36وتار

تەمەنى چل!.

7/23/2026 1:53:00 PM
د.پێشەوا مامۆستا مەلا عومەر

چواردە ساڵ بەر له ئەمڕۆ،ساڵی ٢٠١٢دا، کاتێک ڕۆمانی (چل ڕێساکەی عیشق) ى ئەلەف شەفەقم دەخوێندەوە، لەگەڵ شەمس تەبرێزی، مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی، ئێلا روبنشتاین و عەزیز زاهارا ژیام. بەڵام ئەوەی زۆرترین کاریگەری لەسەرم جێهێشت، تەنها بەسەرهاتی ڕۆمانەکە نەبوو؛ بەڵکو ئەفسوونی گەیشتن بوو بە قۆناغێکی نوێی ژیان.

لەو کاتەدا تازە تەمەنم لە ٢٦ بەهاردا بوو. کاتێک دەمخوێندەوە کە مرۆڤ لە قۆناغێکی دیاریکراودا دەگاتە لووتکەی کەماڵ و هۆشیارییەکی باڵاتر، خەیاڵم هەمیشە لای ئەو ڕۆژە بوو. لە ناخی خۆمدا دەکەوتمە پرسیار: کاتێک بگەمە ئەو تەمەنە، چۆن دەبم؟ ئەمڕۆ… ئەو ڕۆژە بەڵێنپێدراوەیە. مەعریفەت زیاتر لە هەر کاتێک دڵنیای کردم کە تەمەن بە ژمارەی ساڵەکان ناپێورێت، بەڵکو بەو ئەزموون و هۆشیارییەی دەپێورێت کە مرۆڤ پێدا تێپەڕیوە.

هەمیشە ئەم پەرەگرافەم لە کتێبەکە زۆر خۆشدەویست؛ هەر کاتێک بیرم لە هەڵکشانی تەمەن دەکردەوە، لەبری خەم، هێز و ئومێدێکی زۆری بە ڕۆحم دەبەخشی: «تەمەنی چل ساڵی بۆ پیاوان و ژنان وەک یەک جوانترین تەمەنە. لە جیهانبینیی سۆفیگەریدا، ژمارەی چل هێمای پاکبوونی ڕۆح و هەڵکشانە لە ئاستێکەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر. کاتێک تووشی خەم دەبین، چل ڕۆژ ماتەم دەگرین. مناڵێک دوای هاتنی بۆ ئەم دنیایە، چل ڕۆژی پێویستە تا بۆ ژیانی سەرزەوی ئامادە بێت. کاتێک عاشق دەبین، دەبێت چل ڕۆژ چاوەڕێ بکەین تا لە ڕاستگۆیی هەستەکانمان دڵنیا ببین. تۆفانی نووح چل ڕۆژ بەردەوام بوو. لە ئیسلامدا چل پلەی سۆفیگەری هەیە. لە وشیاریدا چوار قۆناغی بنەڕەتی هەیە کە هەریەکەیان دە پلەی هەیە و کۆیان دەبێتە چل. مەسیح چل شەو و چل ڕۆژ لە چۆڵەوانیدا بە تەنهـایی مایەوە، محەمەد ﷺ لە تەمەنی چل ساڵیدا بارگرانیی پەیامی ئاسمانی وەرگرت، بوودا چل ڕۆژ لە ژێر دارەکەی لە ڕاماندا بوو… جگە لە چل ڕێساکەی شەمس. لە تەمەنی چل ساڵیدا، ئەرکێکی نوێ و ژیانێکی نوێ دەستپێدەکات. گەیشتوویتە ژمارەیەکی پیرۆز؛ ژمارەیەک کە لە هەموو ژمارەکان زیاتر مزگێنی و فەڕی تێدایە. پیرۆزە… نەکەی خەم داگیرت بکات لەبەر ئەوەی ساڵێک گەورەتر بوویت. نە هێزی چرچولۆچیی دەمەوچاو و نە سپێتیی سەر، توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزی چلدا نییە.»

لە قورئانی پیرۆزیشدا بڵندتر لە هەموو دەنگێک هاتوە: ﴿حَتَّىٰ إِذَا بَلَغَ أَشُدَّهُ وَبَلَغَ أَرْبَعِينَ سَنَةً قَالَ رَبِّ أَوْزِعْنِي أَنْ أَشْكُرَ نِعْمَتَكَ…﴾؛ ئەمە تەمەنی حیکمەت، بەرپرسیاریەتی و پێگەیشتنی ڕوحییە.

٤٠ ساڵی تەمەن دەستپێکی پیری نییە؛ بەڵکو دەستپێکی جوانترین قۆناغی ژیانە. لە چل ساڵیدا، مرۆڤ ئارامتر دەبێت؛ دەزانێت کێ شایەنی دڵییەتی و کام ڕێگەش شایەنی ئەوە نییە تەمەنی تێدا بەهەدەر بدات. فێر دەبێت کە ئارامیی ناخ لە هەموو سه‌ركەوتنە کاتییەکان مەزنترە. لە دوای چل ساڵییەوە، مرۆڤ ئیتر بەدوای کەسدا ڕاناکات، بەڵکو بە هەنگاوی جێگیرەوە بەرەو ناخی خۆی، بەرەو ئارامیی ڕۆحی و بەرەو ئەو شتانە دەڕوات کە لە ڕاستیدا لە خۆی دەچن. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە عەقڵ تێیدا دەگاتە کەماڵ، دەنگەدەنگی ژیان تێیدا هێور دەبێتەوە و مرۆڤ بەهێزتر دەبێت… چونکە ژیانی وەک خۆی ناسیوە، نەک وەک ئەوەی جاران خەیاڵی بۆ دەکرد.

ژیان پێش ئەم قۆناغە وەک ڕەشنووسی کتێبێکە؛ بەڵام لەمڕۆوە نووسینەوەی دەقی سەرەکی و جەوهەریی دەستپێدەکات. کارل یونگ پێیوایە مرۆڤ پێش ئەم تەمەنە بەدوای ناسینەوەی خۆیدا دەگەڕێت، بەڵام ژیانی ڕاستەقینە دوای ئەوە دەست پێ دەکات.

ڕەنگە گرنگترین وانەی ئەم قۆناغە ئەوە بێت کە ژیان ئیتر قۆناغی کۆکردنەوە و زیادکردن نییە، بەڵکو قۆناغی تەجرید و لابردنە؛ لابردنی بیرۆکە کۆنەکان، باوەڕە نادروستەکان و ئەو بارە قورسانەی ڕابردوو کە شایەنی هەڵگرتن نین. چونکە بۆ ئەوەی گەشتی بەردەوامبوونت بە ئارامی درێژە بکێشێت، پێویستە بە بارێکی سووکەوە ڕێگەکە تەی بکەیت.

ئەمڕۆ تەنها ڕۆژی لەدایکبوونم نییە؛ ڕۆژی چوونەناوەوەیە بۆ ئەو قۆناغەی هەمیشە چاوەڕێی بووم. سوپاس بۆ یەزدانی مەزن کە گەیاندمی بەم لووتکەیە. لە ناخەوە داواکارم ئەوەی لە تەمەنم ماوە،بەرهەمدارتر و  پرشنگدارتر بێت لەوەی تێپەڕی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن