48 کوردستان

پلەی یەکەمیان لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێنا

02:43 - 22/07/2026

زەمەن – هەواڵ

دوو خوێندكاری کوردی کەرکووک لە خوێندنی کوردی و عەرەبی، پلەی یەکەمیان لەسەر ئاستی عێراق بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی بەدەست هێنا.

نیڤارو كۆژین، دوو قوتابیی کورد لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی 12ـی ئامادەیی لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵ ئەنجامێکی بێوێنەیان تۆمار کرد و هەردووکیان بە کۆنمرەی 100 پلەی یەکەمیان وەرگرت.

یەکێک لە قوتابییەکان ناوی نیڤار بەختیار عادلە، خوێندکاری ئامادەیی شیرینە بۆ خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک و توانیویەتی ببێتە یەکەمی سەر ئاستی عێراق.

لە هەمان کاتدا، قوتابییەکی دیکەی کورد بە ناوی کۆژین مەعروف عەبدوڵڵا، لە ئامادەیی بەیدا لە خوێندنی عەرەبی، بە هەمان شێوە کۆنمرەی 100ـی بەدەست هێناوە و بووەتە یەکەمی سەر ئاستی خوێندنی عەرەبی لە عێراق.

لە بەرانبەر ئەم دەستکەوتەدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و پیرۆزبایی لە نیڤار بەختیار کرد. وەزیری پەروەردە خۆشحاڵیی خۆی بەم ئەنجامە دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواست.

هەروەها لە پەیامەکەیدا ئالان حەمە سەعید، پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوێندکارانی دەرچووی خوێندنی کوردی و عەرەبی لە کەرکووک کرد و دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی خۆی گەیاندە بەڕێوەبەر و سەرجەم مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی خوێندنی کوردی لەو شارە، لە پای ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە داویانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن