە کردووم، بەڵام ئەمە فەزڵی خودای گەورەیە کە بەو شێوەیە خۆڕاگرم".

[1/31] ڕەمزیە ئەحمەد، چیرۆکی خۆڕاگریی و کۆڵنەدانی ژنێکە. ئەو نەیھێشت نەخۆشی شێرپەنجە و تاڵیی ژیان لە خولیای کار و داھێنان دووریبخاتەوە، بەڵکو بە دەستڕەنگینی خۆی خانووە فۆلکلۆرییەکان و دیمەنی ژیانی کوردەواریی لە پارچە دارە وشکەکاندا زیندوو دەکاتەوە و لە ھەمانکاتدا بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات. ڕەمزیە ئەحمەد، لەدایکبووی ١٩٦٧ی پارێزگای سلێمانییە و وەک خۆی دەڵێت سەرەتای ئەم پیشەیەی بۆ ساڵی ١٩٩٣ دەگەڕێتەوە، کاتێک عێڕاق لە ژێر گەمارۆیەکی توندی ئابوورییدا بوو. لەو سەردەمەدا وەک ھاوکارێکی ھاوسەرە دارتاشەکەی، لە پاشماوەی دارەکان کەلوپەلی جوانی ناوماڵی دروست دەکرد بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەیان دابین بکەن، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ گۆڕانکارییەکی تاڵ لە ژیانییدا ڕوویدا، بەھۆی ئەوەی خۆی و ھاوسەرەکەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن و دوای نۆ مانگ ھاوسەرەکەی بەھۆیەوە گیان لەدەست دەدات و ئەمەش بۆ ئەو ژنە سەرەتای دەستپێکی ژیانێکی پڕ لە ململانێ دەبێت.



سه‌باره‌ت به‌ پیشه‌كه‌ی و ئه‌و دارانه‌ی له‌ كاره‌كانیدا به‌كاریانده‌هێنێت، ڕه‌مزیه‌ گوتی: "من دار نابڕمەوە، ئەو دارانەی کە هەڵیاندەپاچین بریتییە لە زیادەی درەختەکان کە فڕێیان دەدەن، یان لە دەشتودەر فڕێدراون و دەیانهێنمەوە، لێرە تابلۆی جوانیان لێ دروست دەکەم. حەزم بە ژینگەیە و نامەوێت دارێک ببڕم کە ژیان و سەوزایی تێدایە".

ڕەمزیە ئەحمەد گوتیشی: "پەیامم ئەوەیە کاری دەستی مرۆڤ زۆر باشترە لەوەی دەست بۆ کەس پان بکەیتەوە. هەر لە منداڵییەوە خولیای ئیشی دەستیم هه‌بوو. بەمنداڵی تەنوری قوڕم دروست دەکرد. منداڵی ئێستا زۆر بە مۆبایلەوە خەریکن، بەڵام ئیش و پیشە و کارە دەستییەکان مێشکیان کراوەتر دەکات".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن