بەپەلە..پارتی دەڵێ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئامادەین
12:47 - 23/07/2026
زەمەن - هەواڵ
ئەندامێكی مەکتەبی
سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان دوای
نزیکەی دوو ساڵ لە ھەڵبژاردن ھیچ پاساوێکی سیاسی و یاسایی ھەڵناگرێ و ئاماژەی بەوەش
کرد کە پارتی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.
د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی، جەختیشی لەوە
کردەوە کە ئەو ھێز و لایەنانەی کورسیی پەرلەمانیان ھەیە و ڕێگرن یان ئامادە نین پەرلەمان
کارا بێتەوە، بەرپرسیارێتیی یاسایی، سیاسی و مێژوویی لە ئەستۆ دەگرن.
ناوبراو
ڕوونیشی کردەوە، "وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە،
ئەوەی لە ئەستۆمان بووبێت لە گفتوگۆی نزیکەی ۲۰ مانگی ڕابردوو، نەرمیی نواندن، ئیمزاکردنی
ڕێککەوتنی سیاسی، ئاڵوگۆڕی پەیام، سەردان و دیالۆگ ئەنجاممان داوە. لە ڕابردوودا و
ئێستاش ئامادەین بۆ بەشداری لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا.